زووم
رۆژنامە فارسییەکان
جەوان
بکوژی حەسەن نەسروڵا رۆیشت و بکوژی قاسم سولەیمانی هات
هەندێک پێیان وایە ترەمپ لە دیموکراتەکان مەترسیدارترە، بەڵام وانییە.
دیموکراتەکان رۆڵیان هەبووە لە سزاکان و ئاژاوەگێڕییەکانی دژی ئێران، پێویستیش بە ستراتیژێکی نوێ لە دژی ئەمریکا هەیە. چ لە سەردەمی دیموکراتەکان و چ لە سەردەمی کۆمارییەکان، ئێران تووشی گەمارۆ و نائارامی جۆراوجۆر بووەتەوە.
نابێت ناونیشانی هەڵە بدرێت بە خەڵک و بایدن و ترەمپ جیاوازییان چییە؟ بایدن حەسەن نەسروڵا و ئیسماعیل هەنیە و دەیان هەزار فەلەستینی و لوبنانیی کوشت و هەندێک چاوەڕێی ئەوەن بزانن بکوژی قاسم سولەیمانی یان بکوژی حەسەن نەسروڵا سەرۆکایەتی ئەمریکا دەگرێتە ئەستۆ بەڵام ئەمریکا هەر ئەمریکایە.
ئارمانی ئیمروز
بازاڕەکانی ئێران لەژێر گاریگەریی هاتنەوەی ترەمپدا تووشی هەڵاوسان بوون
ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سەرکەوتنی ترەمپ کاریگەریی لەسەر بازاڕی دراوی ئێران هەبوو.
دۆلار بە بازدانێکی نزیکەی دوو هەزار تمەنی دەستیپێکرد و هەروەها زێڕ و بیتکۆینیش گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
سەرکەوتنی ترەمپ چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسانی بەرزکردەوە و پێشبینیش دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ژێر کاریگەریی ئەو هەستە سیاسیانەدا بەردەوام بێت.
شرۆڤەکاران پێیان وایه کە دەستێوەردانی بانکی ناوەندی بۆ بازاڕ دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی نرخەکان دابەزێنێت.
ئەبرار
هیچ سیاسەتێک تەنانەت هەڵبژاردنی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر پیشەسازی ئەتۆمی ئێران نابێت
محەمەد ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند کە پیشەسازی ئەتۆمی ئێران سەرەڕای هەموو دوژمنایەتی و گوشارە دەرەکییەکان بە شێوەیەکی ناوخۆیی بەرەوپێش دەچێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوامن و ناگۆڕێن و گوێ به پێشهاتە جیهانییەکانی وەک هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نادەن.
سەلامی هەروەها پلانەکانی بۆ سەردانی رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران راگەیاند و گوتی کە کارلێکەکان لەگەڵ ئەو ئاژانسه بەردەوام دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکیی ئێران زیادکردنی کاریگەرییەکانی پیشەسازی ئەتۆمییە لەسەر ژیانی خەڵک.
کەیهان
لە ئێران 7 ملیۆن و 500 هەزار کەس نەخۆشی شەکرەیان هەیە
کورش ئیعتماد، سەرۆکی سەنتەری بەڕێوەبردنی نەخۆشییە ناگوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، نەخۆشیی شەکرە، وەک گەورەترین نەخۆشی لە مێژوودا، لە ساڵانی رابردوودا بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی لە جیهاندا هەبووە. بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 537 ملیۆن کەسی تەمەن 20 بۆ 79 ساڵ تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2045 ئەم ژمارەیە بگاتە 783 ملیۆن کەس.
لە هەر پێنج چرکەدا کەسێک بەهۆی نەخۆشی شەکرە یان ئاڵۆزییەکانیەوە دەمرێت.
لە ئێران نزیکەی 15%ـی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە هاوتایە لەگەڵ زیاتر لە 7 ملیۆن کەس نەخۆشی شەکرەیان هەیە و زۆرێک لەو کەسانە ئاگاداری نەخۆشییەکەیان نین.
لە ئەمڕۆوە هەفتەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی شەکرە لە ئێران دەستپێدەکات کە ئامانج لێی زیادکردنی هۆشیاری گشتی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شەکرەیە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەوروپا نیگەرانە لە تاکڕەویی ئەمریکا و ترسیان لە سەرکەوتنى ترەمپ هەیە
هەرچەندە لە ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا بەشێکى زۆر لە وڵاتانى ئەوروپا لایەنگریی دەرچوونى کامالاهاریس بوون، بەڵام بە پێچەوانەى حەزی ئەوانەوە ترەمپ بۆ جاری دووەم هاتەوە سەرکورسى و بووەوە بە 47 ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دورخستنەوەى کێشە لە وڵاتەکانیان دەستیان بە جوڵە دبلۆماسییەکانیان کردووە.
ئیمانۆئێل ماکرۆن لە ئێکس نوسیویەتى لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز قسەمان کرد و بڕیارماندا پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوروپایەکى بەهێز و خاوەن سەروەریی و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئیدارەى نوێی ئەمریکا هەماهەنگی بکەین لە پێناوى پاراستنى بەرژەوەندیی و بەهاکانماندا، لە بەرامبەردا ئۆلاف رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە ئیدارەى نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیى ترەمپ جیاوازدەبێت لەو ئیدارەیەى بایدن سەرۆکایەتیى دەکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتى ئەورپییەکان وا راهاتوون ئەمریکا لە پێشیانەوە بێت بۆ هەموو هەنگاوێکى جدیی، لە جەنگی روسیا و ئۆکراین و جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە ئاشکرا دیاربوو، بەڵام ترەمپ داواى وەستاندنى بەپەلەى هەردوو جەنگەکە دەکات و سەرکردەکانى ئەوروپاش ترسیان لەوەهەیە ترەمپ سیاسەتەکانى ئەمریکا قڵپ بکاتەوە و چییان رستووە بیکاتەوە بە خوریی. هەربۆیە سەرکردە ئەوروپییەکان داوایانکردووە کۆبوونەوەیەکى بەپەلە لە پاریس ئەنجامبدەن بۆ تاوتوێکردنى جبهان لە سایەى ئیدارەى نوێی ئەمریکادا. لە بەریتانیاش لە کۆی 11 رۆژنامە تەنها یەک وێنەى ترەمپ یان داناوە.
عەرەب
ترەمپ دەیەوێت لەنێوان هاوکاریکردنی رۆژاڤا و تورکیا هاوسەنگی بپارێزێت
راپۆرتە رۆژئاواییەکان باس لەوەدەکەن ئیدارەى نوێی ئەمریکا کێشەى لەگەڵ خاوەن ئەتۆمەکان دەبێت و ترەمپ دەیەوێت هەژموونى ئێران لە سوریا لەقاڵب بدات، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن دۆخی سوریا زۆر ئاڵۆزە و یەکێکیش دەبێت لە دۆسیەکانى بەردەم سەرۆکە هەڵبژێردراوە نوێیەکە، لە لایەکەوە جگە لە بوونى هێزەکانى روسیا، تورکیا و ئێرانیش هەژمونیان لە سوریادا هەیە، لە لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا هاوکاریی هەسەدە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەسەد دەکات. رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە ترەمپ دەیەوێت بەهاوکاریی ئەسەد ئێران لە قاڵب بدات و پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا و نەیارەکانى لە سوریا هاوسەنگ بکات.
رۆژنامەى واشنتن پۆست بڵاویکردوەتەوە ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت هاوکاریی ئەسەد بکەن بۆ ئەوەى رێگریی لە هاوکارییەکانى ئێران بکەن بۆ حزبوڵاى لوبنان کە لەرێگەى ئەو وڵاتەوە پێیاندەگات و لە کاتى جێبەجێکردنى ئەم داوایەشدا هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر سوریا رابگیرێت. ئەردۆغانیش وێڕای پیرۆزبایی کردنى لە دەرچوونەوەى ترەمپ خوازیاری ئەوەبوو بتوانێت کۆتایی بە جەنگە هەرێمییەکان بهێنێت.
سەباح
سەرەتاى ساڵى 2025 دەستدەکرێتەوە بە پێدانى قەرزی نیشتەجێبوون
نەبیل سەفار گوتەبێژى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە سەرەتاى ساڵی 2025 ـەوە دەستبکرێتەوە بە پێدانى قەرزی نیشتەجێبوون.
راشیگەیاند، تا ئێستا 17 هەزار داواکارییان پێشکەشکراوەو حکومەتیش بڕی 750 ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە، ئاماژەى بەوەشکرد هێشتا وەزارەتەکەیان لەگەڵ بانکی ناوەندى ئەو بابەتەیان بۆ یەکلایی نەبووەتەوە کە قەرزی نیشتەجێبوون شوقە و ڤێلاکانی نێو پرۆژە سەردەمییەکان بگرێتەوە و گوتیشى ئەو کێشەیە هێشتا چارەسەرنەکراوە و دەبێت لە کاتى هەموارکردنەوەى یاساکەدا یەکلایی بکرێتەوە، روونیشیکردوەوە بۆ فەرمانبەرانیش موچەکانیان دەستەبەرە و پێویست بە کەفیل ناکات.
دەستور
ئەمریکا عێراقى ئاگادارکردووەتەوە ئێران لە خاکەکەیەوە هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل
پێگەى ئەلیکترۆنی ئاکسیۆس لە زارى بەرپرسانى ئەمریکیەوە بڵاویکردووەتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەموو توانا دبلۆماسییەکانى خۆی خستووەتەکار بۆ ئەوەى رێگریی لە ئێران بکات لەنێو خاکی عێراقەوە هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، بڵاویکردوەتەوە جیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشى نیشتمانى و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى قسەیان کردووە و بەردەوام لە پەیوەندییدان بۆ ئەوەى ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە عێراقەوە ئەنجام نەدرێت.
بڵاویشیکردوەتەوە راپۆرتە هەواڵگرییەکانى ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئێران موشەک و فرۆکەى بێفرۆکەوانى داوە بە ژمارەیەک لە میلشیاکانى نزیک لە خۆی و گوازراونەتەوە بۆ نێو عێراق.
نووسیویەتى سەرەڕاى ئەوەى عێراق بە فەرمی بەرپرسانى ئێرانى لەو ئاگادارکردنەوەیە ئاگادارکردووەتەوە بەڵام هێشتا نەبووەتە مایەى رەواندنەوەى ترسی ئەمریکا لەو هێرشە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ترەمپ بە گەڕانەوەیەک گەڕایەوە پڕ بە مانای هەموو گەڕانەوەکان
-دواجار ململانێی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەک کۆتاییانهات، ئەنجامەکان نەک هەر نزیک نەبوون، بەڵکو بردنەوەیەکی زۆر بێوێنەش بوو.
-بردنەوەکەی ترەمپ لیبراڵەکانی ئەمریکا و بەریتانیای حەپەساندووە.
-سەرکەوتنی ترەمپ بۆ ستامەر و کابینەی حکومەتەکەشی بووە بە خێوێک، چونکە رقیان لێیەتی.
پاش ئەوەی کە گەورەترین گەڕانەوەی سیاسی و مێژوویی تۆمارکرد، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، یەک شەپۆلی شۆکی بە هەموو دنیادا بڵاوکردەوە. بە بردەنەوەیەکی سەرنجڕاکێش کێیە ستامەری فڕێداوەتە نێو چنگی خێوێکی دیپلۆماسییەوە.
ترەمپ هەموو بیروبۆچوونەکانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە ئاوەژۆ کردەوە. بە جیاوازیی پێنج ملیۆن دەنگ کامالای ناردە ماڵەوە.
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ بە راماڵینێکی خاوێنی رکابەرەکەیەوە گەڕایەوە
بە بردنەوەیەکی خاوێنی ئەنجومەنی پیران و دەنگدانی جەماوەری و بردنەوەی هەموو ویلایەتە جۆلانەییەکانەوە، سەرۆک گەڕایەوە، بردنەوەیەکی خاوێنی تۆمارکرد، بە بردنەوەی 295 دەنگی کۆلیجی هەڵبژاردن، بەرامبەر بە 226 دەنگ بۆ هاریس، رەنگی سووری کۆمارییەکانی رشت بەسەر دەستەڵاتی داهاتووی ئەمریکادا. ئەوەی روویدا گەڕانەوەیەکی سەرووی ئاسایی بوو، زەمینەی پرۆسەی دەنگدانەکەشی لەرزاند. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو و تەمەن 78 ساڵ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بەرنامەیەکی بەرفراوانی گەڕاندنەوەی پەنابەران و دەستکاریکردنی باج و بەرقەرارکردنی ئاشتیی جیهانیی پێیە.
گاردیەن
ترسێکی ئەمریکی
ئەم رۆژنامەیە 25 لاپەڕەی خۆیی تەرخانکردووە بۆ بابەت و شیکردنەوە و هەواڵی سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. دەڵێت ترەمپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و بردنەوەکەی زەویی راماڵی. هاریسیش دەڵێت هەرگیز وازناهێنێت، لە خەباتکردنەکەی خۆی بەردەوام دەبێت.
هاووڵاتییە ئەمریکییەکان ئەمڕۆ لەخەو هەڵدەستن دەبینن جیهانەکەی دوێنێیان گۆڕاوە، جیهانیش لەگەڵ ئەواندا گۆڕاوە، گەڕانەوەی بێوێنەی ترەمپ بۆ دەستەڵات لە خەونێکی دوورەوە بوە بە راستییەکی بەرجەستە. بردنەوەکەی زۆر روون و بێ کەموکووڕی، بوو، هەرئەوە نەبوو کۆلیجی هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵکو دەنگە جەماوەرییەکانیشی بردەوە. بەلای کەمەوە 71 ملیۆن کەس دەنگیان بە ئەو داوە.
دەیلی ریکۆرد
ئیسپانەکە ئەستێرەبارانکراوە
مەبەست لە ئیسپانە ئامێری کردنەوەی برغووە گەورەکانە. ئەم رۆژنامەیە ترەمپی وەک ئیسپانە ناوبردووە. نووسیویەتی ئەمریکا بۆ ماوەی چوارساڵی دیکە دەنگی دایەوە بە ترەمپ، بە قەدەغەکردنی لەباربردن. بە گەورەترین کرداری رەوانەکردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانی خۆیان لە مێژووی ئەمریکادا، بە دەستبەردان لە ئۆکراین، بە باجی بازرگانیی شێتانە، بە نکۆڵیکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا و فەرامۆشکردنی کەرتی پەروەردە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوریەت
ترەمپ لەبەردەم چوار تاقیکردنەوەدایە
رۆژنامەکە باسی چوار خاڵى کردووە، کە وەک تاقیکردنەوە ناوى هێناوە و دەڵێت، لەبەردەم ترەمپدایە؛
1. لەگەڵ تورکیا چی دەکات
پرسی گەڕانەوەی پرۆژەی ئێف 35 بۆسەر مێزی گفتوگۆ، پرسی ئێس 400ـەکانى تورکیا، قۆناغی کڕینی ئێف 16، پشتگیریەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە، هەموو ئەمانە دەکرێنە رۆژەڤەی تورکیا ئەمریکا.
ترەمپ گوتەی ئەرێنی بەرامبەر ئەردۆغان بەکارهێنابوو، بەم هۆیەوە دەشێت لەسەر ئاستی سەرۆکەکان چاوەڕێ دەکرێت پەیوەندیەکان کاریگەر بکرێن.
2پرسی سوریا و کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا
ئەو کاتەی کە ترەمپ سەرۆک بوو، بڕیاری دابوو دوو هەزار سەربازی لە سوریا بکشێنێتەوە. لەبەربوونی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا هێشتا هەماهەنگییەکانی نێوان ئەمریکا و یەپەگە بەردەوامی هەیە، بەهۆی پێشهاتە نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پێدەچێت ترەمپ بەردەوامی بدات بە دۆخی سوریا .
3جەنگی ئۆکراین تەواو دەبێت
ترەمپ تا سنوورێک پەیوەندی لەگەڵ پوتین هەیە، سەرکەوتنی ترەمپ ئۆکرانیەکانی تووشی دڵەراوکێ کردووە. کاتێک ترەمپ گوتی ئەگەر لەسەر دەسەڵات بومایە، روسیا نەدەچووە ئۆکراین، جگە لەوە ئاشکرای کردبوو، ئەگەر وەک سەرۆک هەڵبژێردرێت لەماوەی 24 کاتژمێر کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت. هاوکات یاریدەدەری ترەمپ لەم بارەیەوە پلانی خۆیانی ئاشکرا کردبوو.
4ئیسرائیل دەوەستێنرێت؟
ترەمپ لەسەردەمی یەکەمی دەسەڵاتەکەیدا زۆر هەنگاوی لە قازانجی ئیسرائیل هەڵنا. بەدرێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنیش دەیگوت دەبێت جەنگی غەزە کۆتایی بێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ترەمپ لەگەڵ ناتانیاهۆ کاتێک لە تەمموزدا یەکیان بینیبوو، دەگوترێت بە ناتانیاهۆی گووتوە تاوەکو من دەچمەوە کۆشکی سپی، کۆتایی بەو شەرەبهێنە. بەڵام نازانرێت کە ئایا ناتانیاهۆ گوێ بەم رێنماییە دەدات یان نا.
سەباحى تورکی
هەنگاوەکانی یەکگرتنی ئەلفوبێی تورکی نزیکە
لە لوتکەی جیهانی تورکیدا، رێککەوتن کراوە لەسەر داڕشتنەوەی ئەلفوبێی هاوبەشی نێوان وڵاتە هاوزمانەکان.
تورکیا، ئازەربایجان، قوبرسی تورکی بۆ ئەم هەنگاوە ئامادەن، هەر سێ لایان رێککەوتن لەسەر دروستکردنی ئەلفوبێییەکی هاوبەشی 34 پیتی، لەم بارەیەوە هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکن هەموو وڵاتە تورکزمانەکان بخرێنە نێو ئەم رێککەوتنەوە.
سۆزجو
ئەوەی مانگی 73 هەزار لیرەی دەستنەکەوێت زۆر بە ئاستەم دەژی
بۆ ئیستانبوڵ خێزانێکی چوار کەسی بۆ ئەوەی کە بتوانن بژین، مانگانە پێویستیان بە 73 هەزار و 739 لیرەیە بۆ ئەوەی پێی بژین. ئەمە لە چآو ساڵی پاردا دەرکەوتووە 60% گرانتر بووە.
تورکیە
کێڵگەکەی ئەسەنیورت پاککرایەوە؛ چۆن هاتن ئاوهاش رۆیشتنەوە
دوای لادانی سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورت کە کەسێکی جەهەپەیی بوو، ئێستا ئەو خزم و کەسوکارانەشی دەردەکرێن کە دوای دەرچوونی هێنابوونیە شارەوانیەکە.
لەئێستادا خوشکێکی، ئامۆزاکان و برازاکانی کە پێکهاتبوون لە 7 کەس پەیوەندیەکانیان لەگەڵ شارەوانیەکەدا پچڕێنراو هەموو گرێبەستی کارەکانیان هەڵووەشێنرایەوە. ئەم هەڵوەشانەوەیە تەنیا کەسوکارەکانی ناوبراو دەگرێتەوە ستافی کاری پێشوو ناگرێتەوە.