زووم..
ئەمڕۆ خەڵکی ئەمریکا بەرەو سندوقەکانی هەڵبژاردن دەچن تا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرن، بەڵام ئەوەی گرنگە کاتی دەستپێک و کۆتایی هەڵبژاردنەکان بزانیت، لەگەڵ کاتی دەرچوونی ئەنجامەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 05-11-2024 کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن لە ئەمریکا دەستپێدەکات و 244 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. تا ئێستا لە دەنگدانی پێشوەختە 78 ملیۆن کەس دەنگیان داوە.
یەکەم بنکەی دەنگدان لە ویلایەتی ڤێرمۆنت دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ویلایەتەکانی ئەمریکا جیاوازی کاتیان هەیە، دەنگدان لە چەند کاتێکی جیاوازدا کۆتایی دێت.
لە کاتژمیر 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دەنگدان لە چەند ویلایەتێک کۆتایی دێت، بەڵام لە بەشێکی دیکەی ویلایەتەکان دەنگدان بەردەوام دەبێت و کۆتا بنکە لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان دادەخرێت.
رکابەری نێوان دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس زۆر تووندە بەوپێیەی زۆربەی راپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەنجامەکانیان لە یەکدییەوە نزیکە. کۆتا راپرسی کە ئەنجامدراوە لەلایەن ئێن بی سی نیوز، دەریدەخات هەردوو رکابەر رێژەی بردنەوەیان وەک یەکدییە و هەریەکیان 49%ـی دەنگی خەڵکی ئەمریکا بەدەستدەهێنن. ئەمە وادەکات راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دوابکەوێت.
لە هەندێک لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەمریکا کاندیدی سەرکەوتوو لە شەوی هەڵبژاردن یان رۆژی دواتر راگەیەندراوە، بەڵام ئەمجارە ئەو کارە زۆر سەخت دەبێت و میدیاکانی ئەمریکا پەلە ناکەن لە راگەیاندنی براوە.
بەشێک لە هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رەنگە لە ویلایە یەکلانەکراوەکان، کە پێک دێن لە حەوت ویلایەت و نازانرێت کێ براوە دەبێت تێیدا، هەژماکردنی دەنگەکان دووبارەبکرێنەوە بەتایبەتی ئەگەر جیاوازییەکی زۆر کەم لە دەنگەکانی هەردوو کاندید هەبن.
لە هەڵبژاردنی 2020 دەنگدان لە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو 7ـی هەمان مانگ جۆ بایدن وەک براوە رانەگەیەندرا دوای ئەوەی کە ئەنجامی دەنگدەکانی ویلایەتی پەنسلڤانیا یەکلاییکرانەوە کە یەکێکە لە ویلایەتە یەکلانەکراوەکان.
بەڵام لەساڵی 2016لە کاتژمێر 11ـی رۆژی دوای هەڵبژاردن دۆناڵد ترەمپ بە براوەی هەڵبژاردن راگەیەندرا.