زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمریکا لەنێوان دوو بژاردەدایە و شەقامیش ترسی لێنیشتووە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى زیاتر لە چوونە سەر سندوقەکانى دەنگدان ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دەنگدەرانى ئەمریکا زیاتر دەبێت، لەبەرئەوەى لەنێو شەقامی گشتیدا متمانە بە سیستمى هەڵبژادنى ئەمریکا کەمبووەتەوە، زۆرینەش گومانیان خستووەتە سەر ئەو دەنگانەى بە پۆستە رەوانەکراون لە شەممەى رابردووەوە، هەندێکى دیکە ترسیان لەوە هەیە هەڵبکوترێتە سەر سندوقەکانى دەنگدان و بەشێوەیەکی بەرنامەرێژکراوى ئەلیکترۆنی گۆڕانکاریی لە دەنگەکاندا بکرێت، هەربۆیە لە نێو زۆرینەى ناوەندەکانى دەنگداندا ژمارە مۆبایلى پۆلیسی ناوخۆیی بڵاوکراونەتەوە بۆ ئەوەى ئەگەر یەکێک دیاردەیەکى نائاسایی بینى بە خێرایی پەیوەندییان پێوە بکات.
سەباح
ترەمپ و هاریس لەیەکەوە نزیکن، بەڵام هاریس دەنگی ژنان و بەتەمەنەکان دەبات
بەگوێرەى دوایین راپرسییەکان کە لە لایەن یەکێک لە ناوەندە باوەڕیپێکراوەکانى ئەمریکاوە ئەنجامدراوە کامالا هاریس لە هەندێک ویلایەتدا سێ خاڵ لە پێشەوەیە.
دامەزراوەى سیزلەر ئەنجامی راپرسییەکى بڵاوکردوەتەوە، کە رۆژى شەممە ئەنجامی داوە، کامالا هاریس لە ویلایەتى ئۆهایۆ لایەنگری زۆرە بەتایبەتى لەنێو خەڵکانى بەتەمەن و ژناندا.
راپۆرتى دامەزراوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە رێژەى دەنگدانى ژنان لە نێوان کامالاو ترەمپ دا (50 بە 30) یەو جیاوازییەکەشیان 20 خاڵە، بەڵام لەنێو ئەو ژنانەى تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵییەوەیە رێژەکە 63 بە 28ـە.
لە هەمانکاتدا راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە کە هاریس لەنێو ژنانى سپی پێستدا دەنگدەرى کەمە و جیاوازییەکانی لەگەڵ ترامپ تەنها 4 خاڵە.
عەرەب
ئەگەر ترەمپ و کامالا زۆینەى دەنگەکان بەدەستنەهێنن چى روودەدات؟
ئەگەر کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ هیچیان نەتوانن زۆرینەى دەنگەکان بەدەستبهێنن و وەک یەکبن ئەمە ترس و دڵەراوکێی لای بەشێک لە ئەمریکییەکان هێناوەتە پێشەوە و بەشێک لە شرۆڤەکاران لەوبڕوایدان هەرچەندە حاڵەتەکە تارادەیەکى زۆر دەگمەنە، بەڵام ئەگەر هاتە پێشەوە ئەوا بۆ هەڵبژاردنی 47 هەمین سەرۆکی ئەمریکا کە حاڵەتێکى لەوشێوەیەدا ئەنجومەنى نوێنەران هەڵبژاردنى سەرۆک دەخاتە کاتێکى دیکە و بەدەنگی ئەوان یەکلایی دەکرێتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە گریمان ئەگەر کامالا هاریس ویلایەتەکانى ویسکنسن، مێشیگن، پەنسلڤانیا بەدەستبهێنێت و ترەمپیش ئاریزۆنا، نێڤادا و کارولایناى باکوور و نبراسکا بباتەوە، دەنگەکان یەکسان دەبنەوە و کێشەکە دروستدەبێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم حاڵەتە لەمێژوى ئەمریکادا تەنها یەکجار و لە ساڵی 1800 دا دروستبووە، ئەویش لە نێوان جۆن ئادامزی کاندیدی پارتى فیدراڵی و تۆماس جیفرسۆنى کاندیدى کۆماریی دیموکراتیدا بووە و هەریەکەیان 73 دەنگیان بەدەستهێناوە، هەربۆیە هەڵبژاردنەکەیان درێژەى کێشا و دواى 36 دانیشتن لە ئەنجومەنى نوێنەران جیفەرسۆن دیاریکرا.
جەریدە
ئەمڕۆ ئەمریکییەکان سەرۆکى وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن
ئەمڕۆ ئەمریکییەکان دەچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و نوێنەرانى خۆیان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەى ئەوانیش 47 هەمین سەرۆکی وڵاتەکەیان دیاریی بکەن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەمڕۆ یەکێکە لە رۆژە هەرە گەرمەکانى کێبەرکێی سەرۆکایەتیى ئەمریکا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەرچەندە دادگاى ئەو وڵاتە دۆناڵد ترامپى بە 34 تۆمەت تاوانبارکردووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی ئەوەى لە کێبەرکێی سەرۆکایەتى دووری بخاتەوە.
ترەمپ تۆماری بازرگانى دەستکاریی کردووە، بەشێوەی نهێنى پارەى داوە بۆ کارەکتەرى فیلمە سێکسییەکان لەبەرامبەر هەڵبژاردنى بێدەنگیدا و چەند تاوانێکى دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا کامالا ژنێکى کۆڵنەدەرە، هەرچەندە لە دایکێکى هیندى و باوکێکی جامایکی لەدایکبووە بەڵام ئەو ئەمریکیەکى سەرسەختە و لەپێناوى بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا دەجەنگێت و دەیەوێت ببێتە یەکەم سەرۆکی ژن لە مێژووى ئەمریکادا.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە کامالا یەکەم ژن بووە بووەتە داواکاری گشتىى کالیفۆرنیا، یەکەم ژن بووە بووەتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئێستاش دەیەوێت ببێتە یەکەم ژنى سەرۆکى ئەمریکا.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
کرماشان پلەی یەکەمی نەهامەتی هەیە لە ئێراندا
پێوەرەکانی نەهامەتی لە پارێزگای کرماشان گەیشتە 48 و پارێزگاکانی دیکەی ئێرانی تێپەڕاند و ئێستا خراپترین دۆخی ئێرانی هەیە.
پێوەرەکانی نەهامەتی کە لە رێژەی بێکاری و هەڵاوسانی ساڵانە دەردەکەوێت، گوزارشت لە بارودۆخی ئابووری و خۆشگوزەرانی هەر پارێزگایەک دەکات؛ تا ئەم پێوەرە بەرزتر بێت، دۆخی ئابووری و خۆشگوزەرانی خراپتر دەبێت.
ئامارەکان دەریدەخەن ئەمساڵ کرماشان خراپترین بارودۆخی هەبووە و ناوچە سنوورییەکان بەراورد بە ناوەندییەکان دواکەوتوون.
گۆڕانی پلەی یەکەمی نەهامەتی لە لوڕستانەوە بۆ کرماشان ئاماژەیە بۆ دۆخێکى قورس لەسەر خەڵکی کرماشان لە بواری بێکاری و هەڵاوساندا.
روزگار
گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی لەسەر مێزی تاراندایە
ئەگەری گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی ئێران له ئارادایه و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە هەڕەشەی ئیسرائیلە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و وەڵامدانەوەی بەرامبەری ئێران.
هۆکارێکی دیکەی ئەم ئەگەرە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە و ئەگەری دەنگدانی خەڵک بە بژاردەیەکی لەبارتر بۆ ئێران.
خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەریدەخەن تابلۆی هەڕەشەی ئەتۆمی لە ئێراندا خەریکە دەشکێت و ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئێران سزای زیاتری بەسەردا بسەپێندرێت یان هەڕەشەی هێرشی لێبکرێت لەوانەیە پیتاندنی یۆرانیۆم تا رێژەی 90%ـى بەرز بکاتەوە.
لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە راپرسییەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن 69%ـى ئێرانییەکان پشتیوانی لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەو وڵاتە دەکەن.
ئەبرار
31هەزار گوندی ئێران چۆل بوون
عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری سەرۆککۆمار بۆ گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە کەمداهاتەکانی ئێران رایگەیاند، دۆخی گوندەکان لە مەترسیدان و دەڵێت، لە کۆی 69 هەزار گوندی ئێران تەنها 38 هەزار گوند دانیشتوویان هەیە.
ئەو ئاماژەی بە رەوتی کۆچی خەڵکی گوندەکانی لە 45 ساڵی رابردوودا کرد و هۆکارەکانی ئەم کۆچکردنە بەرفراوانەی بە نەبوونی هەلی کار و دابەزینی کوالیتی ژیان و گۆڕانی کەشوهەوا زانی و جەختی لە سەر پێویستی باشترکردنی بارودۆخی گوندەکان کرد.
هەروەها باسی لە ئاستەنگە جدییەکان کرد لە گەشەپێدانی گوندەکاندا کە پێویستیان بە سیاسەتی بەرفراوان و سەرنجی خێرا هەیە.
ئاسیا
داهاتووی ئابووریی جیهان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادایه
لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پێشهاتە ئابووری و سیاسییەکان کاریگەریی بەرفراوانیان لەسەر دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی، بەتایبەتی لە ئێران.
ئەگەر کامالا هاریس هەڵبژێردرێت، پێشبینی دەکرێت ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی 2025 بە رێژەی 1.7 گەشە بکات و هەڵوێستی ئەمریکا دژی ئێران زۆر توند نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵبژاردنی ترەمپ رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی باج و گرژییە بازرگانییەکان لەگەڵ چین، ئەمەش ببێتە هۆی پارچەبوونی ئابووری جیهانی و بە تایبەت فشار و سزا و هەڕەشەی زیاتر لەسەر ئێران.
ئەم هەڵبژاردنه کاریگەریی گرنگی لەسەر پەیوەندی بازرگانی و دۆخی ئابووری دەبێت و نیگەرانی بازاڕەکان چڕتر بووەتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
بەرامبەر ئەوانەی بە شێوەیەکی بەربەرییانە هێز بەکاردەهێنن، رادەوستینەوە
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی ئەحمەد تورک سەردانی ماردینی کرد و رایگەیاند دەسەڵات لەژێر سترێسدایە و دەیانەوێت بەم کارانە رێڕەوەکە بگۆڕن.
ئۆزگور ئۆزەل شەوی رابردوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانی ماردین، گەیشتە ماردین و رایگەیاند، پێشتر بەنیازبووم بێم سەردان بکەم بەڵام هێرشەکەی سەر سوتاش رێگر بوو، لە دیاربەرکەوە گەڕامەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی ئاشتی، ئەحمەد تورک کۆتری ئاشتیە، ئێستا دەرکەوت لەشوێنێکداین کە چیتر قسە سودی نیە. ئەمە سێهەمجارە لە ماردین دژی ئیرادەی خەڵک هێز بەکاردێت.
جمهوریەت
ئێشکگرتنی دیموکراسی دەستپێدەکات
دوای ئەوەی کە قەیووم بۆ شارەوانی ئەسەنیورت دانرا، ئەندامانی جەهەپە دەستیان داوەتە ئێشکگرتنی دیموکراسی. ئەمە لەکاتێکدایە ئەو ئەندامانەی جەهەپە کە سەردانی شارەوانیەکە دەکەن رێگرییان لێدەکرێت لە چوونەژوورەوەیان. کلیل دراوە لە ژووری سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورت و تابلۆی بەردەم شارەوانیەکەش لێکراوەتەوە.
لەبەرامبەردا ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت میللەت و وڵاتمان لەم دەسەڵاتە رزگار دەکەین.
ئانالیز
هاریس یان ترەمپ؟ ئەگەر ترەمپ بیباتەوە چی روودەدات
زۆرێک لە شارەزایانی دیپلۆماسی وای بۆ دەچن ئەگەر کامالا هاریس یان دۆناڵد ترەمپ دەربچن ئەوا لە رووی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکاوە هیچ گۆڕانکارییەک روونادات، بەڵام بە هەڵبژاردنی ترەمپ، زۆرێک لە سەنگەکانی جیهان دەگۆڕێت. یەکەمیان زیادبوونی سزا سەپیوەکانە لە رووسیاوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئێران. لەم دۆخەشدا ئەگەری زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە زیادبووندا دەبێت. لەلایەکی دیکەوە لەسەر پرسی عەرەبستانی سعودیە، دەشێت رێککەوتنی ئیبراهیم جارێکی دیکە بکەوێتەوە گەڕ. لەلایەکی دیکەوە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا هێزی خۆیان لەدەست دەدەن.
یەنیچاغ
وازمان لە برسێتی و هەژاریی هێناوە، خەریکی قەیوومین
بەپێی داتای تویک (دەزگای ئامار و راپرسی تورکیا) لە سەری ساڵی تازەوە، بە رەچاوکردنی تەواوی زانیارییەکانی دیکە، باجی هاتووچۆ، سزاکان، چاودێری ئۆتۆمبێل گومرگی ئۆتۆمبێل، مافی پەڕینەوە بە رێگاوبان و پردەکان، بەڕێژەی لەسەدا 43.9 زیاد دەکات.
لەکاتێکدا تورکیا رۆژەڤی خۆی گۆڕیوە، لە برسێتییەوە بۆ دانانی قەیووم، کە ئەمەش گۆڕینی رۆژەڤە و هیچی دیکە، نرخی نوێی خانوو، کرێی نوێ دیاریکراوە و بەمەش بە رەچاوکردنی لەگەڵ نرخی پێشوویدا بە رێژەی لەسەدا 12.1 هەڵاوسان لەو کەرتەدا هەیە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
فاراج بە ترەمپ دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر شتێک بوون پەسەندیان بکە
رەوشی واشنتن نائارامە، هەڵبژاردنێک بەڕێوەدەچێت کە کاندیدەکان ئاستیان نزیکە لە یەکترەوە. نایجڵ فاراج کەسایەتیی سیاسیی بەریتانی دەڵێت، ئەگەر ترەمپ لە بەرامبەر بە کامالا هاریسدا بە خراپی دۆڕا، پێویستە لەسەری ئەنجامەکان وەک خۆیان قبوڵ بکات.
نایجڵ فاراج ئەندام پەرلەمانێکی بەریتانیایە و هاوڕێیەکی دێرینی ترامپیشە، لەلای خۆیەوە ئامۆژگاریی ترەمپ دەکات، دەزانێت لە ئەمڕۆدا بارگاویترین هەڵبژاردن لەناو مێژووی نوێی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت. فاراج چوەتە ئەمریکا و لە پاڵم بیچ سەردانی ماڵی ترامپی کردووە، لەوێ پەیامنێری دەیلی تەلەگراف دیدارێکی لەگەڵیدا ئەنجامداوە، فاراج گوتویەتی، ئەگەر ئەنجامەکان بەو شێوەیە بوون، کە ترەمپ بە خراپی دۆڕاندی، ئەوا واباشە بەبێدەنگ بکشێتەوە و بچێت لە گۆڕەپانەکەی تێرنبێری یارییەکی گۆڵف بکات.
گاردیەن
هاریس یان ترەمپ؟ ئەمریکا لەبەرامبەر چرکەساتێکی حەق و حسابکردندا وەستاوە
چرکەساتی حەق و حسابکردنەکەی ئەمریکا هاتووەتەپێشەوە. ئەمڕۆ لەو وڵاتە هەڵبژاردنێکی مێژوویی ئەنجامدەدات، کە لە هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوو ناچێت. لە رووداوێکی دانسقەی مێژووییدا ژنێکی رەشپێست ململانێ لەگەڵ سەرۆکێکی پێشوودا دەکات، کە کەسانی نزیک و دەوروبەری خۆشی دەزانن کەسێکی فاشیستە. کامالا هاریسی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپی کۆماری ئەم هەفتەیەیان بە ئەنجامدانی چەند گەشتێکی بانگەشەکردن بۆ ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان کۆتایی پێهێنا، هەردووکیشیان بەپێی راپرسییە ئەنجامدراوەکان دەزانن کە هاوشانن و ئەنجامەکانیان زۆر نزیکە لە یەکترەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
ئەمریکا دەنگ دەدات و ئاستی هەردوو کاندیدەکەش وەک یەکە
رۆژنامەی ئەمڕۆی فاینەنشیەڵ تایمز لەسەر لاپەڕەی یەکەمی پرسیارێکی سەرەکیی وروژاندوە، دەڵێت ئایا جیهان بە بردنەوەی هاریس سەلامەتتر دەبێت یان ترامپ؟
هەردوولای هاریس و ترەمپ دووایین رۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیان لە پەنسەلڤانیا بەسەربرد. زەمینەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەمریکا زۆر گەرم بوو، بەڵام بەپێی راپرسییەکان هەردوو کاندیدەکە ئەنجامەکانیان وەک یەکە، یان زۆر نزیکن لە یەکترەوە. ئەگەری گەیشتن بە دەوڵەتمەداری لەناو کۆشکی سپیدا بۆ هەردوو کاندیدەکە وەک یەکە. بۆیە لە چەند کاتژمێری رابردوودا چاوەکان بە گشتی لەسەر ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان بوون، دەشێت ئەوان بڕیار بدەن، داخۆ لەنێوانی پاڵێوراوی دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا کامیان وەک کەسی یەکەم دەچنە کۆشکی سپی!
ئۆرشەلیم پۆست
ترەمپ دوایین هاواری خۆی ئاراستەی دەنگدەرە جووەکان دەکات
ئەلیزابیس پیپکۆ گوتەبێژی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمارییەکان لە دیدارێکیدا بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست دەڵێت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو ئەو جەنگاوەرە جووەی ئەمریکایە، کە بە راستی ئێمە پێویستمان پێیەتی بۆئەوەی بتوانێت لە رۆژگاری ئەم سەردەمەی ئێستای جیهاندا بە رووی خراپەکاراندا بوەستێت.