زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
لە تورکیا لە هەر پێنج منداڵێک یەکێکیان کاردەکات
لەماوەى پێنج ساڵدا ژمارەى ئەو منداڵانەى لەسەر شەقامەکانى تورکیا سواڵ دەکەن گەیشتووەتە 19 هەزار و 500 منداڵ. هەروەها 50 هەزار و 293ـى دیکەش کاری قورس دەکەن.
بەگوێرەى ئامارەکان لە ساڵى 2023ـدا ژمارەى ئەو منداڵانەى تەمەنیا لەنێوان 15 بۆ 17 ساڵاندایە و کاردەکەن گەیشتووەتە 22.1%ـى تەواوى منداڵانی تورکیا.
بەهۆی هەژارییەوە لە ساڵى 2023ـدا 10 هەزار ە 471 کچ لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە بە شوو دراون.
میللییەت
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەرەوپێشچووە
لەماوەى پێنج ساڵی رابردوودا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 40 ملیار دۆلار ساڵانە.
هەردوو وڵات پێشبینی ئەوە دەکەن لە ماوەى پێنج ساڵی ئایندەدا ئەو رێژەیە بەرزبکەنەوە بۆ 100 ملیار دۆلار ساڵانە. پسپۆڕان دەڵێن، پێشکەوتنى پەیوەندییە ئابوورییەکان هەوڵێکی باش و ئەرێنییە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
حوڕییەت
لەماوەى 48 کاتژمێردا 55 منداڵ کوژراون
بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لەماوەى 48 کاتژمێردا 55 منداڵ کوژراون.
بەگوێرەى ئامارەکان لە 7ـى تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تائێستا بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە 17 هەزار و 210 منداڵ کوژراون.
سەباح
ژمارەى سەربازەکانى تورکیا لە رۆژاڤای کوردستان زیاتر دەکرێت
رۆژنامەکە نووسیویەتى، تورکیا لە ئامادەکاریدا بۆ دەستەبەرکردنى ئاسایشی سنووری وڵاتەکەى بۆ ئەو مەبەستەش سوپای تورک زیاتر لەناوچەکان عەفرین، جەرابلوس، ئیدلیب و گرێ سپی و ناوچەکانی دیکە جێگیر دەکرێن.
سولەیمان قەرەدەنیرز، سەرۆکی فەرماندەى تیمی تایبەت رایگەیاندووە، لەئێستادا هەزار و 200 سەربازی تورکیا لەو ناوچانە لە ئەرکدان بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
مەسعود پزشکیان هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران وێڕای رەخنەگرتن لە روانگەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەوە کردەوە حکومەتی ئێران بە دوای ئاشتی و سەقامگیریدا دەگەڕێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە پەرەسەندنی قەیران و شەڕ.
پزشکیان ئاماژەی بەوەشکرد سەرکردەکانی ئیسرائیل “زۆر باش دەزانن ئەگەر هەر هەڵەیەک لە دژی ئێران ئەنجام بدەن، وەڵامی توندیان بۆ دێت، بەڵام ئەگەر بە رەفتارەکانیاندا بچنەوە و ئاگربەست قبوڵ بکەن و واز لە شەڕ بهێنن، رەنگە کاریگەری لەسەر چۆنایەتی و چەندایەتی وەڵامدانەوەی ئێران هەبێت.
هەمدلی
تورکیا ناوبژیوانی پەیامەکانی ئیسرائیل بۆ ئێران دەکات
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و گەیاندنی پەیامەکانی ئیسرائیل بە ئێران لە رێگەی ئەمریکاوە راگەیاند.
فیدان دەڵێت، تورکیا هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی ئاگربەستی کردووە، بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجی نوێ پێشنیاز دەکات بۆ کڕینی کات و گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانی.
بە گوتەی ناوبراو، تورکیا لە رێگەی کەناڵی ئەمریکییەوە پەیامی بە ئیسرائیل گەیاندووە و لەم پرۆسەیەشدا پەیامی پێویستی بە ئێرانیش گەیاندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
باختەر
گرانی خواردنی میوەی لە کرماشان کەمکردەوە
بەرپرسی سەندیکای سەوزە و میوە فرۆشانی کرماشان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی میوەی لەم شارە راگەیاند، کە بۆتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارھێنانی لەلایەن خەڵکەوە و کێشەی بۆ بنەماڵەکان و بەرھەمھێنەران دروستکردووە.
عیزەتوڵڵا گەوهەربایی، بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی کشتوکاڵی، تێچووی کار و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە هەندێک ناوچەدا، هۆکاری سەرەکی ئەم نرخە بەرزە بە پشێوی لە بازاڕدا دەزانێت.
بە گوتەی ناوبراو، زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی گرانیەوە ناچارن خواردنی میوە کەم بکەنەوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیی ئەوان و بازاڕی میوە هەبووە.
تەجارەت
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاریگەری قووڵی لەسەر ئابووریی ئێران دەبێت
هەڵاوسان لە بازاڕەکانی ناوخۆدا وابەستەیی ئابووریی وڵات بە سیاسەتەکانی ئەمریکا نیشان دەدات.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان رایگەیاند، گۆڕانکاری لە سزاکانی ئەمریکا و هەڵوێستی هەر کاندیدێک سەبارەت بە سیاسەتی بازرگانی، بەتایبەتی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت، کاریگەری لەسەر چالاکییەکان و دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران دەبێت.
ناوەندەکە دەشڵێت، درێژەی سزاکان توانای ئێران بۆ چوونە نێو بازاڕە جیهانییەکان سنووردار دەکات و کاریگەریی لەسەر داهاتووی فرۆشتن و داهاتی نەوت و پەیوەندییە بازرگانییەکان دەبێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل ئامانجەکانى لە عێراق دیاریکردووە و دڵەڕاوکێش بەرۆکی عێراقیەکانى گرتووە
رۆژنامەى تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زارى بەرپرسانى ئیسرائیلەوە کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت بڵاویکردووەتەوە لە رێگەى مانگە دەستکردەکانەوە ئیسرائیل چاودێریی گواستنەوەى مووشەکە بالیستى و پێداویستییەکانى دەکات لە ئێرانەوە بۆ عێراق و دەشزانن دەیانەوێت کوێ بکەنە ئامانج لەو هێرشەدا کە ئێران دەیەوێت ئەنجامی بدات و ئیسرائیلیش خۆی بۆ ئامادەکردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئیسرائیل چاودێریی ئەو گرووپانەش دەکات کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەڵام ئەوەى کە عێراقییەکانى نیگەرانکردووە ئەوەیە هێرشەکەى ئیسرائیل کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکانى کارەبا بکاتە ئامانج، لەو بارەیەوە فادى شەمەریی راوێژکاری محەمەد شیاع سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاندووە، ئەوان هەموو رێککارە ئەمنى و سەربازییەکانیان گرتووتە بەر بۆ ئەوەى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکارنەهێنرێت، ئەوە لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکانى عێراق کە خۆیان ناوناوە بەرەى مقاوەمەى عێراقى هەوڵەکانى خۆیان چڕکردوەتەوە تا لەناوخۆی ئیسرائیلەوە هێرشەکانیان ئەنجام بدەن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى ئیسرائیل ئەو شوێنانەى دیاریکردووە کە هێرشیان بکاتە سەر ئەگەر لە عێراقەوە هێرش ئەنجام بدرێت کە بەشێکیان پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە.
سەباح
ئەمساڵ لە عێراق ئاو زۆردەبێت و سەرچاوەکانیش دەبوژێنەوە
عۆن زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایگەیاند، چاوەڕێی بارانی زیاتر دەکەن لە ناوچە جۆراوجۆرەکانى عێراقدا ببارێت و چاوەڕێش دەکرێت لە هەندێک ناوچە لافاوی لێبکەوێتەوە و بەگوێرەى بەداواداچوونەکانیشیان بارانبارین تاوەکو رۆژى سێشەممەش بەردەوام دەبێت بەتایبەتى لە بەشى رۆژهەڵاتى هەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى لە هەرێمى کوردستان،.
راشیگەیاندووە، بەفر و بارانى ئەو دووپارێزگایە روبارى دیجلە دەبوژێننەوە، هەرچەندە لە رووى رێژەوە پێدەچێت باران لەچاو ساڵی پاردا کەمبکات، بەڵام سودێکى زۆرتری دەبێت و زۆرینەى بەنداو و پۆندەکانمان پڕدەبنەوە.
دەستور
رێگەى گەشەپێدان بە وڵاتانى ئەوروپاوە دەبەسترێتەوە
وەزیری گواستنەوەى عێراق ئاشکرایکرد ئەنقەرە لیژنەیەکی چوارقۆڵی لەگەڵ مەجەر و بولغاریا و سربیا پێکهێناوە بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ بەستنەوەى رێگەى گەشەپێدان بە ئەوروپاوە دواى ئەوەى کۆبوونەوە هونەرییە چوار قۆڵییەکەى عێراق کۆتاییهات.
راشیگەیاندووە، دەرگا کراوەیە بۆ هەر وڵاتێک ئەگەر بیەوێت پەیوەست ببێت ئەو رێگەیەوە.
گوتیشى، نەخشەى هێڵی ئاسنینى رێگەکە بەڕێژەى 100% تەواوکراوە، پشکنین بۆ زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری کراوە و بەندەری فاویش وەک یەکەم وێستگەى رێگەکە 75% ـى تەواوبووە، جەختیشى کردووتەوە تورکیا سوورە لەسەر سەرکەوتنى پرۆژەکە و بەستنەوەى پرۆژەکە بە وڵاتانى ئەوروپاوە لەگەڵ عێراق و مەجەڕ و بولغاریا و سربیا لیژنەیەکی چوارقۆڵییان دروستکردووە و لەم ماوەیەشدا وەزیرانى گواستنەوەى عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات لە بەغداد کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى فراوانکردنى نەخشەى رێگەى گەشەپێدان.
عەرەب
پارتى بەدواى ئاسۆیەکدا دەگەڕێت بۆ پێکهێنانى حکومەت و یەکێتیش ئاستەنگ دروستدەکات
پارتى دیموکراتى کوردستان کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانە بە بەدەستهێنانى 39 کورسی، هەنگاوەکانى بە ئاڕاستەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت دەستپێکردوە و بۆ ئەومەبەستە هوشیار زێباری ئەندامى مەکتەبی سیاسی کردوەتە سەرۆکی لیژنەی دانوستانکار تاوەکو لەگەڵ لایەنە براوەکانى دیکە دەست بەسەرەتاکانى دروستکردنى حکومەتى نوێ بکەن.
میدیاکانى ئەو حزبەکە بڵاویانکردەوە، دواى کۆتاییهێنانى کۆمسیۆن بە تانەکان، راستەوخۆ لیژنەکەیان دەست بەکارەکانی دەکات.
رۆژنامەى عەرەب نووسیویەتى میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردوەتەوە یەکێتى نیشتمانیى کوردستان کە براوەى دووەمى هەڵبژاردنەکانە و 23 کورسی بەدەستهێناوە، دەستى بە جوڵەیەک کردووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى جگە لە پارتى بەر لەوەى پارتى دەست بەکارەکانى بکات بۆ ئەوەى پشکەکانى لە حکومەتى داهاتوودا باشتر بکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەهۆی نزیکی یەکێتى لە حزبە عێراقییەکان مەترسی هەیە دەستێوەردان ئەنجام بدرێت وەک بەشێک لەو پلانانەى کە ئێران بۆ هەرێمى کوردستان لەبەرچاوى گرتووە.
ئەندامێکى پێشووى سەرکردایەتى یەکێتیش بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە، پێشتر یەکێتى سەرۆکى پەرلەمانى وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەم خولە بە کەمتر لە سەرۆکایەتیى هەرێم رازی نابێت لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزارەتە سیادییەکان، راشیگەیاندووە یەکێتى سوورە لەسەر دروشمى گۆڕینى ئاراستەى حوکمڕانى لە کوردستان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
قاچاخچیی بەلەمە بچووکەکانیش وەک کەسانی ئاژاوەگێڕ دادگایی دەکرێن
لەمەودوا دادگاکان بە خێرایی راوەدووی ئەو قاچاخچییانە دەنێن کە بە بەلەمە بچوکەکان و بە نایاسایی خەڵک لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە دەپەڕێننەوە. ئەوانە، هەر بەپێی یاسای رووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕان دادگایی دەکرێن.
ئەمڕۆ کێیە ستامەر بە فەرمی داوا لە داواکاری گشتیی دادوەریی سەر بە تاجی پادشایی دەکات یاسایەک دەربکەن کە بۆ رێگریکردن لە چوونی قاچاخی بەلەمە بچووکەکان بە یاسا، قاچاخچییەکان مامەڵەی کەسانی ئاژاوەگێڕییان لەگەڵدا بکرێت. حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەم مەبەستە بودجەیەکی تەرخانکردووە.
تایمز
ستامەر دەڵێت پێویستە جیهان لابکاتەوە بەلای قەیرانی پەنابەراندا
لەمەودوا هەواڵگر و چاودێرە بەریتانییەکان یارمەتی هاوکارە فەرەنسییەکانی خۆیان دەکەن بۆئەوەی پێکەوە بتوانن بە هەردوولا رووبەڕووی قەیرانی پەنابەران ببنەوە. ئەم هەنگاوە پاش ئەوە دێت، کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا توانی بۆ بەگژداچوونەوەی قەیرانی گەیشتنی پەنابەران لە کەناڵی ئینگلیزییەوە بودجەیەک تەرخانبکات. پاکێجی بودجە تەرخانکراوەکە دەگات بە 75 ملیۆن پاوەند. ئەم پارەیە دەتوانێت ژمارەیەک درۆن بۆ هێزی چاودێریی دەریایش دابین بکات، بۆئەوەی بتوانن توانای چاودێریکردنی سنورە ئاوییەکانی پێ ئەنجام بدەن و بڕیاری قەدەغەکردنی گەیشتنی قاچاخی پەنابەرانی پێ جێبەجێ بکەن.
عەرەب نیوز
لە مێزگردێکی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاشکراکرا، کە حووسییەکان و قاعیدە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە
چەند کادرێکی شارەزای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە مێزگردێکی خۆیاندا ئەوەیان ئاشکراکرد میلیشیا حووسییەکانی یەمەن داڵدەی میلیشیا چەکدارەکانی قاعیدەیان داوە و رێگەیان بۆ خۆشکردوون بە ئاسانی بتوانن پەلاماری دامەزراوە حکومییەکانی یەمەنیش بدەن.
چەکدارانی حووسییەکانیش لە رێگەی چەتەگەریی دەریاییەوە بە هاوکاری شارەزایانی قاعیدە توانیویانە چەندان ملیۆن دۆلار پەیدا بکەن.
روونکردنەوەی مێزگردەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان باس لە بوونی هێڵێکی پەیوەندیی مەترسیدار دەکات، کە لەنێوانی حووسییەکان و قاعیدەوە دەڕوات و دەگات بە گروپی ئەلشەبابی سۆماڵیش.
ئەو مێزگردە هۆشداریی داوە لەوەی ئەو گروپە چەکدارانە بۆئەوەی بتوانن حکومەتی یەمەن لاواز بکەن، ناکۆکییەکانی خۆیان دەنێنە لاوە و هاوکاریی یەکتری دەکەن.
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ دەڵێت رێک بکەوین یان نا! ئێمە سوورین لەسەرئەوەی حزبوڵا پاشەکشە پێبکەین تائەودیوی روباری لیتانی
لەم کاتەدا، کە لەوەدەچێت هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە شەڕی لوبناندا ئەنجامێکیان هەبێت، بنیامین نەتانیاهۆی سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر ئەوەکرد، کە چارەسەری سەربازی تاکە رێگەیە بۆئەوەی بتوانرێت حزبوڵای لوبنانی لە سنوری باشووری لوبنان دووربخرێتەوە. نەتانیاهۆ گوتی رێکەوتن بکرێت یان نەکرێت تاکە رێگا چارە بۆئەوەی هاوڵاتییەکانمان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان لە باکوری وڵات و سەلامەتیش بن، ئەوەیە ئێمە بتوانین حزبوڵا دووربخەینەوە بۆ دیوی ئەودیوی روباری لیتانی. ئەم لێدوانەی نەتانیاهۆ لە سەردانێکیدا بوو بۆ سەر سنوری باکوری ئیسرائیل، کە دوێنێ یەکشەممە لەو ناوچەیە سووپای بەسەرکردووەتەوە.