زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
باخچەلی گڵۆپی سەوزى بۆ هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان هەڵکرد
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند، بۆ مانەوەى دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیریی سیاسی، پێویستە جارێکی دیکە ئەردۆغان بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێتەوە.
راشیگەیاند، بە بۆچونی ئێمە ئەردۆغان ئەزموونی سیاسی و پێگەى سیاسی لەئاست ئەوەدایە خولێکی دیکە بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێتەوە.
ئەکشام
هەڵبژاردنی ئەمریکا چارەنووسی داهاتووی عێراق و سوریا دیاری دەکات
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەپاش هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی لە ئەمریکا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق دێتەبەرباس و ئەگەر هەیە ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە.
ئەو دەڵێت، ئەمریکا نایەوێت هێزەکانیان لە سنوورێکدا بن، کە لەژێر هەژموونی ئێراندا بێت. وەک جێگرەوەش ئەمریکا بەنیازە تاوەکو ساڵى 2026 هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان جێگیربکات.
قەرار
پارتی سەرلەنوێ رەفا شوێنی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە تورکیا ئاشکرادەکات
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی سەرلەنوێ رەفا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتى تورکیا پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بچڕاندووە باشە بۆچە کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە بەندەرەکانی پارێزگای مێرسین و ئیستەنبوڵ لەنگەریان گرتووە.
راشیگەیاند، بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لەماوەى ئەمساڵدا بەڕێژەى لە هەزار هێندەوە بۆ 10 هەزار هێندە زیادبووە.
میللی گەزەتە
پارتی سەعادەت دەڵێت، قەیوم پرسەکان قووڵتر دەکاتەوە
تەمەل قەرەمئۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت رایگەیاند، دانانی قەیوم لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان پرسەکان قووڵتر دەکاتەوە. کێشە نێوخۆییەکان زیاتر دەکات، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات ئەو راستییە نابینێت. دەبێت هەموو لایەک لەدژى دانانی قەیوم بوەستێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
تەجارەت
ئەمریکیەکان دەیانەوێت شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکى وڵات بگۆڕدرێت
کێبڕکێی نێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ بە نزیکترین کێبڕکێ دادەنرێت لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا.
تێکڕای دەنگی ئەو دوو کاندیدە ئەوەندە نزیکە کە کێبڕکێکە لە زۆرێک لە ویلایەتەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو توندترە و دەرئەنجامی کۆتاییش تائێستا نادیارە. رەنگە لە ژمارەی دەنگەکاندا هاریس سەرکەوێت، بەڵام بەهۆی سیستمی ئەلیکتراڵ ترەمپ ببێت بە سەرۆککۆمار.
راپرسییەکانی گالۆپ لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا دەریدەخەن ئەمریکییەکان بەردەوام پشتگیری خۆیان بۆ هەموارکردنی دەستوور دەربڕیوە بۆ ئەوەی بە راستەوخۆ سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت.
مەردوم سالاری
بازاڕەکانی ئێران چاویان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە
بازاڕە داراییەکانی ئێران لە چەند هەفتەیەک لەمەوبەرەوە چوونەتە قۆناغی بەرگری و چاوەڕوانی بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ئەمە بە روونی لە بازاڕەکانی دۆلار و زێڕ و ئۆتۆمبێل و خانووبەرەدا دیارە.
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەگەری زۆرە تمەنی ئێران زیاتر دابەزێت و نرخی دۆلار بەرزبێتەوە، بەڵام ئەگەر کامالا هاریس سەرکەوت، بازاڕ و نرخەکان جێگیر دەبن.
گرنگترین هۆکار ئەوەیە ترەمپ لایەنگری سیاسەتی زۆرترین گوشار و سزایە و بۆیەش بازاڕەکان لە گەڕانەوەی دەترسن.
ئەبرار
ئاستی یەدەگی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا بە رێژەی 45% کەمیکردووە
وەزیری نەوتی ئێران، موحسین پاکنەژاد رایگەیاند، یەدەگی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 45% کەمبوونەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دۆخی ناهاوسەنگی لە بواری وزەدا روونی کردەوە، کە ئەمه پێویستی بە باشکردنی بەکارهێنان و زیادکردنی رێژەی هاوردەیە.
پاکنەژاد هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەرنەکرێت ئێران تووشی قەیرانی وزە دەبێتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکان و هاوردەکردنی زیاتر ئەم دۆخە تێپەڕ بکەین.
ئارمانی ئیمروز
رێگای گەشەپێدان عێراق دەکاتە جێگرەوەی ئێران
پرۆژەی رێگای گەشەپێدانی عێراق دەستپێشخەرییەکی گرنگە بە بەهای 17 ملیار دۆلار لە پێناو گۆڕینی وڵاتەکە بۆ ناوەندێکی گواستنەوە و گەشەی ئابووری.
ئەم پرۆژەیە کە تایبەتە بە بەستنەوەی عێراق بە تورکیە و وڵاتانی دیکەوە، تووشی ئاستەنگی وەک گرژییە ناوخۆییەکانی عێراق و رکابەرییە ناوچەییەکان وەک تورکیا و ئێران دەبێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵە گەورەکان بۆ یەکگرتنی ئابووری لە ناوچەکەدا و بە هاوکاری وڵاتانی عەرەبی و تورکیا ترانزیت لەڕێی ئێرانەوە کەم دەکاتەوە و ئێران دەخاتە پەراوێزەوە و بازرگانی لە خاکی ئێرانەوە دادەبەزێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کۆشکی سپی و هەموو جیهان چاوەڕێن
ئەمریکییەکان و هەموو جیهان، چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەن، کێبڕکییەکە لەنێوان کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکرێت حەوت ویلایەتە خۆڵەمیشییەکان ئەنجامەکان یەکلایی بکەنەوە، مەترسی فراوانیش لە سەرهەڵدانی توندوتیژی لە ئارادایە.
عەرەبی ئەلجەدید
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریکا دوادەکەوێت
لەنێو هەرای جەنگ و کشانەوەی ئابووری ئەمریکا، چەند هەفتەیەک دوای دەنگدانی پێشوەختە، 5ـی تشرینی دووەم هەموو چاوەکان لەسەر حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەکە بوون کە پێدەچێت بە جیاوازییەکی کەم ئەنجامەکان یەکلایی بکەنەوە، پێدەچێت ئەوەش ببێتە هۆی دواکەوتنی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رۆژی چوارشەممە و رۆژانی دواتریش.
سەباح
جیهان چاوەڕوانی سەرۆکی نوێی ئەمریکایە
لەگەڵ بەردەوامی جەنگی غەزە و لوبنان و هەڕەشەکانی ئێران، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ترەمپ زمانێکی توند و زیادەڕۆی بەکاردەهێنا، هاریسیش هۆشداری لە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ دەدات، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چاودێری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکیان دەکرد.
عەرەبی لەندەنی
وڵاتانی عەرەبی چاوەڕوانی سەرۆکی نوێی ئەمریکان بەبێ ئەوەی بزانن کێ باشترە
زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بەبێ بەرچاوڕوونییەکی تەواو سەبارەت بەو کاندیدەی دەیانەوێت ببێتە 47ـمین سەرۆکی ئەمریکا چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەکەن، ئەوەش پێچەوانە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەیە کە باش دەزانن بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان یاخود کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکانە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
نەتەوەیەک بڕیاردەدات، شارەزایان دەڵێن یارییەکە لە شێروخەت دەچێت
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئەگەر ئەنجامەکان دادپەروەرانە بوون پەسەندیان دەکات.
واشنتن بۆنی سەرهەڵدانی نائارامییەکی لێدێت
ئەمریکا کەوتۆتە سەر دیوی تیژی چەقۆ.
سندوقەکانی دەنگدان داخران و ئەمریکاش لە چاوەڕوانیکردنی ئەنجامەکاندا هەناسەی توندبووە. شەڕی دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە گەرم بوو، هەردوولای دۆناڵد ترەمپ و کەمالا هاریس هاوشان بوون، هەریەکەیان دەزانێت دەیان ملیۆن کەس دەنگیان پێداون، شەڕەکەیان گەرمە و هەر لە یارییەکی شێڕوخەت دەچێت، دراوەکە هەڵدراوە بە ئاسماندا و دەبێت بە دیوێکیاندا بکەوێتەوە سەرزەوی.
ترەمپ لە فلۆریدا دەنگیداوە، لەوێ بە رۆژنامەنووسانی گوتووە ئەگەر ئەنجامەکان دادپەروەرانە بن پەسەندی دەکات.
تایمز
جیهان چاوەڕوانی چارەنووسی ئەمریکا دەکات
ترەمپ دەڵێت، ئەگەر هاریس بیباتەوە ئەمریکا دەکات بە دۆزەخ.
دۆناڵد ترەمپ، گوتی ئەگەر ئەنجامەکان دادپەروەرانە بن هیچ کاردانەوەیەکی نابێت.
بارودۆخی دەنگدانەکان بەشێوەیەکن، ئەو وڵاتە کەوتووەتە سەر تیژیی چەقۆ. ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا دەنگی دا، لەوێ گوتی، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە دادپەروەرانە بێت، بیشیدۆڕێنم، یەکەم کەس دەبم کە ددان بە ئەنجامەکاندا بنێم، تائێستاش پێموایە کە دادپەروەرانە دەبێت.
ترەمپ ئەو بانگەشانەی بە درۆخستەوە کە دەڵێن، ئەگەر ترەمپ دۆڕاندی هەندێک لەلایەنگرانی ئاژاوە دەنێنەوە، لەمڕووەوە گوتی من پێمنەگوتوون هیچ کارێکی لەوشێوەیە بکەن، بۆیە چاوەڕوانی روودانی توندوتیژی مەکەن.
گاردیەن
هیوا و ترس
دوێنێ دەیان ملیۆن دەنگدەر لە ئەمریکا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. رەوشەکە لەنێوانی ئومێدەواری و نیگەرانیدا یاریدەکات. هەڵبژاردنەکە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووە، بۆیە هیچ دڵنیاییەک لەبارەی داهاتووەوە لەئارادانییە، داخۆ کامیان دەچنە کۆشکی سپی.
گەڵف نیوز
ئەمریکا لەپێناوی مێژوودا دەنگدەدات
ئایا کەمالا هاریس مێژوو دروستدەکات، یان دۆناڵد ترەمپ. ئایا ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ژنێک دەکات بە سەرۆک؟ یان سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت، کە بۆی نییە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئەنجامی دەنگدانەکانی ئەمڕۆدا دەبینین.
عەرەب نیوز
دەنگدان لەپێناوی هەرێمێکی گۆڕاودا (ئەمریکا بڕیاردەدات)
دەنگدەران دەبێت بڕیار لە هەڵبژاردنی دوو کاندید بدەن، کە دوو روانینی جیاوازیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان و جیهانیش هەیە.
ململانەی سەرۆکایەتی لەنێوانی هەردوو کاندیدی کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا نزیکبووەتەوە لە کۆتایی، بەڵام تاوەکو ئەم چرکەساتەش ئەنجامەکان بۆ کەسیان دڵنیانەبوونەتەوە.
رۆژی سێشەممە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەمریکا روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کرد، بۆئەوەی لەنێوانی ئەو دوو روانینە زۆر جیاوازەدا بۆ وڵاتەکەیان و جیهانیش کەسێک هەڵبژێرن ببێت بە سەرۆکی وڵات.