زووم
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران كۆدەبێتەوە و پرسەکانى سەرژمێری و مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکرێت.
ئەمە کە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانە پاش هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان، لەبڕگەی یەكەمیدا دواپێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق تاوتوێ دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێك رێكاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەم و ئەنجامی گفتوگۆكان دەخرێتەڕوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیران نوێترین پێشنیازی حكومەتی فیدراڵی، سەبارەت بەهەمواركردنەوەی مادەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و خستنەڕووی دواكۆبوونەوە و دانوستانەكان لەمبارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان دەخرێتەڕوو.