زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
میلاد
فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵ رکابەری فڕۆکەخانەکانی جیهان دەکات
بەگوێرەى ئامارەکان فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵ ژمارەى پێوانەیی لە گواستنەوەى گەشتیاراندا شکاندووە و لەماوەى شەش ساڵدا 318 ملیۆن گەشتیاری لەناوخۆی و دەرەوەی تورکیا گواستووەتەوە.
فڕۆکەخانەی نوێی ئیستەنبوڵ لە ساڵى 2018 کرایەوە، گەورەترین فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵ و تورکیا دەژمێردرێت و وەک جێگرەوەى فڕۆکەخانەى ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ کە بووەتە فڕۆکەخانەیەکی تایبەت بە بار و کارگۆ گواستنەوە. بەدەر لەوەش فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچەش لە ئیستەنبوڵ هەیە، کە گەشتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.
تورکیا
ئەردۆغان دەڵێت، بەرەیەکی ناوخۆی بەهێز لەدژى تیرۆر پێکدەهێنین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکیدا لە ساڵیادی دامەزراندنى کۆماری تورکیا رایگەیاند، هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ مەهەپە دووپاتدەکەینەوە و بەرەیەکی ناوخۆی بەهێز پێکدەکەین بۆ رووبەڕووبونەوەى تیرۆر.
راشیگەیاندووە، تورکیا ئەگەر لەناوخۆیدا بەهێز بێت دەتوانێت رووبەڕووی تیرۆر و هێزە شەڕخوازەکان ببێتەوە.
قەرار
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، پشتیوانی لە کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان ناکەین
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، ئەردۆغان بۆ ئەوەى دەستوور هەمواربکاتەوە و جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک، بەنیازە پڕۆژە یاسایەک بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بەناوی مافی ئومێد بهێنێتەبەر باس.
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، ئێمە ئەرکی پاراستنی دەوڵەتی کۆماریمان لەسەرە نەوەک رێککەوتن لەگەڵ لایەنێک و مانەوەى کەسێک لەسەر کورسیی دەسەڵات، بۆیە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ یاسایەک نین، ماف بە ئەردۆغان بداتەوە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆککۆمار.
یەنی بیرلیک
نرخی گۆشتی سوور لە تورکیا تادێت گران دەبێت
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان نرخی گۆشتی سوور بەشێوەیەکی بەردەوام گران دەبێت مانگانە بە رێژەى نێوان ئۆ پۆینت 20 بۆ 1.70 نرخەکەی بەرزدەبێتەوە. ساڵانەش بە رێژەى 40% بۆ 60% تاوەکو 75% بەرزدەبێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
بودجەی سەربازیی ئێران بۆ سێ هێندە بەرزکرایەوە
پەرلەمانی ئێران دوێنێ بە 146 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 96 دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بێ لایەن لە کۆی گشتی 249 نوێنەری ئامادەبوو، گەڵاڵەی بودجەی ساڵی داهاتووی پەسەند کرد .
لەم پڕۆژەیاسایەدا کە یەکەمین پڕۆژە یاسای بودجەی حکومەتی مەسعود پزشکیانە، بودجەی سەربازی بە رێژەی سێ هێندە زیاد کراوە.
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەت لەسەر هۆکاری بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازیی ساڵی داهاتوو ئاماژەی بە هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئاسمانی ئێران کرد کە بووە هۆی کوژرانی پێنج ئێرانی و لە هەمانکاتدا گرووپێکی دژ به حکومەت 10 پاسەوانی سنووریشیان کوشتووە و رایگەیاند، دەبێ بەرگریی ئێران بەهێزتر بکرێت.
باختەر
دۆزینەوەی 1200 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە پارێزگای کرماشان راگەیەندرا
سەرۆکی پۆلیسی دژە مادەی هۆشبەر لە پارێزگای کرماشان دۆزینەوەی زیاتر لە یەک تۆن و 209 کیلۆ مادەی هۆشبەری لە شەش مانگی رابردوودا راگەیاند.
هۆشەنگ موبارەکی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان گوتی، زۆرترین مادەی دۆزراو تریاک بووە کە نزیکەی 905 کیلۆگرام بووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 34% گەشە نیشان دەدات.
ناوبراو لەناوبردنی نۆ باندی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان و پێنج شوێنی فرۆشتنی مادەی هۆشبەری راگەیاند و باسی لەوەش کرد کە پۆلیس ئامادەیە لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان کۆبکاتەوە، بە مەرجێک ژێرخانی پێویست لەبەردەستدا بێت.
کار و کارگەر
توانای کڕینی کرێکاران بۆ نیوە کەمیکردووە
بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و لە سەرەتای ئەمساڵەوە توانای کڕینی کرێکاران بۆ نیوە دابەزیوە.
ئایەت ئەسەدی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کار دەڵێت، سەرەڕای بەڵێنی حکومەت بۆ سەقامگیرکردنی رێژەی هەڵاوسان، بەڵام هەڵاوسانی راستەقینەی ئەمساڵ زیاتر لە 20% بووە و داواکاری کرێکاران بۆ پێداچوونەوە بە کەمترین حەقدەست تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمترین حەقدەستی کرێکاران پێشتر تەنها نیوەی سەبەتەی بژێوی مانگانەی بنەماڵەکانی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ چارەکێک کەمکراوەتەوە و ئەم هەلومەرجانە بۆتە هۆی بێهیوایی کرێکاران و کێشەی جیددی بۆ خاوەنکار و کرێکاران دروستکردووە.
ئەبراری ئیقتسادی
لە ئێران 38%ـى کاڵاکانی نێو بازاڕی جلوبەرگ بە قاچاخ هاوردە دەکرێن
سەعید جەلالی، سکرتێری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی قوماش و جلوبەرگی ئێران رایگەیاند، پشکی و ئێران لە بازاڕی بەرهەمهێنانی جلوبەرگدا نزیکەی 450 هەزار تۆنە، که دەکاتە 70%ـى بازاڕ، کە لە لایەن بەرهەمهێنەرانی ناوخۆییەوە دابین دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بە ئەو قەیرانە کرد بە سەر پیشەسازیی جلوبەرگدا زاڵ بووە بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک کە بازاڕی ساردوسڕ کردووە و هەروەها قاچاخچێتی کە 30%ـى بازاڕی پۆشاکی ئێران دەگرێتەوە.
جەلالی هەروەها باسی لە کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی دۆلار کرد لەسەر نرخی کەرەستەی خاو و مەکینە و ئەوەش تێچووی بەرهەمهێنان زیاتر دەکات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
زمانى ژمارەکان سەرکەوتنى حکومەتی عێراق دەسەلمێنێت
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانى عێراق، بە ژمارە، سەرکەوتنى حکومەتەکەى لە رووی ئیداری و ئابووری و ئاسایش و سەقامگیرییەوە دەسەلمینێت.
سودانى تەنها بە یادهێنانەوەى دەستکەوت و ئەو کار و پرۆژانەى دەستى خستوون و جێبەجێی کردوون نەوەستا، بەڵکو کۆمەڵێک نەخشەڕێگای خستەڕوو کە حکومەتەکەى لە چەندین بواردا دەستی پێکردووە.
شەرقلئەوسەت
واشنتن دەڵێت عێراق کۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی دەکات
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد دەڵێت، وڵاتەکەى کۆنتڕۆڵی بواری ئاسمانیى عێراقی نەکردووە و پێداگری دەکات لەوە بەشدارییان نەکردووە لەو هێرشەى ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئەنجامیدا.
ئالینا رۆمانۆوسکى لە دیداری سیاسیی مێری، کە لە هەولێر بەڕێوەچوو گوتى، عێراق بە وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواو لە قەڵەم دەدەن و هەر بۆ ئەمەش کۆنتڕۆڵی خۆی نەسەپاندووە بەسەر بوارە ئاسمانییەکەیدا.
گوتیشی، سوپای ئەمریکی بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبووە لەو هێرشەى ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئەنجامیداوە.
سەبارەت بەو هێزە ئەمریکییانەى لە عێراق ماونەتەوە، گوتی، بۆ هاوکاریی عێراق و پاککردنەوەى پاشماوەکانى رێکخراوى داعشە.
رۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوەش کرد، بەغداد دەیەوێت پەیوەندییە سەربازییەکانى لەگەڵ ئەمریکا بگوازێتەوە بۆ پەیوەندیی دوولایەنە و چەندین بواری دیکە.
عەرەبی جەدید
نەعیم قاسم بووە ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان
حزبوڵا رایگەیاند، نەعیم قاسم وەک ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان دیاری کراوە، ئەوەش دوای تێپەڕبوونى مانگێک بەسەر کوژرانى حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری پیشووى حزبوڵا و هاشم سەفیەدینی جێگری، لە هیرشێکی ئىسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان لە 27ـی ئەیلولی رابردوو.
ئەنجومەنى شوورای حزبوڵا، نەعیم قاسمى دیاریکردووە وەک ئەمینداری گشتى و هەر دوای دەستنیشانکردنیشی، وەزیری وزەى ئیسرائیل گوتی، هەرچ کەسێک وەک سەری حزبوڵا دیاری بکرێت دەکرێتە ئامانج و لەنێو دەبرێت.
عەرەب
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرادایە لەگەڵ رێگریکارانى هەژماری من
سەرۆکایەتیى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رێنمایی فەرمیی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی کردووە سەبارەت بە پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر هەر کەسێک و لایەنێک رێگریی لە پرۆژەی هەژماری من بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکومەت لەگەڵ ئەو کەسانەی رێگری لەو سیستمە بانکییە دەکەن، کەوتووەتە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا.
حکومەت داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە سزای ئەو ئەفسەر و کارمەندانەى پۆلیس بدات، کە رێگری لە کارمەندانی هەژماری من دەکەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
هەروەها داوای لە وەزارەتی داد کردووە دۆسیەیەکی تاوانکاری دەستپێبکات بەرامبەر ئەو کەسان و قەوارانەی ئاستەنگ لە کارکردنی فەرمانبەرانی پرۆژەکە دەکەن و رێگرییان لێبکەن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری حکومی بە هاووڵاتیان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئەو کەسەی لە ساوزپۆرت پەلاماری منداڵەکانی دا کتێبی رێنماییەکانی قاعیدەی پێبووە
ئەو کوڕە هەرزەکارەی لە ناوچەی ساوزپۆرتی بەریتانیا دەستگیرکرا، هەندێک کەرەستە و مادەی بڕەر و کتێبی رێنماییەکانی کارکردنی رێکخراوی قاعیدەی پێبووە.
ئەلێکس روداکوبانا تەمەنی هەژدە ساڵە، تەمموزی رابردوو پەلاماری ناوەندێکی مەشقی هاوینەی منداڵانی دا، کە لەسەر ئاوازی گۆرانییەکانی تایلەر سویفت مەشقیان پێدەکرا، سێ منداڵی کوشت و ژمارەیەکی دیکەشی بریندارکرد.
ئەلێکس هەندێک مادەی بڕەر و ژەهراوی و کتێبێکی کارکردنی قاعیدەشی پێبووە. سێ مانگ بەسەر ئەو پەلامارەدا تێپەڕ بووە، بەڵام دوێنێ داونینگ ستریت رایگەیاند، بە راگەیاندنێکی هەڵبەستراو گوتراوە موسڵمانە و داوای پەنابەری دەکات، ئەم راگەیاندنە بووە هۆی نانەوەی ئاژاوە و خۆپیشاندان، هەزاران کەسیش بەوهۆیەوە دەستگیر کران.
فاینەنشڵ تایمز
مۆسکۆ و کیێڤ دەیانەوێت وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی یەکدی بۆردومان نەکەن
روسیا و ئۆکراین گفتوگۆیەکی بەراییان دەستپێکردووە، دەیانەوێت لەسەر ئەوە رێکبکەون لە وەرزی زستاندا ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزەی یەکتری بۆردوومان نەکەن.
کییڤ چاوی لەوەیە ئەو گفتوگۆیانە لەگەڵ روسیادا دەست پێبکرێتەوە، کە قەتەر نێوەندگری تێدا دەکرد، بەڵام بەهۆی پەلاماردانی کورسک لەلایەن سوپای ئۆکراینەوە پەکیان کەوت.
چەند بەرپرسێکی ئۆکراینیی بەشدار لەو گفتوگۆیانەی رابردوودا بە رۆژنامەی فاینەنشڵ تایمزیان گوتووە، چەند ئاماژەیەکی زۆر سەرەتایی هەن بۆئەوەی بتوانرێت ئەو گفتوگۆیانە دەستپێبکەنەوە.
گاردیەن
وەزارەتی بودجە لانیکەمی کرێی کرێکاران بە رێژەی 6.7% بەرزدەکاتەوە
رەیچڵ ریڤز بەرنامەی هەیە بۆ ساڵی داهاتوو لانیکەمی کرێی کارکردنی کرێکاران بە رێژەی لەسەدا شەش پۆینت حەوت بەرزبکاتەوە.
راگەیاندنی ئەم بەرزکردنەوەی کرێیە دەکەوێتە پێش راگەیەندنی بودجەی ساڵ، بڕەکەی دەگات بە چەندان ملیار پاوەند و وەک هەنگاوێک بە نوێکردنەوەی نیشتمانی ناودەبرێت.
چاودێران دەڵێن زیادکردنی بڕی 1.21 پاوەند بۆ لانیکەمی کرێی کارکردنی کاتژمێرێکی کرێکاران، هەنگاوێکی گرنگی پارتی فەرمانڕەوایە، کە هەوڵدەدات کێشەکانی خەڵکانی خاوەنداهاتی کەم سووک بکات.
هەروەها کاریگەریی زیادکردنی باجەکانیش لەسەر چینی کرێکاران کەمدەکاتەوە. لە ماوەی رابردوودا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە باجی سەر کرێکاران زیادکرا.
ئۆرشەلیم پۆست
دوای قەدەغەی کاری ئونروا لە ئیسرائیل نەرویج پەنا بۆ دادگای لاهای دەبات
نەرویج دەیەوێت پەنا بۆ دادگای دادبینیی نێودەوڵەتی ببات و داوای لێبکات هەڵوێستێکی روون و راوێژکارییانە دەربارەی بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ داخستن و قەدەغەکردنی ئونروا دەربکات.
ئونروا دامەزراوەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە ساڵی 1967ـەوە لە قودس و کەرتی رۆژئاوا و غەزەدا کۆمەکی فریاگوزاری پێشکەشی خەڵکانی ئاوارەبووی فەڵەستینی دەکات.
نەرویج دەڵێت شتێکی ناپەسەندە ئەو رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە شێوازی سیستماتیکی کار بۆ خەڵکانی ئاوارەبوو و زیانلێکەتووی شەڕەکان دەکات، یارمەتیی مرۆیی پێشکەش دەکات، کەچی بەو شێوازە دابخرێت.
یۆهان گار ستۆرە، سەرەکوەزیرانی نەرویج لەمڕووەوە قسەی بۆ راگەیاندنەکان کرد و هەڵوێستی نەرویجی راگەیاند.