زووم..
بەرەی گەل و کۆمەڵی دادگەری دەڵێن، پێویستە تانەی لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بارەگای بەرەی گەل لە هەولێر کۆبوونەوە.
لاهور شێخ جەنگی لە بڵاوکراوەیەکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە نووسیویەتی، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی هەڵبژاردن لە ئەنجامەکان لەبەرچاو بگیرێت.
جەختیان لەوەشکردووەتەوە، تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو “ساختەکارییەوە” پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان لاوازتر دەکات.
بەرەی گەل و کۆمەڵی دادگەری دووپاتیانکردووەتەوە، “ئەو دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان.”