زووم..
دەیەوێت مێژوو دروست بکات و ببێت بە یەکەم سەرۆکی ژن لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
کامالا هاریس سیاسەتمەدارێکی ئەمریکیی ناسراوە. لە ئێستادا پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکای هەیە. لەسەر لیستی دیموکراتەکان ئەو پۆستەی وەرگرتووە و بووە بە جێگری جۆ بایدن. هەر لەسەر لیستی هەمان حزب پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ چوارساڵی داهاتوو.
هاریس ژیانی پیشەیی خۆیی وەک پارێزەرێک دەستپێکردووە. لە هەرێمی ئەلامیدیای سەر بە کالیفۆرنیا بووە بە داواکاری گشتی. لەو هەرێمەدا کاری زۆر باشی کرد و شوێن دەستی بە کەمکردنەوەی رێژەی تاوانەوە دیاربوو. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بوو بە داواکاری گشتیی تەواوی ویلایەتی کالیفۆرنیا، یەکەمین کەسی رەچەڵەک ئەفریقی بوو توانیی ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت.
لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا جۆ بایدن وەک جێگری خۆی هەڵیبژاردووە. لە رۆژی ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـدا وەک یەکەمین ژن کە پێستی سپی نەبێت بووە بە جێگری سەرۆکی وڵات.
هاریس لە رۆژی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤ لە شاری ئۆکڵاندی سەر بە کالیفۆرنیا لەدایکبووە. لە زانکۆی هاواردی تایبەت بە رەشپێستەکان زانستی سیاسی و ئابوریی خوێندووە، پاشانیش لە زانکۆی کالیفۆرنیا یاسای خوێندووە و بڕوانامەی دکتۆرای تێدا بەدەستهێناوە.. دایکی کەمالا ناوی شەمالا ئوبالانە و هیندییە و لە ساڵی ١٩٣٨ لە هیندستان لەدایکبووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی خۆراکدا بەدەستهێناوە. باوکی کەمالا ناوی دۆناڵد جەیسپەر هاریسە، لە شاری براونز تاونی جامایکا لەدایکبووە. هەر لە جامایکا گەورە بووە. پاشان بۆ خوێندن چوەتە ئەمریکا و لە زانکۆی کالیفۆرنیا دکتۆرای لە زانستی ئابوریدا بەدەستهێناوە. لە زانکۆکانی ئەمریکادا وانەی گوتووەتەوە.
هاریسی باوک کاریگەریی زۆری لەسەر کەمالای کچی هەبووە، شوێندەستی ئەو بە رۆشنبیریەکەیەوە دیارە، بۆیە زۆر بڕوای بە بەهاکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەیە. روانین و فەلسەفەکانی مارتن لۆسەر کینگی بزوێنەری شۆڕشی مافەمەدەنییەکانیش کاریگەریی زۆری لەسەر هاریس هەبووە، بەوپێیەی کە شەمالای دایکی یەکێک بووە لە کەسە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی شەستەکان، کامالایش بڕوای بە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە، لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا کە پڕە لە جیاوازی.