رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران ئامادەى تۆڵەیە و مقاوەمەى عێراقیش چوار هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل
لە کاتێکدا شەقامى سیاسی و گشتى عێراق ترسی لە تێوەگلانى هەیە لەو جەنگەى ئیسرائیل لەناوچەکە دەستى داوەتێ، مقاوەمەى عێراقى بڵاویانکردەوە کە چوار هێرشیان کردووەتە سەر شاری ئیلاتى ئیسرائیل و وەک خۆیان دەڵێن ئامانجە پێکراوەکان هەستیاربوون.
بەگوێرەى راگەیەندراوێک کە لە تۆڕی ئینیستاگرام بڵاویانکردووەتەوە هێرشەکان لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون.
سەباح
پرسی بە پارێزگابونى هەڵەبجە تەنها دەنگدانی پەرلەمانى ماوە
شیروان دوپردانى، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، کاربۆ هەموارکردنەوەى یاسای ژمارە 21 ـى تایبەت بە پارێزگاکان دەکەن، هەرچەندە هەندێک لە بڕگەو مادەکانیشى تائێستا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و هەموارکراونەتەوە، لەبەرئەوەى ژمارەى دانیشتوانى عێراق 40 ملیۆنى تێپەڕانددووە و ژمارەیەک لە قەزاکانیش پێویستیان بەوە هەیە بکرێنە پارێزگا و هەندێک ناحیەش بکرێنە قەزا، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت وەزارەتى پلاندانان پلانى بۆدابنێت و وردەکارییەکانى ئامادەبکات.
راشیگەیاند، پرسى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە لە هەموو روویەکەوە تەواوبووە تەنها دەنگدانى پەرلەمانى ماوە.
راشیگەیاند، لە 20ـى ئەم مانگەدا سەرژمێریی عێراق ئەنجامدەدرێت و ژمارەى راستەقینەی دانیشتووانى سەرجەم عێراق بە گوند و ناحیە و قەزا و پارێزگاکانەوە دەستنیشان دەکرێن.
گوتیشى، لەدواى سەرژمێریی پێدەچێت عێراق پێویستى بە زیادکردنى پارێزگاى دیکەش هەبێت.
دەستور
عێراق لە ریزبەندیی چل و شەمین وڵاتانى دونیادایە بۆ خۆژێنى هاووڵاتیانەکەى
گۆڤاری (CEO WORLD)ـى ئەمریکى بڵاویکردەوە بۆ خۆژێنى هاووڵاتیان و پشت بەستن بەتوانا کەسییەکان لە کۆی 212 وڵاتى جیهاندا عێراق لە ریزبەندى 46 ـەمیندایە و لە سەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیش لە ریزبەندى حەوتەمین دایە.
بەگوێرەى راپۆرتى گۆڤارە ئەمریکییەکە پێوەرە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە عێراقدا تەمەنى پشت بەخۆ بەستن لەنێوان 15 بۆ 65 ساڵیدایە، بەڵام چالاکییە ئابوورییەکانیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە نەیجیریا لە ریزبەندى یەکەمدایە بۆ ئەو ئاڵەنگارییە گەورە ئابوورییەى چەندین ساڵە تێیکەوتووە و قورساییەکى گەورەش لەسەر منداڵانى ئەو وڵاتەیە و گەورەو بچوکیان دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەى بژێوی خۆیان پەیدا بکەن، بەدواى ئەودا کۆمارى ئەفریقیاى ناوەڕاست دێت و پاشان سۆماڵ و چاد، بەڵام میرنشینى عەرەبی رێژەکەى دابەزاندووە بۆ 20.76% و پاشان قەتەر 21.16% و عێراقیش لە ریزبەندى 46 هەمین وڵاتاندایە بە رێژەى 70.55% و لە دواى وڵاتانى سودان، ئەریتریا، فەلەستین، یەمەن، میسر، لوبنان و جەزائیرەوە دێت.
قودسى عەرەبی
خەڵکی سوریا لەبەرنەبوونى سووتەمەنى پەنا بۆ سووتاندنى چڵوچێو و تەپاڵە دەبەن
لە رۆژانى رابردوودا کە شەپۆلى سەرما گەشتە وڵاتى سوریاى ژێر دەسەڵاتى بەشار ئەسەد نرخی سوتەمەنى و بەتایبەتى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە، بەرزبوونەوەکە هێندە خێرابوو رۆژنامەکە ناوى لێناوە شێتانە، بەجۆرێک نرخى یەک بەرمیل نەوت گەشتە زیاتر لە 232 دۆلارى ئەمریکی.
بەگوێرەى بەدواداچوونى رۆژنامەکە حکومەتى سوریا تواناى دابینکردنى سوتەمەنى بۆ هاووڵاتییان نییە و لە شوێنە ساردەکانیشدا هەموو خێزانێک پێویستى بە چوار بۆ پێنج بەرمیلى نەوت هەیە تا زستان تێبپەڕێنن و ئەوەش لەگەڵ داهات و گوزەرانى ئێستاى هاووڵاتیانى سوریادا نایەتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە بۆ خۆپاراستن لە سەرماى زستان بەشێکى زۆر لە هاووڵاتییان پەنا دەبەنە بەرسوتاندنى دار، چڵوچێو، مادەى پلاستیک و تەنانەت تەپاڵەش.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
بەشار ئەسەد هێشتا ئامادە نییە لەگەڵ تورکیا دابنیشێت
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەى حورییەت رایگەیاندووە، بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانى هێشتا لەگەڵ ئاساییبونەوەى پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و شامدا نین بەو هۆکارە تائێستا ئەسەد ئامادە نەبووە لەگەڵ تورکیا کۆببێتەوە.
فیدان راشیگەیاندووە: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بەشار ئەسەد لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کۆببێتەوە و قایلیان بکات بۆئەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێمە ئاسایی بکاتەوە، نەوەک ئێمە هاوپەیمانەکانی قایل بکەین بۆ ئەو مەبەستە. ئەوەی ئێمە دەیبینین تائێستا ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانى نێوانماندا نین.
لەم قۆناغەدا گەورەترین کێشەى ئێمە ئەوەیە پەکەکە و یەپەگە لەنێو خاکی سوریا وەدەریانبنێین کە بە هاوکاری ئەمریکا لەوێ جێگیرکراون.
میللییەت
سوپای تورکیا هەشت بنکەی نوێی سەربازیی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دروستکردووە
فەرماندەى هێزەکانی وشکانى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میللییەت رایگەیاندووە، تورکیا بە قوڵایی ٢٥ کیلۆمەتر لە ناوچەی زیلۆک لە نزیک سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەشت بنکەى نوێی سەربازیی دروستکردووە، هەریەک لەو بنکانە ئاسایشی ناوچەکەی خۆی لە ئەستۆدایە لە بەرامبەر هەر جوڵەیەکی پەکەکە لە ناوچەکە.
فەرماندەکە راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ناوچەکە جموجۆلی پەکەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە وەک 15 ساڵ پێش ئێستا چالاکییان لە ناوچەکەدا نەماوە و پەکەکە بەرەو ناوچەی ئاسۆس و شەنگال هەڵهاتوون، لەوێش دەکرێنە ئامانجی فڕۆکە تورکییەکان.
ئەکشام
ئەمریکا هێزێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر دەکات
ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیل هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە. بە گوێرەى زانیارییەکان ئەمریکا چەندین فڕۆکەى بی 52ـی ناردووەتە ناوچەکە ئەم فڕۆکانە هەڵگری بۆمبێکی قورسن. هاوکات 45 هەزار سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەکە جێگیرکراون.
ئەڤرەنسەل
لەژێر ناوی فەڵەستیندا بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەردەوامە
بە گوێرەى ئامارەکان رێژەى بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە لوتکە و سەدا ٦٧٢ زیاد بووە. تورکیا لەژێر ناوی فەڵەستیندا درێژە بە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل دەدات بۆ ئەوەى رایگشتی کاردانەوە و ناڕەزایی دەرنەبڕن.
بە گوێرەى ئامارەکانى ئەنجومەنی هەناردەی تورکیا، تورکیا لە ماوەى ساڵێکی شەڕی ئیسرائیل و غەزەدا تاکوو مانگی رابردوو بە بەهای ٩٥ ملیۆن دۆلار چیمەنتۆ و ئاسن و کەرەستەى بیناسازیی هەناردەى ئیسرائیل کردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
نەخۆشییەکانی دڵ گرنگترین هۆکاری مردنن لە ئێران
نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان باوترین هۆکاری مردنن لە ئێران. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکەی وەزارەتی تەندروستی لە هەموو پارێزگاکانی ئێراندا، نەخۆشییەکانی دڵ و بەتایبەتی جەڵتەی دڵ، بە هۆکاری سەرەکیی مردن ناسراون لە هەموو تەمەنەکان و هەردوو رەگەزدا.
بەگوێرەی راپۆرتی ئیسنا، د. نەسرین بەیات لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، نەخۆشیەکانی دڵ بە گرنگترین هۆکاری مردن لە جیهاندا ناسراون و پەتایەکی جیهانین.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە 40%ـى هۆکارەکانی مردن و 300 ملیۆن کەمئەندامی پەیوەندی بەو نەخۆشیانەوە هەیە.
لە ئێران نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆکاری سەرەکیی مردنن، کە هۆکاری 38%ـى کۆی گیانلەدەستدانەکانی ئەو وڵاتەیە.
باختەر
بۆ یەکەمجار بۆنەیەکی رۆشنبیریی گرنگ لە بواری زمانی کوردیدا بەڕێوەچوو
یەکەمین پێشبڕکێی شیعری کوردی بۆ منداڵان بە بەشداریی بەشداربووانی پارێزگاکانی ئیلام، ورمێ، سنە و کرماشان لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو.
ئەم پێشبڕکێیە بە هەوڵی گرووپی کاری شیعری کوردی کرماشان، دەزگای فەرهەنگی و هونەری دادگەر و بە هاوکاری ناوەندی گەشەی فیکری منداڵان بەڕێوەچوو.
لەم پێشبڕکێیەدا 42 مێرمنداڵ بەشدارییان کرد و نمایشەکانیان لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێکرا.
لە کۆتاییدا کەسانی هەڵبژێردراو خەڵاتیان وەرگرت و پەیکەری فستیڤاڵ درا بە سەرجەم بەشداربووان.
بەم پێشبڕکێیە، کرماشان بۆ یەکەم جار میوانداریی یەکێک لە بۆنە جیاوازەکانی لە بواری زمانی کوردیدا کرد.
ئەبرار
زۆرێک لە کلینیکەکان بەهۆی نەبوونی پزیشک داخراون
ئەبولحەسەن مستەفەوی، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران، کەمیی 12 هەزار پزیشکی لە وڵاتدا راگەیاند و گوتی بەهۆی ئەم کێشەیەوە زۆرێک لە کلینیکەکانی شارەکان داخراون .
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ 11 هەزار خوێندکاری پزیشکی وەرگیراون، بەڵام نزیکەی هەشت ساڵ دەخایەنێت تاوەکو دەچنە نێو بازاڕی کارەوە.
مستەفەوی پێشنیازی کرد پشکی خوێندکارانی پزیشکی لە شارەکان زیاد بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانە لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە و لە ساڵانی خوێندنیاندا خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.
ئیمروز
ئەو کەسانەی کارەبای زۆر بەکاردەهێنن پێویستە بیر لە دانانی پەڕەی وزەی خۆر بکەنەوە
مستەفا رەجەبی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کارەبا رایگەیاند، ئەو بەکارهێنەرانەی زیاتر لە دوو هێندەی رێژەی ئاسایی کارەبا بەکاردەهێنن، پێویستە روو لە دانانی سیستمی وزەی خۆر بکەنەوە و ئەگەر نەیانتوانی، بەکارهێنانی وزە کەمبکرێتەوە.
دەشڵێت، بەگوێرەی یاساکه وەزارەتی وزە پابەندە بەرە بەرە تێچووی کارەبا بۆ ئەو کڕیارانە زیاد بکات.
رەجەبی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بەکارهێنان کەم نەکرێتەوە، بەشداربووان تووشی پارەی زۆر و ئەگەری پچڕانی کارەبا دەبنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تەلەگراف
کاتی ئەوە هاتووە سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکرێتەوە
کێمی بادینۆک سەرکردە نوێیەیەکی پارتی پارێزگاران دەڵێت، دەزانم پارتی کرێکارانیش شکستدەخوات، لەبەرئەوەی ئەوانیش زۆربەی هەڵەکانی ئێمە دووبارە دەکەنەوە.
کێمی بادینۆک دوێنێ وەک سەرۆکی نوێی پارتی پارێزگاران دەستبەکار بوو. لەو بۆنەیەدا گوتی، کاتی ئەوە هاتۆتەپێشەوە پارێزگاران سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکەنەوە.
بادینۆک ئەندامی پەرلەمانە لەسەر ناوچەی باکوری رۆژئاوای ئیسێکس بە بەدەستهێنانی نزیکەى 54 هەزار دەنگی ئەندامانی حزبەکەی بوو بە سەرکردەی یەکەمی ئەو حزبە و توانی بە ژمارەیەکی زۆر بکەوێتە پێشی رکەبەرەکەیەوە، کە بریتی بوو لە رۆبەرت جێنەریک، کە ئەویش توانی 41 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت. لەپاش هەڵبژاردنەکەیەوە بادینۆک لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەی سەندەی تەلەگرافی گوتووە کار لەسەر ئەوەدەکات پارتەکەی لە هەڵەکانی رابردووی هەستێنێتەوە و ئاراستەیەکی نوێی پێبدات.
تایمز
ناوی ئەو شوێنانە ئاشکرابوو، کە ملیۆنان پاوەند بۆ دەستەڵاتدارانی نێو خێزانی پادشایی دابیندەکەن
کرێی موڵکەکانی پاشا و شازادە لەلایەن دامەزراوەکانی تەندروستی و سوپاوە دابیندەکرێت.
تێچووی خەرجییە ساڵانەکانی موڵکە پادشاییەکانی پادشای وڵات و شازادە ویلیەم، کە دەگەن بە ملیۆنان پاوەند لە ئەو باجانەوە دابیندەکرێت، کە لەلایەن هێزی چەکدار و دەزگای تەندروستی و خوێندنگەکان و کۆمپانیاکانی بواری کانەکان و بزنسە گەورەکانەوە دەدرێت بە حکومەت.
لێکۆڵینەوەیەک کە ماوەی پێنج مانگ کاری تێداکراوە و ئەمڕۆ ئەنجامەکانی لەنێو رۆژنامەی سەندەی تایمز و کەناڵ چواردا بڵاوکراوەتەوە، وردەکاریی زۆر ئاشکرادەکەن لەبارەی موڵکەکانی پادشایەتیی پادشا و شازادەوە، کە چۆن و لە رێگای کێوە خەرجییەکانیان دابیندەکرێت. تێیدا دەرکەوتووە هەردووکیان، واتە پادشا و شازادە پێنج هەزار و 410 موڵکیان هەیە، ئیشوکارەکانیان لەلایەن دۆقی لانکاستەرەوە بەڕێووەدەبرێن و ئەویش بەناوی خودی پادشاوە ئیدارەیان دەدات.
ئێف تی ویکئەند
لۆپێز پشتگیری لە هاریس دەکات
جێنێفەر لۆپێز، کەسایەتیی ناسراوی بواری فیلم و مۆسیقا چووە نێو جەماوەری کۆبۆوەی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، کە لە لاس ڤێگاس کۆبوبونەوە. لەوێوە دەستی بۆ ئامادەبوان بەرزکردەوە و سڵاوی لێکردن.
ئەم چوونەی لۆپێز بۆ دەربڕینی پشتگیریکردنی خۆی بوو لە کەمالا هاریسی کاندیدی کۆمارییەکان و داوای لە جەماوەرەکە کرد دەنگی پێبدەن. لە ئێستادا ئەنجامی راپرسییەکان شانسی هەردوو کاندیدەکەی کۆماری و دیموکراتەکان وەک یەک دەبیننن. کێشەیەک کە بۆ هەردوو کاندیدەکە قووت بۆتەوە و دەبێت بەڕوونی هەڵوێستی خۆیانی لەبارەوە بڵێن مەسەلەی ئابوریی وڵاتەکەیە. لە ئەم چەند رۆژە کەمەدا کە لە پێشی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە ماوە، هەردوو کاندیدەکە هەوڵدەدەن لەلایەن کەسایەتییە کاریگەر و ناسراوەکانی ناو کۆمەڵگەی خۆیانەوە پشتگیرییان لێبکرێت.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
مەسیحییەکان رێز لە مردووەکانی خۆیان دەگرن
ئەوەی لە وێنەکەدا دەیبینین ئەندامانی هۆزێکی مەسیحیی خەڵکی زەغریبن لە پایتەختی کرواتیا. لە کۆتایی رۆژی هەینیدا سەردانی گۆڕستانی میرۆگۆی دەکەن و لەسەر گۆڕەکان مۆم دادەگیرسێنن و گوڵ دادەنێن. ئەم هەنگاوە لەلای خۆیان بۆنەی جەژنی هەموو قەشەکانە، ئامادەکارییەکیشە بۆ پێشوازیکردن لە رۆژی شەممە، کە بە رۆژی رۆحەکان دەناسرێت. ئەم بۆنە ئاینییە لەلای جەماوەرێکی خەڵکی سەر بە ئاینی مەسیحی لە مەکسیک و چەند وڵاتێکی تری مەسیحیی جیهانی و ئەوروپی یاددەکرێتەوە.