رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل بودجەى ساڵی 2025ـى پەسەندکرد و سوپاش لە بڕیارەکە نیگەرانە
حکومەتى ئیسرائیل بودجەى ساڵی 2025ـى پەسەندکرد، کە بڕکەى 607 ملیار و چوار ملیۆن دۆلارە.
سەرەڕای ئەوەى بودجەى بەشێکى زۆر لە وەزارەتەکانى بەڕێژەیەکى لەبەرچاو کەمکردووەتەوە، بەتایبەتى کەرتى تەندروستى، پەروەردە، گواستنەوە و کاروبارى کۆمەڵایەتى.
وەک رۆژنامەکەش دەڵێت، ئەمەش گورزێکى گەورەیە کە لە هاووڵاتیانى ئیسرائیل دەدرێت، بۆ یەکەمجاریشە بودجەى ئاسایشى وڵاتەکەی بخاتەڕوو، کە بریتییە لە شەش ملیار دۆلار، بەڵام گەورەترین پشکى بودجەکە بەر سێکتەریی سەربازیی کەوتووە، کە لە مێژووى ئەو وڵاتەدا پێشینەى نەبووە و 7.5%ـى هەموو داهاتى نیشتمانیی وڵاتەکەیە و بەرپرسانى سێکتەرەکە داواى 16 ملیار دۆلاریان کردووە، بەڵام حکومەت ئەم بڕەى پێنەداون و تەنها 6 ملیار دۆلاری بۆدیاریکردوون، ئەمەش لەلایەک نیگەرانى لێکەوتوەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەرخەرى ئەو راستییەن، کە ئابورى ئیسرائیل لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا زیانى زۆری بەرکەوتووە.
عەرەب
ئیسرائیل لوبنان وێران دەکات و هاووڵاتیانیش وێنەى ماڵە رووخاوەکانیان بڵاودەکەنەوە
دەستەى نیشتمانیى لوبنان لە پێگەى فەرمی خۆی گرتیەکى ڤیدیۆیی بەشێک لە گوندەکانى لوبنانى بڵاوکردووەتەوە، کە لە ئاسمانەوە گیراوە و دەرخەرى ئەو راستییەن چۆن ئیسرائیل ماڵی هاووڵاتیان وێران دەکات، ئەوەى بە مووشەک و هێرشى فڕۆکە وێران نەکرابێت دەیتەقێننەوە، یان بە شۆفڵ سەرقاڵی تێکدانن.
ئافیخاى ئەدرعی، گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، تائێستا 400 تۆن تەقینەوەیان بەکارهێناوە بۆ تەقاندنەوەى شوێن و پێگەکانى حزبوڵا لە باشوورى لوبنان.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە حکومەتى لوبنانیش دەستەوسانە لەو هێرشانە و هاووڵاتیانیش بە نیگەرانییەوە وێنەى ماڵە وێنکراوەکانى خۆیان لەتۆڕە کومەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە.
عەرەبی جەدید
دواى داخستنى کۆنسوڵخانەکانى ئێران، ئەڵمانیا دەترسێت هاووڵاتییەکانى بەبارمتە بگیرێن
ناکۆکیی و گرژییەکانى نێوان ئەڵمانیا و ئێران تادێت بەرەو هەڵکشان دەچێت و پێنجشەممەى رابردوو ئەڵمانیا هەر سێ کۆنسوڵخانەکەى ئەو وڵاتەی بۆ ماوەیەکى نەزانراو داخست، ئەمەش لەبەر ئەوەى ئێران هاووڵاتییەکى بەرەگەز ئێرانى و هەڵگری رەگەزنامەى ئەڵمانى بە تاوانی تیرۆر بەناوى جەمشید شارمەهد لە سێدارەداوە.
لەبەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیویەتى، داخستنى کۆنوسەڵخانەکانى ئەڵمانیا سزادانى هاووڵاتییانى ئێرانییە لە ئەڵمانیا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، جەمشید “تیرۆریست” بووەو دەستى هەبووە لە کوشتنى 14 کەس و برینداربوونى 200 کەسى دیکەدا، ئەم کارە دەبێتە هۆی سزادانى دەیان هەزار هاووڵاتى ئێرانى، کە هەڵگری رەگەزنامەى ئەڵمانین، لە لایەکى دیکەوە عێراقچی رایگەیاندووە، کاتێک کەسێک دەستى هەبێت لە تیرۆکردنى هاووڵتیانماندا دەبێـت سزاى خۆی وەربگرێت با وڵاتێکى وەک ئەڵمانیاش پشتیوانى بکات.
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو وڵات بەرەو هەڵکشان دەچێت و ئەڵمانیاش ترسی لەوە هەیە لەبەرامبەر داخستنى کۆنسوڵخانەکاندا ئێران هاووڵاتیانى بە بارمتەبگرێت، تا ناچاریان بکات بە کردنەوەى کۆنسوڵخانەکانیان.
قودسى عەرەبی
حزبوڵا و نوجەبا هوشدارى دەدەنە سودانى و دەڵێن هێرشەکانمان راناگرین
عەبدولئەمیر تەعێبان، راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى رایگەیاند، سەرۆکوەزیران داواى لەو گرووپە چەکدارانە کردووە، کە درۆن و مووشەکى دورهاوێژیان هەیە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل و نەچنە بەرەکانى جەنگ لە لوبنان و فەلەستین، بۆ ئەوەى عێراق تووشى کێشەنەبێت.
ئەوە لە کاتێکدا بەرپرسانى هەواڵگریی ئیسرائیل جەختیان کردووەتەوە لە خاکی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەریان و پێدەچێت لە پێش هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، گرووپە چەکدارەکان بڕیارى یەکلاکەرەوەى خۆیان داوە، سەرچاوەیەکیش لە حکومەتى عێراقییەوە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، حزبوڵاى عێراقى و بزوتنەوەى نوجەبا بڕیاری خۆیان داوە و پشتیوانى لە گەلى فەلەستین و لوبنان بەئەرکی خۆیان دەزانن و هێرشەکانیان راناگرن.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە نەبووە
روحوڵڵا نەجابەت ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر خاکی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئەو هێرشانە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە ئەنجام نەدراون.
بە گوتەی ئەو پەرەلەمانتارە، حکومەتی عێراق بەڵێنی بە ئێران داوە ئاسمانی وڵاتەکەی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەکارنەهێنێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەرەستەی سەربازییەوە نەیتوانیوە رێگری له ئیسرائیل بکات، بۆیە هێرشەکان به بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق ئەنجام دراون.
لەبەرئەوە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە لە ئەستۆی دوژمنانی ئێراندایە و هێرشەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە نەکراون.
کەیهان
ئێران بکەوێتە مەترسییەوە سیاسەتی ئەتۆمی دەگۆڕێت
کەمال خەڕازی، سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادین دەڵێت، ئێران تا ئێستا گرنگی بە هەستیارییەکانی رۆژئاوا، بەتایبەت لەبارەی مەودای مووشەکەکانی داوە، بەڵام کاتێک رۆژئاوا گرنگی بە هەستیارییەکانی ئێران نادات، ئەوا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی لەمەودوا ئێران گرنگی بە هەستیارییەکانیان بدات و بۆیەش ئەگەری زیادکردنی مەودای موشەکەکانی ئێران لە ئارادایە.
خەڕازی دەڵێت، ئەگەر بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، ناچار دەبێت سیاسەتی ئەتۆمی خۆی بگۆڕێت و ئێران ئێستا توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە، بەڵام تاکە بەربەست فەتوای خامنەییە کە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی قەدەغە کردووە.
مەردوم سالاری
ئەو ئاوەی دەڕژێتە بەنداوەکانی سنە بۆ نیوە کەمیکردووە
رژانی ئاوی رووبارەکان بۆ 18 بەنداوی پارێزگای سنە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 50% کەمیکردووە.
ئارەش ئاریانژاد، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە چرکەیەکدا سێ مەترسێجا ئاو دەڕژێتە بەنداوەکانەوە لە کاتێکدا ئەم رێژەیە ساڵی رابردوو شەش مەترسێجا بووە لە چرکەیەکدا.
ئاریانژاد دەڵێت: لە پاییزی ئەمساڵدا بارانبارین لە ئاستی ئاسایی کەمتر دەبێت و پلەی گەرمی هەوا 1-2 پلە زیاتر دەبێت لە ئاستی درێژخایەن و مامناوەند.
ئەبرار
53 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە شەربەتی میوەدا دۆزرایەوە
عەباس مەسعودی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران دۆزینەوەی بارێکی بوتڵی شەربەتی میوەی راگەیاند کە مادەی هۆشبەری کریستاڵی تێدابووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەفسەرانی فڕۆکەخانەی خومەینی تاران لە کاتی چاودێریکردنی سەرنشیناندا ئەم بارە مادەی هۆشبەرەیان دەستکەوتووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
مەسعودی گوتی: لە 90 کیلۆ شەربەتدا 53 کیلۆ مادەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لە تراژیدیای لافاوەکەی ئیسپانیادا 2000 کەس بێشەروشوێن بوون
مەترسیدارترین لافاو لە مێژووی نوێی ئیسپانیادا روویدا. بەرپرسان دەڵێن، ژمارەی مردووان لەم لافاوەدا گەشتووە بە 205 کەس. سوپای ئەو وڵاتە پەیوەندیی کرد بە تیمەکانی پێشکەشکردنی فریاگوزاری و رزگارکردنەوە. هەموان کەوتنە هەوڵدان بۆ دەرهێنانەوە و فریاکەوتنی ئەو کەسانەی بوون بە ژێر خانوو و بیناڕوخاوەکانەوە. بەدوای زیندوواندا دەگەڕێن.
ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ خاڵیکردنەوەی ئاوی کۆبوەوە و قوڕ و لیتە. هەموان دەیانەوێت شەڕی کات بکەن، بەڵکو بتوانن کەسانێک رزگار بکەن.
دەیلی مەیل
شا چارڵس پاڵپشتییە داراییەکەی ئەندرێووی برای خۆیی بڕی
شا چارڵسی پادشای بەریتانیا بودجە ساڵانەکەی ئەندرێووی برای خۆیی بڕی، کە بڕەکەی یەک ملیۆن پاوەندی ساڵانە بوو. ئەم هەنگاوە مشتومڕی لەنێو خێزانی پادشاییدا دروستکردووە.
داهاتە داراییەکەی شازادە ئەندرێوو لەلایەن پادشاوە بڕدرا، رەنگە ئەمە کارگەریی بخاتە سەر پەیوەندیی نێوانی دوو براکە. ئەگەرچی هەوڵدرا کار نەگات بەو ئاستە، بەڵام پاشا بڕیاری یەکلاییکەرەوەی خۆیی دا.
رۆبەرت هاردمەن، نووسەری مێژووی پاشایەتیی بەریتانیا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیلی نووسیوە، کە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانی پاشای وڵات و براکەی خۆیدا سەریهەڵداوە، چونکە ئەندرێوی برای پاشا بودجەیەکی یەک ملیۆن پاوەندیی ساڵانەی هەبوو وەریدەگرت، بەڵام بە فەرمانی پادشا بودجەکەی لێبڕا.
عەرەب نیوز
منداڵانی بەریتانیا بۆ پشتگیریکردن لە منداڵانی فەلەستینی گوڵی سپییان بۆدەنێرن
خوێندکارانی قوتابخانەکانی بەریتانیا داوای ژمارەیەکی زۆر گوڵی سپییان کردووە، بۆئەوەی بۆیان بێت و وەک ئاماژەی پشتگیریکردن لە منداڵانی کەرتی غەزە لە فەلەستین بەکاریانبهێنن. خەڵکی بەریتانیا هەموو ساڵێک یەکەم یەکشەممەی مانگی تشرینی دووەم تەرخاندەکەن بۆ یادکردنەوەی قوربانیدانی هەموو ئەو ژن و پیاوانەی کە لە پێناوی خزمەتکردن بە وڵاتەکەدا گیانیان سپاردووە، بۆیە گوڵی سپی بۆ یادکردنەوەی گیانبەختکردووانی خۆیان بەکاردەهێنن.
ئەم بۆنەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1933، لەوکاتەوە گوڵی سپی بۆ یادی قوربانییەکان بەکاردێت. کاریگەرییەکە هیی جەنگی جیهانیی یەکەمە، بەڵام بۆنەیەکی تایبەتیشی نییە. بۆئەمساڵ خوێندکارە بەریتانیەکان بە گوڵی سپی یادی قوربانییەکانی خەڵکی غەزە دەکەنەوە.
گاردیەن
کۆریای باکوور دەڵێت، پشتگیریی روسیا دەکات تاوەکو ئەوکاتەی سەرکەوتنی مسۆگەر دەکات
لە دیدارێکی نێوان چۆ سۆن هوی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆریای باکوور و سێرگى لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیادا لە مۆسکۆ. نوێنەری دیپلۆماسیەتی کۆریای باکوور گوتویەتی پیۆنگیانگ هیچ گومانێکی لەوەنییە، کە لەسایەی سەرکدایەتیکردنی حەکیمانەی پوتیندا روسیا دەتوانێت سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت و سەروەری و ئارامیی وڵاتەکەی خۆی و ناوچەکەش دەپارێزێت.
لاڤرۆڤ گوتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆریای باکووردا پەیوەندیی دۆستی زۆر نزیکە. بەم بۆنەیەوە ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین داوای لە دۆست و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کرد، هەر بەمشێوەیەی ئێستا وەک تەماشاکەر نەمێننەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
جەهەپە پێیوایە پیلانگێڕییەک دژی هەیە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەبارەت بە دەستگیرکرنی سەرۆک شارەوانی ئەسەنیورت لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند: پیلانگێڕییەک لە دژیان هەیە، ئەگەر هەیە ئۆپراسیۆنی دیکە بۆ دەستگیرکردنى ئەندامەکانمان ئەنجامبدرێت.
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، لە کاردانەوەکانیان دژى دانانى قەیوم لەسەر شارەوانییەکانیان بەردەوام دەبن.
هەروەها جارێکی دیکە داوای لە سەرۆکی تورکیا کرد هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
یەنیچاخ
رێژەى هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ گەیشتووەتە %59.1
بەگوێرەى ئامارەکانی سەرۆکی ژووری بازرگانی ئیستەنبوڵ، رێژەى هەڵاوسان لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە رێژەى سەدا 59 پۆینت یەک بووە.
بەگوێرەى داتاکە بەرزبوونەوەى نرخی کەلوپەلی کارەبایی مانگانە ئۆ پۆینت 15 و ساڵانە 43 پۆینت حەوت بووە.
ئایندڵک
پارتی نیشتیمان داوای داخستنى دەم پارتی پێشکەش بە دادگا کرد
پارتی نیشتیمان بە فەرمی داواکاری بۆ داخستنى دەم پارتی پێشکەش بە دادگا کرد، بۆ سەرکەوتنی داواکارییەکەشی 10 بەڵگەى لە دۆسییەکەدا پێشکەش بە دادگای باڵا کردووە.
ئۆزگور بورسەڵی سکرتێری گشتیی پارتی نیشتیمان رایگەیاند: دەم پارتی جوداخوازە، بوونی لە پەرلەمان مەترسییەکە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات. لەمەوە داوای کرد دەم پارتی نوێنەرایەتی نەبێت لە پەڕلەمان و دابخرێت.
میللی گەزەتە
لە نۆ مانگدا تورکیا بە بەهای 25 ملیار دۆلار هەناردەى هەبووە
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا لە نۆ مانگی ئەمساڵدا تورکیا بە بەهای 25 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەکی هەناردەى دەرەوە کردووە.
تورکیا لە ساڵی 2019 دا بە 26 دراوی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕە بازرگانییە دەرەکییەکانى ئەنجامداوە، بەڵام لەمساڵدا بە 46 دراوی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانى کردووە.