زووم
لەناو کاندیدەکاندا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ناوی ترەمپ و هاریس دەبیسترێت، بەڵام بەدەر لەوان کەسانی دیکەش هەن کاندیدن و ناویان بە کەمی دەهێنرێت.
کارنڵ وێست یەکێکە لە کاندیدەکان، فەیلەسوفە و بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئاینناسیدا هەیە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیەکەی خۆی، سیاسی و سەرمایەدارێکی سەربەگۆبەندی وەک ترامپی دەوێت، یاخود فەیلەسووفێک کە لەبارەی ئاینەکانەوە گوتاری هەبێت؟
کارنڵ وێست لە رۆژی پێنجی حوزەیرانی ٢٠٢٣ـوە سیڤیی خۆیی ناردوە بۆئەوەی وەک کاندید پاڵێوراوبێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ناوبراو مامۆستایەکی زانکۆی هارڤاردە، کورسیی دیتریخ بانهۆڤەری هەبوو لە بواری ئاینناسیدا. لە زانکۆی یاڵ و پرینستن وانەی گوتۆتەوە. بیست دانە کتێبی بڵاوکراوەی هەیە لەبارەی دیموکراسی و جیاوازیی رەگەزیی نێوانی مرۆڤەکانەوە.
ئەم مامۆستایە لە ساڵی ١٩٥٣ لە تیوڵسای ویلایەتی ئۆکلاهوما لەدایکبووە، لە کالیفۆرنیا گەورە بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری زمانەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستهێناوە. پاشانیش لە ساڵی ١٩٨٠ـدا دکتۆرای لە ئاینەکاندا بەدەستهێناوە.
چەندان ساڵە لەناو ریزی سۆشیال دیموکراتەکانی ئەمریکادا کەسایەتییەکی چالاک و بەرچاوە، زۆرجار ناڕەزایی لە دژی سیستمی کارکردنی دەستەڵاتی سەرمایەداریی ئەمریکا دەربڕیوە. لە ناو خۆپیشاندانەکانی رەگەزە جیاوازەکانی ئەمریکادا بەشدار بووە و کەلەپچەش کراوەتە دەستی. لە ئێستادا کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.