زووم:
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەواڵی ئازادکردنی وریا غەفوری ئەستێرەی کوردی تۆپی پێی ئێران رەتدەکاتەوە و ئاشکراشیدەکات، تاوەکو ئێستا کاپتن وریا لە زیندانی ئەوین دەستبەسەرە.
بەشێک لە میدیاکانی ئێران و دواتریش سۆشیالمیدیای کوردی، بڵاویانکردەوە وریا غەفوری تەنها چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکراوە و بەزوویی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئازادکراوە، بەڵام رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، ئەوە راست نییە.
هەنگاو، زانیاریی دەستکەوتووە، کاپتن وریا پاش دەستگیرکردنی لە ئەهواز، بە فڕۆکە گوازراوەتەوە بۆ تاران و ئێستا لە زیندانی ئەوین دەستبەسەرە.
https://mobile.twitter.com/HengawO/status/1596614058543042560
کەسوکاری وریا غەفوری، بە رێکخراوی هەنگاویان گوتووە، بەرپرسانی زیندانی ئەوین رێگەیان نەداوە کوڕەکەیان ببینن، مافی ئەوەشیان نەبووە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بکەن.
وریا غەفوری، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران و یاریزانی یانەی فولاد خوزستان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (24ی تشرینی دووەمی 2022) لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە ئەهواز دەستگیرکرا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن هۆکاری دەستگیرکردنەکەی پەیوەندیی بە هەڵوێستەکانیەوە هەیە، وریا غەفوری پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستگیرکردنی وریادا دەستیان بەسەر مۆبایلی خۆی و هاوسەرەکەشیدا گرتووە.
وریا غەفوری یاری بۆ یانە گەورەکانی وەکو نەفتی تاران و سیپاهان کردووە و کاپتنی یانەی ئیستیقلالی تاران بووە
وریا غەفوری، تەمەن 35 ساڵ، یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە ئێران و کوردستان، یاری بۆ یانە گەورەکانی وەکو نەفتی تاران و سیپاهان کردووە و کاپتنی یانەی ئیستیقلالی تاران بووە، کە یەکێکە لە بەهێزترین یانەکانی ئێران.
وریا بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە ساڵی 2014 لەلایەن کارلۆس کیرۆشی پورتوگالییەوە بانگێشتی ریزی هەڵبژاردەی ئێران کرا، هەمان ساڵ بە درێسی ئێرانەوە بەشداریی لە یەکەم یاریی نێودەوڵەتیدا کردووە.