زووم..
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردنی عێراق دەڵێت، لەمساڵدا حکومەت 750 ملیار دیناری وەکو پێشینەی خانوبەرە بە هاووڵاتیان داوە.
نەبیل سەفار گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردن بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، تەنها لەمساڵدا، 17 هەزار داواکاریان بۆ وەرگرتنی قەرزی سندوقی نیشتەجێبون پێشکەش کراوە.
گوتیشی، لە سەرەتای ساڵی 2025 ، دوای بەردەستبوونی نەختینەی دارایی و تەواوبونی رێکارەکان، فۆڕمی داواکاری بۆ قەرزەکانی سندوقەکە دەستپێدەکاتەوە.
بەگوتەی نەبیل سەفار، سەرقاڵی ئەوەن بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی و ژمارەیەک بانک، بەدواداچونێک بکەن کە ئامانج لێی خستەڕووی داواکاریی یەکەکانی نیشتەجێبوونە لەچوارچێوەی پرۆژەی شارە نوێیەکانی نیشتەجێبووندا تا قەرزەکە گونجاو بێت بۆ هاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشداوە، پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ رەشنوسی هەمواری یاسای قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون دەکات تا پرۆژە یاساکە بەمیکانیزمێک بێت لە پێدانی قەرزدا کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بکرێت لە کڕینی یەکەیی نیشتەجێبوون.