زووم..
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا زۆر گەرموگوڕ دەبێت و بۆ خەڵکەکەشی چارەنوسسازە، دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس قسە نەما بە یەکتری نەڵێن، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمریکا ئاڵۆزە و هەروا بە ئاسانی کەسێک نابێت بە سەرۆک.
کاتێک خەڵک دەنگ دەدەن راستەوخۆ دەنگەکانیان بۆ ترەمپ یان هاریس ناچێت، سەیرتر لەوەش ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگ بهێنێت مەرج نییە هەموو جارێک ببێتە سەرۆک.
بەپێی دەستوری ئەمریکا، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆک ئەنجامدەدرێت. ئەو هەڵبژاردنە دەبێت بکەوێتە سێشەممەیەکی نێوان دووەم بۆ هەشتەم رۆژی مانگی تشرینی دووەمەوە. بۆ ئەمساڵ هەڵبژاردن دەکەوێتە پێنجەم رۆژەوە کە ئەمڕۆ دەکات.
هەڵبژاردنی سەرۆک بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆیە، واتە هاووڵاتییانی ئەمریکا هەندێک نوێنەر هەڵدەبژێرن، پاشان ئەو نوێنەرانە دەتوانن بڕیار لە هەڵبژاردنی سەرۆک بدەن. نوێنەرەکان پێکهاتەیەک دروستدەکەن کە ناوی کۆلیژی هەڵبژاردنە.
ئەم کۆلیژە دەتوانێت پۆستی سەرۆک یەکلایی بکاتەوە، چونکە لە کۆلیژەکەدا 538 کەس دەنگدەدەن و ئەو کاندیدە دەتوانێت سەربکەوێت، کە 270 دەنگی ناو کۆلیژەکە بەدەستبهێنێت.
ئەگەر هیچ کام لەکاندیدەکان نەیانتوانی 270 دەنگ بەدەستبهێنن، ئەوا پەنا بۆ مادەی 12ـی دەستور دەبەن. بەگوێرەی ئەم مادەیە، لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا هەر ویلایەتێکی ئەمریکا مافی یەک دەنگی پێدەدرێت بۆ دەنگدان لەسەر سەرۆک.
کۆلێژی هەڵبژاردن چۆن پۆستی سەرۆک یەکلایی دەکاتەوە؟
هەر ویلایەتێکی ئەمریکا، کە پێکهاتوون لە 50 ویلایەت، چەند نوێنەرێکیان لە کۆلێژەکەدا هەیە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانیان، ئەمەش لە ئەندامەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە وەرگیراوە کە پێی دەڵێن کۆنگرێس. بۆ نمونە: ویلایەتی کالیفۆرنیا چونکە 40 ملیۆن دانیشتوانی هەیە، لە کۆلێژەکەدا خاوەنی 54 نوێنەرە، بەڵام ولایەتێکی وەک داکۆتای باکور کە دانیشتوانەکەی کەمترە لە ملیۆنێک تەنها سێ نوێنەری هەیە.
لە زۆربەی ویلایەتەکان ئەو کەسەی زۆرترین دەنگی خەڵک بباتەوە ئەوا هەموو دەنگی نوێنەرەکان بۆ خۆیەتی. بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی 2020 جۆ بایدن زیاتر لە 11 ملیۆن دەنگی لە کالیفۆرنیا بەدەستهێنا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ شەش ملیۆن دەنگی بردەوە، بەمەش دەنگی نوێنەرەکانی ترەمپ چوون بۆ بایدن.
واتە ترەمپ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا هیچ دەنگی نوێنەرێکی نەبردەوە، بەمەش شەش ملیۆن دەنگی بەهەدەر رۆشت، جۆ بایدنیش هەموو دەنگی نوێنەرەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ئەگەر چەند نمونەیەکی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە، واتە ئەگەر کامالا هاریس، دەنگی نوێنەری چەند ویلایەتێکی گەورە بباتەوە، ئەوا گرنگ نییە لە چەند ویلایەتێکی دیکە بدۆڕێت. واتە ئەگەر تەکساس و فلۆریدا و مزوری بباتەوە، کە بە هەرسێکیان 80 دەنگی نوێنەریان هەیە، ئەوا گرنگ نییە کە دەنگی ویلایەتێکی وەک ڤێرجینیا بدۆڕێنێت کە خاوەنی 13 نوێنەرە لە کۆلێژی هەڵبژاردن.
هەر ئەمەش بوو وایکرد دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016 لە هیلاری کلینتن بباتەوە لەکاتێکدا کلینتن سێ ملیۆن دەنگی لە دەنگەکانی ترەمپ زیاتربوو.
ویلایەتە جێگۆڕکێکەرەکان
شتێکی دیکەی هەڵبژاردنی ئەمریکا کە جیاوازە ئەوەیە ئەمجارە حەوت ویلایەت هەن بۆ هیچ کام لەکاندیدەکان یەکلاینەبوونەتەوە. ئەمانە پێیاندەوترێت ویلایەتە جێگۆڕکێکەرەکان، واتە دیار نییە خەڵکی ئەو ویلایەتانە دەنگیان بۆ کێ دەبێت.
هەر بۆیە هەردوو کاندید چاویان لەسەر ئەم ویلایەتانە دەبێت بۆ بردنەوە کە ئەوانیش بریتین لە: پەنسلڤانیا، جۆرجیا، مشیگن، ویسکانسن، نیڤادا، ئەریزۆنا و کارۆلاینای باکوور کە سەرجەمیان خاوەنی 93 دەنگی کۆلێژی هەڵبژاردنن.
بەگوێرەی راپرسییەکی ئە بی سی نیوز، پەنسلڤانیا کە زۆرترین چاوی لەسەرە و خاوەنی 19 دەنگی هەڵبژاردنە بۆ هیچ کام لە کاندیدەکان یەکلانەبووەتەوە و دەنگەکانیان یەکسانە. هاوکات لە نیڤادا، جۆرجیا و کارۆلاینای باکور ترەمپ بە یەک خاڵ لەپێشە کە کۆی دەنگەکانیان 38 دەنگە، لە ویلایەتی ئەریزۆناش ترەمپ بە دوو خاڵ لەپێشە کە کۆی دەنگەکانی 11 دەنگە. کامالا هاریس تەنها لە ویلایەتی ویسکانسن و مشیگن لەپێشە کە کۆی دەنگەکانیان پێکەوە 25 دەنگە.