زووم..
کاربەدەستانی ئێران بە قسە دەڵێن بۆیان گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران هەمیشە لە شێوەی سزا و گوشار و هەڕەشە پێناسە کراوە، بەڵام وادەردەکەوێت ئێران گرنگی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بدات و لایەنگری یەکێک لە کاندیدەکان بێت.
ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە توندی دژی ئێران مامەڵەی کردبوو، لە رێکەوتنی ئەتۆمی دەرکەوت و سیاسەتی زۆرترین گوشاری گرتەبەر و سزای بێوێنەی بەسەر ئێراندا سەپاند.
هەروەها بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی ناوچەیی دژە ئێرانی لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلیەکاندا گوشاری خستە سەر ئێران و تەنانەت قاسم سولەیمانی کاریگەرترین فەرماندەی سەربازیی کوشت.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی ئێران هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی لە بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا بەتایبەت ترامپ دەدات و ئەوەش بەرپرسانی ئەمریکا و بەتایبەت ترامپی تووڕە کردووە و ئەگەری دەستوەردانی دژی ئێران زیاترە.
ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا چەندین جار رایگەیاند کە ئەگەر ئێران ١٢ مەرج قبووڵ بکات ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بەڵام عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بە راشکاوی رایگەیاندبوو کە ترەمپ بە شایستەی ئاڵوگۆڕی پەیام نازانێت و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکات”.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، گوشارەکان لەسەر ئێران کەمبووەوە و بایدن سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی داڕشت و رێگەی بە ئێران دا هەناردەی نەوتی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ هەشت هێندە زیاد بکات، رێگری لە هێرشی توندی ئیسرائیل دژی ئێران کرد بەڵام لە هەمان کاتدا پاڵپشتیەکی بێوێنەی لە ئیسرائیل کرد.
کاماڵا هاریس ژنێکی رەش پێستە کە وەبیر خەڵکی ئێران دەخاتەوە کە ژنان و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان رێگەیان پێنادرێت ببنە سەرۆککۆمار و ئەوەش بۆ ئێران هەڕەشەی ناوخۆیی زیادەکات و جگە لەوەش هاریس رایگەیاندووە: ئێران بە گەورەترین دوژمن و هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا دەزانێت.
پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیلیش یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و تەنانەت زۆرێک لە ئێرانییەکان دەڵین کە هاریس ناتوانێت بەرەنگاری لۆبیەکانی ئیسرائیل ببێتەوە و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریکادا بکات بەرامبەر بە ئێران.
بەڵام بابەتی سەرنجڕاکێش لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا هەوڵی دەستوەردانە سایبەرییەکانی ئێرانە. بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا دەڵێن ئێران وەک هەڕەشەیەکی گەورە هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دروست بکات و بە هاک و چالاکیی ئەلیکترۆنی جۆراوجۆر لە دژی ترەمپ هەوڵ دەدات رێگری لە هاتنەوەی ترەمپ بکات.
هەروەها ئێران بڕیاریدا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی پێگەی دیموکراتەکان نەکەوێتە مەترسییەوە لە بەرژەوەندیی ترەمپدا کە ئەوەش دەریدەخات ئێران لایەنگری کاماڵا هاریسە.