رۆژنامە تورکییەکان
میللەت
دیدارەکانی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی لە بەریتانیا بەردەوامە
بەگوێرەى سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا دیدارەکانى شاندی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا بەردەوامە بۆ کڕینی فڕۆکەى جەنگی ئیرۆفایتەر، تورکیا پێداگرە لە کڕینی ئەم جۆرە فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووە کە ماوەیەکی زۆر دەخوازێت بیکڕێت، لە مانگی رابردوودا ئەڵمانیا رەزامەندی نیشاندابوو بە فرۆشتنى فڕۆکەکە بە تورکیا و لە ئێستادا دیدارەکان لەگەڵ هاوبەشەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە بەردەوامە.
دونیا
لە نۆ مانگدا تورکیا نزیکەى 24 ملیار دۆلار داهاتى گەشتیاریی هەبووە
پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ 61 ملیۆن گەشتیار روو لە تورکیا بکات. بەگوێرەى ئامارەکان لە نۆ مانگی ئەمساڵدا تورکیا 23 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار داهاتى گەشتیاریی هەبووە.
وەزیری گەشتوگوزاری تورکیا رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ 61 ملیۆن گەشتیار روو لە تورکیا بکات.
بەگوێرەى ئامارەکان لە نۆ مانگی ئەمساڵدا تورکیا پێشوازیی لە 49 ملیۆن و 181 هەزار گەشتیار کردووە. بەمەش لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2024 هاتنى گەشتیار سەدا 61 زیادیکردووە. بە بەراورد لەگەڵ نۆ مانگی ساڵی رابردوو هاتنى گەشتیار سەدا 8.7 زیادیکردووە.
ئایندڵک
داوای داخستنى دەم پارتی دەکرێت
وابڕیارە ئەمڕۆ پارتی نیشتیمان بە مەبەستی داخستنى دەم پارتی سەردانی دادگای باڵا بکات.
ئۆزگور بورسەلی سکرتێری گشتیی پارتی نیشتیمان رایگەیاندووە دەوڵەتی تورکیا خاوەن نیشتیمان و میللەت و دادگایە. پێویستە دەم پارتی بە زووترین کات دابخرێت لەبەرئەوەی ئەم پارتە درێژکراوەى پەکەکەیە. دەم پارتی و جەهەپ بونەتە پاشکۆی سیاسیی یەکتری و مەترسییان لەسەر ئاسایشتی وڵات دروستکردووە پارتی نیشتیمان بە ئەرکی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
حوڕییەت
روسیا نێوەندگیریی لەنێوان شام و ئەنقەرە دەکات
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەى رووسیا بە رۆژنامەى حوڕییەتی رایگەیاندووە دەستپێشکەرییەکانمان بۆ ئاساییبونەوەى پەیوەندییەکانمان لەنێوان شام و ئەنقەرە بەردەوامە و لەهەوڵی ئەوەداین رێککەوتن لەنێوان هەردوولا بێتەئاراوە بۆ ئاساییبونەوەى پەیوەندییەکانیان. راشیگەیاندووە هەردوولا ئامادەییان بۆ درێژەدانی دیدارەکانی نێوانیان دەربڕیوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
مەحمود مەشهەدانى بووە سەرۆکى پەرلەمانى عێراق
دوای گەڕی هەڵبژاردنێک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، ئەندامانی پەرلەمانى عێراق، مەحمود مەشهەدانى، کەسێتی سیاسیی دێرینى وەک سەرۆکى نوێی پەرلەمان هەڵبژارد.
پەرلەمانى عێراق، دوێنێ ئێوارە دانیشتێکى بۆ ئەو هەڵبژاردنە گرێدا مەحمود مەشهەدانى و سالم عیساوی و تەڵاڵ زەوبەعی و عامر عەبدولجەبار کەوتنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەوە.
پەرلەمان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە گەڕی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنەدا لە کۆی 271 پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانى توانى 153 دەنگ بەدەستبهێنێت و سالم عیساوى 95 دەنگی بەدەستهێنا.
گەڕی هەڵبژاردنەکە چووە دووەم و لەکۆی دەنگی 269 پەرلەمانتار، مەشهەدانى بە دەنگی 182 پەرلەمانتار بووە سەرۆکى پەرلەمان.
قودسی عەرەبی
پێگەى ئەکسیۆس: ئێران هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل بەر لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا
ئێران بەڵێنى داوە وەک وەڵامی هێرشەکانى ئیسرائیل کە هەفتەى رابردوو بۆ سەر ئێران ئەنجامیدا، هێرش بکاتە سەر چەند دامەزراوەیەکى سەربازیی ئیسرائیل.
دەنگۆی ئەو هێرشەش لە ئاژانسی تەسنیمەوە بڵاوکرایەوە و لەزاری محەمەد محەمەدی کەلبیانى، بەڕێوەبەری نوسینگەى عەلی خامەنیی، رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامى ئێران گوتبوی، ئەو هێرشەى ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئێران ئەنجامیدا، هەنگاوێکی نائومێدکار بوو، بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە.
پێگەى ئەکسیۆسیش لە زاری دوو سەرچاوەى ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هەواڵگرییەکان زانیارییان پێگەیشتووە ئێران لە رۆژانی داهاتوو و بەرلە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى ئەمریکا، هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.
عەرەبی جەدید
لافاو وەک خراپترین کارەساتى سروشتى لە یەک سەدەى رابردوودا ئیسپانیا نوقم دەکات
رزگاربووانى کارەساتى لافاوەکەى ئیسپانیا وەک خراپترین کارەساتى یەک سەدەى رابردووى ئەو وڵاتە وەسف دەکەن.
شوێنەواری لافاوەکە بە شێوەیەک بووە هەندێک گوندی بە تەواوەتى راماڵیوە.
لێکەوتەی ئەو کارەساتە گیانلەدەستدانى ٩٥ کەس بووە و تاکو ئێستاش تیمەکان بەردەوامن لە رزگارکردنى ئەو هاوڵاتییانەى گیریان خواردووە و هاوکات بەدەومان لە گەڕان و پشکنینەکان بەدوای قوربانییان و بی سەروشوێنەکان.
شوێنى کارەساتباری ئەو لافاوە، بە زۆری یەخەى ڤالانسیای ئەو وڵاتەى گرتووەتەوە، بە شیوەیەک تەنها لەو هەرێمە 40 کەس گیانى لەدەستداوە.
عەرەب
بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لە هەڵوەشانەى ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا کۆدەبنەوە
هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر رووبەڕووی فشارە سەربازییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە دەبنەوە، وەک دوو رکابەر کە تاکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، هاوکات بەرژەوەندییەکانیان لە لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەزمونى ئیدارەی خۆسەر لە رۆژاڤا کۆکردووەتەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەى هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، داوای نێوەنگیریی نێودەوڵەتی دەکات تاکو بەردەوام بن لە فشارکردن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی، تاکو گرژیی و ئاڵۆزیی و ململانێکان لە وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان رابگیرێن.
عەبدی باسی لە ئاساییبوونەوەی رژێمی سوریا و تورکیا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر کرد، ئەو دەڵێت، تورکیا رێککەوتنێکى دەوێت مەرجی بۆ دانراوە، ئەو مەرجەش هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤای کوردستانە.
مەزڵوم عەبدى دەشڵێت، تورکیا بە روونی گوتویەتى، لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە ئەزمونى ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا لەگەڵ رژێمی سوریا ئاشت دەبێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیڵ
کۆمەڵە خێرخوازییەکانی بەریتانیا هۆشداریان داوە بەهۆی ئەو زیادکردنی باجەی رەیچڵ ریڤس،
وەزیری دارایی وڵاتەکە پێشکەشی کردووە، دووچاری قەیرانی گەورەی ئابووری دەبن کە بەهاکەی دەگاتە یەک ملیار و 400 ملیۆن پاوەند لە هەر ساڵێکدا، بەمەش ناچاردەبن یان خزمەتگوزارییەکانیان، یان کارمەندیان کەمبکەنەوە تەنانەت هەندێکیان ناچاردەبن شوێنەکانیان دابخەن.
رۆژی چوارشەممە رەیچڵ ریڤس کە یەکەم ژنە ئەم پۆستە لە بەریتانیا وەربگرێت ئاماژەی بە زیادکردنی باج بە بەهای 40 ملیار پاوەند کرد، بەگوێرەی ئەم رێکارە نوێیە حکومەتی بەریتانیا ساڵانە بە بەهای 41 پۆینت پێنج ملیار پاوەند داهاتی زیاددەکات و بە شێوەیەکی سەرەکی کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەی وڵاتەکە دەکاتەئامانج.
گاردیەن
بەیانی ئیسپانیا و بەرزبوونەوەی ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەوە بۆ زیاتر لە 150 کەس
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی لەبارەی لافاوەکەی ئیسپانیا بڵاوکردووەتەوە و دیمەنی بەیانیی ئیسپانیای کردووەتە بابەتی سەرەکی رۆژنامەکە، ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی قوربانیانی لافاوەکە داوە بۆ زیاتر لە 150 حاڵەتی گیانلەدەستدان.
دوێنێ لافاوێکی بەهێز رووی لە شاری ڤالێنسیا لە رۆژئاوای ئیسپانیا کرد و زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئۆرشەلیم پۆست
لە دوو هێرشی مووشەکی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل حەوت کەس کوژران
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە مانشێتی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوو هێرشی حزبوڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش هاتووە، لە هێرشی یەکەمدا پێنج کەس و لە هێرشی دووەمیش دوو کەس کوژراون، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، حزبوڵا نزیکەی 25 مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کردووە.
سیدنی مۆرنین هێراڵد
ترەمپ قسە بێماناکانی دەباتە قۆناغێکی دیکە
رۆژنامەی سیدنی مۆرنین هێراڵدی ئوسترالی بابەتێکی لەسەر قسە و کردەوەکانی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڵاوکردەوە و دەڵێت، قورسە بزانیت ئایا دەبێت پێبکەنیت، بگریت، بێهیوا ببیت، بەڵام ئەمە ترەمپە لە ویلایەتی ویسکۆنسنی ئەمریکا بە خۆی و ئۆتۆمبێلێکی خۆڵڕشتنەوە هاتووە بۆ کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی و قسە بێماناکانی دەباتە قۆناغێکی دیکە.
لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، زۆرجار رەفتار و کردەوەکانی ترەمپ سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی بە تەواوی میدیاکاندا بڵاوبووەوە.