شین و هەرەشەی هەژمار !
باسی ئەوە ناکەم کە بە حساب وەزیری دارایی دەستی لەکار کێشاوەتەوە و پێش هەڵمەتی هەڵبژاردن دەهۆڵێکی زۆریان بۆ کوتا گوایە لە کابینەی نۆ کشاونەتەوە، وەڵامی ئەوە لای حزبەکەیەتی ، بەڵام :
یەکەم: ئەم زمانی هەڕەشەیە کەی کۆتایی پێ دێنن وەک ئەوەی لەم نوسراوەی وەزیردا هاتوە؟! حوکمڕانی دروست بە نوسراوی هەڕەشە ئامێزی پێشوەختە ناکرێ؟! بە هەڕەشە ناکرێ؟! بەڵکو بە رێکاری ئیداری بە گوێرەی یاسا و رێنمایی دەکرێ! ئەگەر فەرمانبەرێکی حکومەت سەرپێچی کردوە سزا ئەدرێ، مانای چییە نوسراوی فەرمیی دەخەنە میدیاوە وەک هەرەشە دژی فەرمانبەرەکانی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، ئەم گروپە حکومڕانیان ئیحراج کردوە، تەنها لە حوکمڕانی فەنتەڵۆسانەی هەرێمدا حکومەت لەبری لێپرسینەوە هەڕەشە لە فەرمانبەرەکانی دەکات؟!
دووەم: من لە نێوان توگین و هەژماری مندا، هەژماری من بە خیانەت دەزانم لە فەرمانبەران. پشتیوانی کوێرانەی هەژماری من دەڵاڵییەکی بێ چەند و چوونە بۆ بانکە حزبی و کەسییەکانی خێزانە سیاسییە دەستڕۆیشتوەکانیی کوردستان.
سێهەم: لە ئێستادا ململانێیەکی سیاسیی توند لە سەر هەژماری من و توگین لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە! وەزیرە گۆڕانەکەی دارایی بۆچی خۆی کردوە بە لایەنگری سەدا سەدی پارتی لەو گۆنگەڵەدا، کە هەتا ئێستا خەڵکێکی زۆر پێی وایە یەکێتی جدی نییە و بۆ قۆڵ بادان و حەملەی پێش وەختەی هەڵبژاردنی عێراقە! بەڵام خۆ ئەگەر خوا بکات یەکێتی وەک گریمانەش بە جدی بێت، و بانکە فیدڕالییەکان بگەڕینەوە سلێمانی، بۆ خراپە و ئەو باسە هەڕەشە و گوڕەشەی بۆ چییە؟!
چوارەم: لە کوێی دنیا کردنەوەی هەژمار و حسابی بانکی و چۆنێتی وەرگرتنی مووچە بەسەر فەرمانبەردا بە هەرەشە سەپێنراوە ؟! فەرمانبەری هەرێم بۆچی ئازاد نەبێت لەوەی لە هەژماری من بەشدار دەبێت یان توگین و بەبانکیکردن لە ئاستی عێراقدا؟! ئەمە چ لۆژێکیکی حوکمڕانییە کە فەرمانبەر ناچار بکەیت بڕوا لە چەند بانکێکی کەسی و حزبی و خێزانی هەژمار بۆ موچەکەی بکاتەوە؟!
پێنجەم: قسەی هەر پوخت ئەمەی خوارەوەیە، بۆ خەڵک بە گشتی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان باسی توگین و هەژمار پەیوەستە بە گرەنتی وەرگرتنی موچەکانیان بێ دوا کەوتن و لێدزین! بەڵام بۆ بەرپرسانی حوکمی و سەرەوە کێشەی نێوان هەژمار و توگین کێشەی سود و قازانج و پشک و پشک کارییە لەو بانکانە!
بە کوردییەکەی هەڕەشە و شینی هەژمار بۆ هەریسەکەیە نەک موچەخۆران!
هۆشیار عەبدوڵا