زووم..
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە برایان هوک، نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران پێدەچێت سەرۆکی تیمی گواستنەوە بێت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەی نوێی ترەمپ، دەشڵێت دەیانەوێت سیاسەتی گۆشەگیری دژی ئێران پەیڕەو بکەن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن، برایان هوک رایگەیاند کە ئامانجی ترەمپ بریتی دەبێت لە گۆشەگیرکردنی ئێران و لاوازکردنی ئابوورییەکەی بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت پارەی گروپە بە وەکالەتەکانی وەک حوسییەکان، حەماس، حزبوڵا، حەشدی شەعبی، و جیهادی ئیسلامی فەلەستین دابین بکات لەبەرئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە و هاوبەشەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل تێکدەدەن.
برایان هوک لە درێژەدا ئاشکرای کرد: ئامانجی ترەمپ گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی نییە، چونکە خەڵکی ئێران دەبێ خۆیان بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن.
ناوبراو گوتیشی: دەبێ رێگری لە توندڕەوی و هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بکرێت.