زووم..
دۆناڵد ترەمپ، ئەو پیاوەی مشتومڕی زۆری لەسەرە، هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، بازرگان و کەسایەتیی سیاسی ئەمریکا، لە رەچەڵەکێکی تێکەڵی ئەڵمانی و سکۆتلەندی، لە رۆژی ١٤ـی حوزەیرانی ١٩٤٦ لە ویلایەتی نیویۆرک لەدایکبووە.
ئەو خێزانەی، کە تێیدا لەدایکبووە، پێنج ئەندام بوون، باوکی وەک وەستای بیناسازی کاریکردووە، لەوێوە یەکەمین سەرمایەکانی خێزانەکەیان دروستبووە.
ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ـدا لە بەرامبەری هیلاری کلنتندا پاڵێوراوی کۆمارییەکان بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، توانیی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ئەوکات لە کاتی هەڵمەتەکانیدا بەڵێنیدابوو، کە ئەگەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا نەهێڵێت مسوڵمانەکان بچنە ناو ئەمریکاوە.
لەبارەی ژیانی کەسێتیی ترەمپەوە دەگوترێت برایەکی لەخۆی گەورەتری هەبووە ناوی فرێد بووە، ئەم برایەی بەهۆی خوگرتنیەوە بە خواردنەوەی مادە کحولییەکانەوە مردووە، لە مردنی ئەوەوە ترەمپ سوێندی خواردووە تا لەژیانیدابێت جگەرە نەکێشێت، هیچ جۆرە کحولێکیش نەخواتەوە، بۆیە لێیان دوورکەوتەوە.
ترەمپ سێ جار هاوسەرگیریی کردووە، لە تەمەنی گەنجیدا ئەکادیمیای سەربازیی خوێندووە و پاشانیش ئابووری.
لە ناو بیرکردنەوەی سیاسیدا ترامپ کەسێکی راستڕەوی توندڕەوە، لەناو پارتی کۆماریدا کاردەکات، بەوەدا دەناسرێتەوە لە دژی پەنابەرە مەکسیکییەکانە، دەڵێت ئەوانە وڵاتەکەیان پڕکردووە لە توندوتیژی و مادەی هۆشبەر.
ترەمپ توانایەکی دارایی باشی هەیە، بۆیە کەسانی دەستەڵاتداری ناو حزبەکەی ناتوانن زۆر بیخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە. بڕوای وایە، کە دەتوانێت مەزنایەتییەکەی جارانی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە، بۆیە دروشمی سەرەکیی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بریتییە لە (جارێکی تر ئەمریکا مەزن دەکەینەوە) لەبارەی عێراقەوە هەڵوێستی سەیری هەیە، دەڵێت دەبێت ئەمریکا جارێکی تر دەستبگرێتەوە بەسەر عێراقدا، بۆئەوەی نەوتەکەی لێ وەربگرێت و شەڕی داعشیش بکات. هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە ژنانیس هەیە. بێباکانە گاڵتە بە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمریکا دەکات.
لە نێوانی ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ٢٠٠٩ چەندجار کۆمپانیاکانی تووشی قەیران هاتوون. بەڵام توانیویەتی لێیان هەستێتەوە. تائێستاش کاریگەرییەکی زۆری بەسەر بازاڕی کاری ئەمریکییەوە هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا چەند بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی داناوە، کە جەماوەری باشیان هەبووە. لە رابوردوودا ترامپ چالاکیی سیاسیی خۆیی کەمبووە. بەڵام لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پشتگیریی دارایی کاندیدی کۆمارییەکانی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا نوێنەرە کۆمارییەکانی ویلایەتی نیویۆرک داوایان کردوە ترەمپ خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ویلایەتی نیویۆرک کاندید بکات و لە بەرامبەر ئەندرێ کۆمۆ رابوەستێت. ئیتر لەوێوە ژیانی سیاسیی ترەمپ دەستپێدەکات.