زووم:
رۆژنامەى قودسی عەرەبی لە پێگەی ئەکسیۆس گواستییەوە، کە ئیران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
بە گوێرەى هەواڵى رۆژنامەکە، ئێران بەڵێنی داوە وەک وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، کە هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئیران ئەنجامیدا، هێرش بکاتە سەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل.
هەر بە گوێرەى رۆژنامەکە، دەنگۆی ئەو هێرشەش لە ئاژانسی تەسنیمەوە بڵاوکرایەوە و لەزاری محەمەد محەمەدی کەلبیانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەلی خامەنیی، رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتبووی، ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئێران ئەنجامیدا، هەنگاوێکی نائومێدکار بوو، بەدڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بەتوندی وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە.
رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، پێگەی ئەکسیۆسیش لەزاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هەواڵگرییەکان زانیارییان پێگەیشتووە ئێران لە رۆژانی داهاتوو، بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.