زووم..
دەزگای میدیایی بوار بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی، وریا عەبدولخالق رۆژنامەنووسى دەزگاکەیانى بە سەختی بریندار دەکات.
بە گوێرەى راگەیەنراوەکەى دەزگاى بوار، دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق رۆژنامەنوسی دەزگای میدیایی بوار لە سایتی بوار هەواڵێکی لەسەر رێگری ئەفسەرێکی یەکێتیی نیشتمانی بڵاوکردەوە، کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی “بەشێوەیەکی مافیاگەرانەو دڕندانە پەلەماری یۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن”.
دەزگاکە راشیگەیاندووە، ئەو پەلامارە مافیاییەی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی حوکمی و حیزبی لەناوچەکە چەند جارێک لەسەر هەڕەشەکانی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی دڕندانەو دوور لە عورف و کلتوری کوردی بەناوی ئەوەی، کە سەردانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن و داوای لێبوردنی لێدەن، کاتێک ئەو پاسەوانانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەگەن بۆ لای ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق بە چەقۆ و دەمانچە هێرش دەکەنەسەری و بە سەختی برینداری دەکەن”.
هەروەها رایگەیاندووە، ئێمە لەدەزگای میدیایی بوار، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت.
جەختى لەوەش کردووەتەوە، ژیان و سەلامەتی رۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە ئەندامی یەکێتیی نیتشمانیی کوردستانە و ناوی ”تەحسین تەها محەمەد”ەو بە پلەی عەقید لە فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە دەوام دەکات.
دەزگاکە داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە ئازادی رادەربرین و ڕێکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان و کونسوڵ و نێردەی وڵاتانی جیهانی دەکات لە هەرێمی کوردستان، کە هاوکارمان بن لە بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ناو و ناسنامەیان ئاشکرایەو پێشلکردنێکی ئاشکرای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو هەوڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسێکی دیاری کوردستانیان داوە.