زووم، ئاژانسەکان:
پۆلیسی ئیتاڵیا رایگەیاند، ئەمساڵ 95 ژن لە ئیتاڵیا کوژراون، نزیکەی نیوەی ئەو ژنانە لەلایەن هاوسەر یاخود خۆشەویستەکانیانەوە کۆتایی بە ژیانیان هێنراوە.
ئامارەکانی پۆلیسی ئیتاڵیا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکراوەتەوە
ئامارەکەی پۆلیسی ئیتاڵیا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکراوەتەوە، ناو و وردەکاریی کوژرانی 95 ژنی تێدایە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 7ی تشرینی دووەم کوژراون.
دۆسیەی کوشتنەکان جیاوازن، یەکێک لەوانە کوشتنی ژنێکی 27 ساڵە بەناوی کارۆل، کە لەلایەن خۆشەویستەکەی پێشوویەوە بەچەقۆ کوژراوە و دواتر تەرمەکەی پارچە پارچە کردووە و لە چیایەکەوە فڕێیداوەتە خوارەوە.
ئەلیزابێتای تەمەن 40 ساڵ یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکان، کە دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە “10 جار چەقۆی لێدراوە” گیانی لەدەستداوە. سیلڤانا تەمەن 74 ساڵیش لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە دار لێیدراوە تاوەکو ئەوکاتەی گیانیلەدەستداوە.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، رایگەیاند، حکومەتەکەی پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری و “تاعونی ترسناکی ژنکوژی.”
I dati che riguardano le violenze sulle donne continuano a rappresentare un dramma nazionale. Come Governo intendiamo incentrare il nostro impegno su tre pilastri d’azione: prevenzione, protezione e certezza della pena.
👉 https://t.co/Y301nqpwOv#25novembre pic.twitter.com/360kNuVnlJ
— Giorgia Meloni (@GiorgiaMeloni) November 25, 2022
مێلۆنی لە بەیاننامەیەکدا کە لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشداوە، “ئێمە قەرزاری ئەو قوربانییە زۆرانەین” کە لە وڵاتەکەماندا هەن.
لە 31.5%ی ژنانی ئیتاڵیا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی جەستەیی یاخود سێکسی بوونەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی دامەزراوەی ئاماری ئیتاڵیا (ISTAT) لە 31.5%ی ژنان تووشی جۆرێک لە توندوتیژی جەستەیی یاخود سێکسی بوونەتەوە و 5.4%یش بوونەتە قوربانی جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی وەک دەستدرێژی سێکسی راستەقینە.
ئەم ئامارانەی ئیتاڵیا دوای ئەوە دێن، کە جیهان لە کاتی پەتای کۆرۆنادا روبەڕوی چەندین قەیرانی توندوتیژی خێزانی بووەوە.
لەدەستدانی کار، بێهەڵوێستی حکومەت، دواکەوتنی کەیسی دادگاکان و چەندین هۆکاری دیکە بوونە هۆی ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆرۆنا بە “پەتای سێبەری توندوتیژی دژی ژنان و کچان” ناوببات.
ساڵی رابردوو 45 هەزار ژن لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، ساڵی رابردوو 45 هەزار ژن لە سەرانسەری جیهاندا لەلایەن هاوبەشەکانیان یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیانەوە کوژراون. واتە لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە پێنج ژن یان کچ لە لایەن کەسێک لە خێزانەکەی خۆیانەوە کوژراون.
لە سەرانسەری ئەوروپادا، زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵانی رابردوودا توڕەیی چالاک و رێکخراوەکانی لێکەوتووەتەوە.
لە یۆنان لە ساڵی 2021دا 17 ژن کوژراون
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتیی متمانەی مافی یەکسان ERT، لە یۆنان لە ساڵی 2021دا 17 ژن کوژراون.
لە تشرینی دووەمی 2021، دوای ئەوەی ژنێکی تەمەن 48 ساڵ لە شاری سالۆنیکی یۆنان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە 23 چەقۆی لێدرا، گیانی لەدەستدا. ئەلێکسیس سیپراس سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە: “نابێت ناکۆکی سیاسی لەنێوانماندا دروستبێت کاتێک ئێمە رۆژانە بە شێوەیەکی دراماتیکی شایەتحاڵی کاریگەرییەکانی توندوتیژی جێندەرین.”
چالاکوانانی بەریتانیا دەڵێن کەلتووری ژنکوژی لەناو پۆلیسدا سەریهەڵداوە
لە بەریتانیا، دوای رفاندن و کوشتنی سارا ئێڤێردی تەمەن 33 ساڵ لە مانگی ئازاری 2021 لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە، چالاکوانان رەخنەیان لەوە گرتووە و دەڵێن کەلتووری ژنکوژی لەناو پۆلیسدا سەریهەڵداوە.
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سێ ژن لە فەرەنسا لەلایەن مێرد یان خۆشەویستەکانی پێشوویانەوە کوژران، ئەمەش بووەی هۆی ئەوەی چالاکانی مەدەنی ئەمساڵ بە دەستپێکێکی خراپ بۆ زیادبوونی ژمارەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان ناو ببەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی گروپی داکۆکیکاری فەرەنسی لە ساڵی 2021دا 113 ژن لە فەرەنسا لەلایەن هاوبەشەکانی ئێستایان یان پێشوویانەوە کوژراون.
ژمارەی ئەو ژنانەی لە ساڵی 2021دا لە ئیسپانیا بەهۆی توندوتیژیی رەگەزییەوە کوژراون، گەیشتووەتە 48 ژن
داتا فەرمییەکانی حکومەتی ئیسپانیا ئاشکرایدەکەن، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ساڵی 2021دا لە ئیسپانیا بەهۆی توندوتیژیی رەگەزییەوە کوژراون، گەیشتووەتە 48 ژن.