زووم..
ترەمپ و هاریس دەیانەوێت لەگەڵ ئێراندا رێکبکەون، بەڵام هەردوولا ئێرانێکی لاوازیان دەوێت. هاریس لەگەڵ هەڵبژاردنیدا راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا دەکات، ترەمپیش دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا دەستپێبکەن.
کامالا هاریس لێدوانێکی لەبارەی ئێرانەوە هەبوو،مایەی سەرسووڕمانی زۆرلایەن بوو. گوتی دژایەتییەکەی ئێران بۆ ئەمریکا روون و ئاشکرایە، وەک ئەوەی رووسیا و چین نییە.
کە ترەمپیش لەبارەی تارانەوە قسەی کرد، گوتی ئەگەر خۆی تا ئەمکاتە لەناو کۆشکی سپی بمایەتەوە ئێرانیش دەچووە ناو رێکەوتنی ئیبراهیمییەوە و لەگەڵ ئیسرائیلدا رێکدەکەوت.
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچن. ئەو دوو پاڵێوراوە هەرکامیان سەربکەون دەتوانن رەنگی سیاسەتی خۆیان بۆ مامەڵەکردنی ئیدارەکەیان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕێژن.
ئیدارەکەی ئەمریکا پێیانوایە رەوشی روداوەکانی پاش حەوتی ئۆکتۆبەری فەلەستین ئێرانیان لاوازکردووە. کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاراندا، بۆردومانە بەردەوامەکانی سەر حزبوڵای دۆستی نزیکی تاران، ئێرانیان خستۆتە ناو هەڵوێستێکی لاوازەوە.
جیهان بێهێزیی توانای چەکەکانی ئێرانیان لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا بینی. گرانترین موشەکی سوپای پاسداران موشەکی دژەئاسمانیی ئێس ٣٠٠ـە، کە دروستکردنەکەی تێچوویەکی زۆری هەیە، کەچی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە ئاسانی تێکیانشکاند. لەپاش ئەمانە ترەمپ گوتی ئەوەی ئێستا و زیاد لە هەرکاتێکی تر لەبەر مەترسیدایە، ئێرانە.
چاودێران دەڵێن ئیدارەی پێشووی ترەمپ زۆرترین فشاری بۆسەر تاران هەبووە، لەسەردەمی ترەمپدا ساڵی ٢٠١٥ ئەمریکا تاکلایەنانە پاشەکشەی لە رێکەوتننامەی ئەتۆمی کرد، هەر لەسەردەمی دەستەڵاتی ترەمپدا بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی درا.
فرێد فلیتز چاودێرێکی سیاسییە، دەڵێت ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆک رەنگە سزای زیاتر بخاتە سەر ئێران. ترەمپیش لە بۆنەیەکدا گوتی دەیەوێت ئێران مایەپووچ بکات، بۆیە سزای باشی بەسەریدا سەپاندبوو، کەچی ئیدارەکەی بایدن جێبەجێیان نەکرد. بۆیە ئەگەر خۆی ببێتەوە بە سەرۆک ئەو وڵاتانەش سزا دەدات، کە گەمارۆکانی واشنتن لەسەر تاران پێشێلدەکەن. بۆ نمونە ئەگەر چین سووربێت لەسەر کڕینی نەوتی ئێران، ئەمریکا ناچاردەبێت بڕیاری قورسی لەبارەوە بدات.
ترەمپ دەیەوێت سەرلەنوێ رێکەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ لەگەڵ ئێراندا بکات، بەڵام بە مەرجی قورسترەوە، بۆیە گوتی دەبێت لەگەڵ ئێراندا بگەین بە رێککەوتن، ئەگەر وانەکەین ئەنجامی خراپترمان بۆ قووتدەبێتەوە.
هێشتا ئەوە روون نییە، کە سیاسەتی دەرەوەی هاریس چۆنە، خەڵک نەیبینیوە، بەڵام دەگوترێت هاریس دەیەوێت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی زووتر لەگەڵ ئێراندا بگات بە رێککەوتن، بۆیە هەوڵدەدات لەڕێگای سعودیە یان هیندستانەوە کاریگەریی خۆی بخاتە سەر تاران.