زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقئەلئەوسەت: یار و نەیار ئامادەیی سەردەمی ترەمپن
لێدوانەکانی بڕیاربەدەستان لە پایتەختەکانی جیهانەوە، دوای ئەوەی بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا راگەیەنرا، پەیتا پەیتا دەکات، ئەمە کۆهەستێکی گشتی دروستکرد بەوەی جیهان لەم یەک دوو مانگ، یاخود یەکەم ساڵی داهاتوودا گۆڕانکارییەکی جەوهەریی بەخۆیەوە دەبینێت و یار و نەیارەکانی واشنتن خەریکی رێکخستنەوەی پەڕاوەکانیانن بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بۆ سەردەمێک بکەن کە سەردەمی نوێی ترەمپە.
قودسی عەرەبی: بایدن و وەزیری بەرگریی پەیمانی دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات دەدەن
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی کورتدا ئاماژەی بە دەستاودەستکردنێکی ئاشتیانەی دەسەڵاتەکانی کرد بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
لە باخچەی گوڵان لە کۆشکی سپی، بایدن بە دەنگێکی ئارام و لەسەرخۆ گوتارێکی بۆ گەلی ئەمریکا پێشکەشکرد، پێداگریی کرد لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان لە ئەمریکا.
عەرەبی جەدید: لوبنانییەکان هیوایان لەسەر ترەمپ هەڵچنیوە
لە پەراوێزی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەک ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، گفتوگۆ و باس و خواسی دانانی سنورێک بۆ لەشکرکێشی و بۆردومان و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان هاتووەتە ئاراوە.
لە بانگەشەکانی ئەو هەڵبژاردنەشدا هەمان پەیام نێردراوە بۆ ترەمپ، جگە لەوەش باوکی هاوسەری کچەکەی ترەمپ، کە بە رەچەڵەک لوبنانییە و لە تیم و دارودەستەکەی ترەمپە، دەخوازن رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
عەرەب: کارتی دارایی بەدەست بەغدادەوەیە بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان
کارتی ئابووری و دارایی، کە بەدەست بەغدادەوەیە، وەک ئامراز و ئەگەرێکی فشار سەری هەڵداوەتەوە، دەشتوانێت کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا دروست بکات، کە لە ماوەکانی داهاتوودا دەچێتە ناو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، دوای ئەوەی بەم دواییانە هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمان ئەنجامدا.
ترسیش لە فشارەکانی هاوپەیمانانی ئێران هەیە، یارمەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بدەن، بۆ ئەوەی زۆرترین رۆڵی خۆی لە حکومەتی داهاتووی هەرێمدا هەبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح: ئاسایشی ئەوروپا پەیوەستە بە ئاسایشی تورکیاوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەبێ سەقامگیریی تورکیا، سەقامگیریی وڵاتانی ئەوروپا دەستەبەر نابێت.
ئەردۆغان گوتیشی پێویستە رێگە بدرێت تورکیا زیاتر هەماهەنگی لەگەڵ ئەوروپا لە بواری بەرگریدا هەبێت و لە کاتێ بەشداریکردنی تەواوی تورکیا، ئاشتەوایی و سەقامگیریی زیاتر بۆ ئەوروپا دەڕەخسێت.
سۆزجو: ئەردۆغان فڕۆکەیەکی بە بەهای 150 ملیۆن دۆلار کڕیووە
عەلی ماهیر باشار پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند: ساڵی پار فڕۆکەیەک بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کڕاوە.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە، لەکاتێکدا وڵات لە قەیرانێکی ئابووریدایە بەڵام دەسەڵات بە دڵی خۆی داهاتی وڵات خەرجدەکات بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتیی.
عەلی ماهیر دەشڵێت، بە ناوی ٨٦ ملیۆن هاوڵاتی تورکیاوە شکات لە سەرۆککۆمار دەکەم لەسەر بەهەدەربردنی داهاتی وڵات و زیاد مەسرەفی.
قەرار: هۆشداریی لە زیادبوونی دیاردەی چەک هەڵگرتن دەدرێت
بەهۆی زۆربونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژن و رووداوەکانی توندوتیژی سەر شەقامەکان، هۆشداری لە زیادبوونی دیاردەی چەک هەڵگرتن دەکرێت.
لە نوێترین ئۆپراسیۆنی پۆلیس بۆ دەستگرتن بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا لە ٨١ پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان هەزار و ٦٤٤ کەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکراون و ئەو کەسانەش دوو هەزار و ٢٧٤ چەکی بێ مۆڵەتیان پێگیراوە.
یەنی بیرلیک: تورکیا داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانانی دەکات هاوکارییەکانیان بۆ پەکەکە رابگرن
سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایانگەیاندووە چاوەڕێ دەکەین ئەو وڵاتانەی دۆست و هاوپەیمانی ئێمەن هاوکارییەکانیان بۆ پەکەکە رابگرن. هاوکات تورکیا داواشدەکات ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی تورکیان لە روبەڕووبوونەوەی پەکەکەدا هاوکار و هەنگاوی کرداری بنێن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ: ئابووری هەموو شتێکە لە سیاسەتدا
شارەزایان دەیانگوت، ئابووری لە هەموو شتێک گرنگترە لە سیاسەتدا، بەڵام هەندێک لە ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەو بۆچوونە نەبوون، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەسەدا ٤٠ـی دەنگدەران گوتیان، ئابووری گرنگترین بابەت بووە لە کاتی دەنگدان بیریان لێکردووە و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگیان داوەن هیچ شتێکی دیکەیان بەلاوە گرنگ نەبووە.
واشنتن پۆست: رێکخستنەوەی مێژوویی دەنگدەران
گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بە رێکخستنەوەیەکی مێژوویی دەنگدەران دادەنرێت، توانی دەنگی پیاوان و زۆرینەی سپی پێستەکان بەدەستبهێنێت جگە لە کەمینەیەکی خاوەن بڕوانامەی زانکۆکان، هەروەها دەنگی زۆرینەی ئەو کەسانەی بەدەستهێنا کە داهاتێکی کەم یان مامناوەندیان هەیە.
هەروەها ترەمپ توانی لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان دەنگە جیاوازەکان کۆبکاتەوە و ئەو دەنگە مسۆگەرانەی دیموکراتەکان هەیانبوو، هەمووی بۆخۆی ببات، بۆنموونە دەنگی ئەو کەسانەی بەدەستهێنا کە لە دەوروبەری شارەکان دەژین، هەروەها دەنگی دەوڵەمەندەکانی ناو شارەکانیش، دەنگی رەشپێستەکانی ویسکەنسن و عەرەبەکانی میشیگەنیشی بەدەستهێنا، واتە ترەمپ بووە هۆی کۆکردنەوەی هەموو دەنگە جیاوازەکان.
زە گاردیان: بایدن بەڵێنی ئاشتییانەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەدات و پوتینیش پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دەستاودەستکردنی ئاشتییانە دەدات و داوا لە ئەمریکییەکان دەکات لە کەشی هەڵبژاردن بێنە دەرەوە و ئەو هەڵچوونە کۆتایی پێبهێنن.
لەهەمانکاتدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دوای هەوڵی تیرۆرکردن لە ویلایەتی پێنسلڤەینیا “وەک پیاوێکی راستەقینە” مامەڵەی کردووە، گوتووشیەتی، ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵی.
زە تایمز ل زاری شازادە ویلیام: ساڵێکی سەخت بوو
شازادە ویلیام، شازادەی وێڵز لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کاتی سەردانەکە چوار رۆژییەکەی بۆ ئەفریقای باشوور ئەنجامیدا.
ئەو دەڵێت، ساڵێکی سەخت و دڕندانەی بەڕێکردووە، لەبەرئەوەی هاوسەرەکەی تووشی شێرپەنجە بووە و چارەسەری کیمیایی بەکارهێناوە، بەوهۆیەوە ئازاری زۆری چەشتووە.
دەشڵێت، جگە لە هاوسەرەکەی، باوکیشی کە ئێستا پاشای بەریتانیایە، بەهامانشێوە توشی شێرپەنجە بووە، ئێستا هەردووکیان چارەسەر وەردەگرن، بۆیە ساڵێکی زۆر سەختی تێپەڕاندووە.