زووم..
نوێنەرایەتیی هەدەپە رایگەیاند، ئاسایشی هەولێر بارەگاکەیانی لە هەولێر داخستووە، نوێنەرەکانی دەرکردووە و پێیان گوتوون، کاری ئەوان لە هەولێر تەواو بووە.
نوێنەرایەتییەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ماوەی پێنج ساڵە لە هەولێر هیچ كێشەیەكیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكردووە و هۆکاری دوورخستنەوەیان نازانن.
نوێنەرایەتیی هەدەپە دەشڵێت، ئاسایشی هەولێر بانگی كردوون و دواتر بە دوو ئۆتۆمبیل لە سماقوڵی و دێگەڵەوە رەوانەی سنووری سلێمانی کردوون.
نوێنەرایەتییەکەی هەدەپە گوتیشی، دەرکردنی ئەوان لە هەولێر هاوکاتە لەگەڵ لابردنی سێ سەرۆکشارەوانیی باکوری کوردستان و دانانی قەیووم لە جێگەیان.
دووشەممەی رابردوو حکومەتی تورکیا هەریەکە لە ئەحمەد تورک، سەرۆکشارەوانی مێردین، گوڵستان سۆنۆک سەرۆکشارەوانی ئیلێهـ (باتمان) و محەمەد قەرەیلان سەرۆکشارەوانی خەلفەتی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و قەیوومی لەجێگەیان دانا.