زووم..
پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی بۆ سەردانیکردنی لایەنەکان پێکهێنا، بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە زوومی گوت، لیژنەکە لەلایەن هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرپەرشتی دەکرێت.
گوتیشی، لە رۆژانی ئایندەدا سەردانیی لیژنەکە بۆ لای سەرجەم لایەنەکان دەستپێدەکات.
ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی بۆ سەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاندیدی پارتین، هەردوو پۆستەکە بە مافی خۆیان دەزانن لەبەر ئەوەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە و جیاوازی نێوان کورسییەکانی پارتی براوەی دووەم و لایەنەکانی دیکە زۆرە.