زووم، سلێمانى
لە کۆتایی هەفتەى رابردووەوە رۆژنامەنوسێک لە سلێمانى دەستگیرکراوە، سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان دەڵێت، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە هەڵمەتێکی رفاندن، دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوسان هەیە، جێگرى نەقیبى سەندیکا راگەیەنداوەکە بە توند و تۆمەتبەخشینەوە بە ئاسایشی سلێمانى ناودەهێنێت، سەنتەری میترۆش دەڵێت، رۆژنامەنوسەکە بێ ئاگادارکردنەوە دەستگیرکراوە.
سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان دەڵێت “هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشى پارێزگاکەوە دەبینرێت”، چوار رۆژە چارەنوسی رۆژنامەنوس رەوا بورهان “بردراوە” و چارەنوسی دیارنییە، سەنتەرى میترۆش دەڵێت، هیچ لایەنێکى فەرمى پەیوەندیدار ئامادەنییە زانیاریان لەبارەیەوە پێبدات.
رفاندن، دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوسان لە سلێمانى هەیە
ئەمڕۆ، شەممە، 26ى تشرینى دووەمى 2022، لیژنەى داکۆکى لە ئازادى رۆژنامەگەرى و مافى رۆژنامەنوسان، لە سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى رەوشى رۆژنامەنوسان لە پارێزگاى سلێمانى بڵاوکردەوە، دەڵێت “هەڵمەتێکی رفاندن، دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوسان لە سلێمانى هەیە”. ئەو رۆژنامەنوسانەى دەستگیرکراون شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەیان دیارە.
لەبارەى رۆژنامەنوس رەوا بورهان، سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان دەڵێت، چوار رۆژە هێزێکی ئەمنی “لەکاتی خەودا هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی” و تاوەکو ئێستا چارەنوسی دیارنییە. لەهەمانکاتدا چەندین پێشێلکاری دیکە لە ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە بەرامبەر رۆژنامەنوسان.
لە راگەیەندراوى سەندیکادا هاتووە، مەترسیەکی گەورەیە هەیە، بۆسەر پرۆسەی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و پێشێلکردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەنگەری و پاراستنی رۆژنامەنوسان. ترس و دڵەراوکێیی لای رۆژنامەنوسان دروستکردوە.
سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان دەڵێت، داوادەکەین هەرچی زووە کۆتایی بەم رەفتارە بەرامبەر رۆژنامەنوسان بهێنرێت، بەپێچەوانەوە ناچاردەبین رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ئازادی رۆژنامەنوسی ئاگاداربکەینەوە.
راگەیەنراوەکە لیژنەى داکۆکى توند و تۆمەتبەخشە
لەبارەى راگەیەندراوەکە، بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنوسانی کوردستانیش راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو راگەیەندراوەى لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان بڵاویکردووەتەوە، بە زمانێکی “توند و تۆمەتبەخش” بەرامبەر بە ئاسایشی سلێمانى نوسراوە، کە دامەزراوەیەکى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستانە.
ئەو دەڵێت، ئێمە لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، ئەرکمانە بێ جیاوازی داکۆکی لە رۆژنامەنوسان بکەین، بەڵام زمانی نوسینی بەیاننامەکەی لیژنەی داکۆکی، زمانێکە پڕیەتی لە “رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حزبی” لەنێو سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان.
بژار حەکیم دەڵێت، ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدایە لە هەولێر و دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان هەیە و باس ناکرێت.
سبەى رەوا بورهان دەبرێتە بەردەم دادوەر
هەر ئەمڕۆ رەحمان غەریب، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ، بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەنوسان، راگەیەندراوێکى لەبارەى دەستگیرکردنى رۆژنامەنوس رەوا بورهان بڵاوکردەوە، ئەو دەڵێت، لە بەیانی ئەمرۆوە دەمەوێت لێدوانێكی فەرمى لە لایەنی پەیوەندیدار یان خێزانی رۆژنامەنوسەکە، سەبارەت بە دەستگیكردنی وەربگرم، بەڵام كەس ئامادە نییە. بەڵام بە نافەرمى پێمان گوتراوە “ئاسایش بە فەرمانی دادوەر و بەتۆمەتی بەڕێوەبردنی پەیج و ئەكاونتی نەناسراو دەستگیری کردووە، سبەى یەكشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر.
رەحمان غەریب دەڵێت، رەوا بورهان، بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت دەستگیرکراوە، هێزێک چووەتە ماڵی و راپێچی زیندانی ئاسایشیان کردووە.
ئەو دەڵێت، ئێمە پێمان باشە ئەدیمن و بەرێوەبەری پەیج و ئاكاونتەكان ناسراوبن، بەتایبەتی مەبەستمان لەوانەن كاری میدیایی دەكەن، بەڵام “كام حزب و دەزگا ئەمنیەتان خەریكی ئەم ئەتوار نیین، دەستهەڵبڕن؟”.