زووم:
بەگوێرەی راپرسییەکی رێکخراوێکی ئەمریکی، کە تایبەت بە دۆخی پارێزگای سلێمانی ئەنجامیداوە، 51%ی بەشداربووان لەگەڵ دوو ئیدارەییدان و پشتگیریی لە دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی دەکەن.
راپرسییەکە 3057 کەس بەشدارییان تێداکردووە، لەلایەن رێکخراوی پرۆژەی ئازادیی رۆژنامەگەری(PFP) ئەنجامدراوە، کە رێکخراوێکی ناحکومیی ئەمریکییە. رێکخراوەکە دەستی بە زنجیرەیەک راپرسیی ئەلیکترۆنی کردووە، لەبارەی دۆخی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، یەکەم هەنگاویشی لە سلێمانییەوە دەستپێکردووە.
یەکێتی، گۆڕان و پارتی لە “خراپیی دۆخەکە” بەرپرسن
بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، لە35٪ی بەشداربووان، کە دەکاتە زۆرینەی بەشداربووان، خراپیی دۆخی ئیدارەی (سلێمانی، گەرمیان و هەڵەبجە) دەخەنە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، لە %32ی بەشداربووانیش پێیانوایە بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بەشەکەی دیکەش، کە رێژەی 33%ە، خراپیی ئیدارەدانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەخەنە ئەستۆی هەر سێ لایەنەکە (یەکێتی، پارتی و گۆڕان).
دوو ئیدارەیی و هەرێمی سلێمانی
یەکێک لە پرسیارەکانی راپرسییەکە تایبەتە دوو ئیدارەیی و دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی، وەکو ئەوەی چەند ساڵێکە قسە و باسی لەبارەوە دەکرێت.
بەشداربووان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆچوونیان زۆر لەیەکدییەوە نزیکبوو، بەڵام سەرەنجام ئەوانەی پشتگیریی هەرێمی سلێمانی دەکەن و لەگەڵ دوو ئیدارەییدان رێژەکەیان گەیشتە نیوە زیاتر (50.8%)، ئەوانەی دیکەش کە دژی دوو ئیدارەیی و هەرێمی سلێمانی بوون رێژەکەیان (49.2%) بوو.
هەڤاڵ ئەبوبەکر چانسی نییە
هەرچەندە دەسەڵاتی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان سنوردارە و بۆ بڕیاری دارایی و ستراتیژی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە هاوڵاتیان چاوەڕوانیی زیاتریان لە پارێزگارەکان هەیە.
بەگوێرەی راپرسییەکە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری ئێستای سلێمانی چانسی باش نەبووە، بەوپێیەی تەنها لە%13ی دەنگدەران لەکارەکانی رازین، لە%57 لێی ناڕازین. سەرەڕای ئەوەی لە%30ی دەنگدەران کارەکانیان بە مامناوەند وەسفکردوە “نەباش و نەخراپ”.
ئازادیی رادەربڕین
رێکخراوە ئەمریکییەکە، بابەتی ئازادیی رادەربڕینی کردووە بە پرسیارێکی سەرەکی و چەندین وەڵامی وەک بژاردە بە دەنگدەرەکانی داوە، وەکو چۆن لە بنەڕەتدا کاری رێکخراوەکە پەیوەستە بەهەمان بابەتەوە.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، لە %22ی بەشداربووان، پێیانوایە لەدوای کۆچی دوایی مام جەلالەوە، ئازادیی رادەربڕین لە سنوری پارێزگای سلێمانی کەمیکردووە.
هاوکات کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، یەکێکی دیکەیە لەو رووداوانەی کاریگەریی لەسەر ئازادیی رادەربڕین هەبووە، بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، زیاتر لە %40ی بەشداربووان، پێیانوایە ئەو کێشە ناوخۆییانە کاریگەریی لەسەر پاشەکشەی ئازادی هەبووە.
لەکاتێکدا 35%ی بەشداربووان، پاشەکشەی ئازادیی رادەربڕین دەخەنە ئەستۆی کابینەی نۆیەمی حکومەت و پێیانوایە لەدوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانەوە، ئەو ئازادییە لە سلێمانی پاشەکشەی کردووە.
سەرباری ئەم ژمارانە، بەڵام هێشتا لە %24ی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیانوایە ئازادی رادەربرین لە سلێمانی لە دۆخێکی “باش”ـدایە، لە%50ی پێیانوایە لە دۆخێکی “خراپ”ـدایە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە%26ی دەنگدەرانە، کە دۆخی ئازادی بە “مامناوەند” دەزانن.
پێشخستنی دۆخی سلێمانی و هەڵەبجە
راپرسیی رێکخراوە ئەمریکییەکە، شەش کەسایەتیی سیاسی بۆ بەشداربووان پێشنیازکردووە و پرسیاری لێکردوون، کە کامیان دەتوانن دۆخی سلێمانی و هەڵەبجە پێشبخەن.
بافڵ تاڵەبانی، مەسرور بارزانی، لاهور شێخ جەنگی، عومەری سەید عەلی، شاسوار عەبدولواحید و قوباد تاڵەبانی، ئەو شەش کەسایەتییەن کە راپرسییەکە پێشنیازی کردوون.
زۆرینەی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکە، بۆ بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید بووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکان، لە %43ی بەشداربووان پێیانوایە لاهور شێخ جەنگی دەتوانێت دۆخی سلێمانی و هەڵەبجە بەرەوپێش ببات، لە %19ی پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت ئەو کارە بکات، لە %18ی پێیانوایە ئەوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە دەتوانێت دۆخی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پێشبخات.
هەروەها 16%ی بەشداربووان ئومێدیان بە هیچ کام لەو سیاسەتمەدارانە نییە کە دۆخی ناوچەکە بەرەو پێش ببەن.
ئەمجارەش بایکۆت یەکەمە
لە %57ی بەشداربوان، کە دەکاتە زۆرینەی راپرسییەکە، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن و ئامادەنین لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدەن. ئەوەی دەمێنێتەوە لە %43یە کە ئامادەییان نیشانداوە بەشداریی پرۆسەکە بکەن.
ئەوانەی بەشداری دەکەن لە %25 یان لە هەڵبژاردندا دەنگ بە یەکێتی دەدەن 25% دەنگ جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەدەن.