زووم
رۆژنامه فارسییەکان
شەرق
هەموو کەسێک جارێک دەمرێت، کۆڵبەرەکان هەموو رۆژێک دەمرن
دیاردەی کۆڵبەری یەکێک لە کێشە قووڵەکانی ناوچە سنوورییەکانی ئێرانە، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و هەژاری و نەبوونی پێشکەوتنی ئابووری لەو ناوچانە تەشەنەی سەندووە.
گەنجان کە لە شارەکانی وەک پاوە، مەریوان، قەسری شیرین دەژین، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و دامەزراندن روو لە کۆلبەری دەکەن.
کارێکی سەخت و مەترسیدارە رۆژانە رووبەڕووی مردن و مەترسی دەبنەوە.
کۆڵبەران ناچارن بەناو چیا پێچاوپێچ و مەترسیدارەکاندا بە باری قورسەوە گەشت بکەن بۆ سنوورەکان و هەمیشە تووشی هەڕەشەکانی وەک مین و سەربازەکان ببنەوە.
برینداربوونی جەستەیی و دەروونی ئەم کارە کاریگەری لەسەر ژیانی کۆڵبەران هەیە.
پێویستە لەبری رێبازی سەربازی و ئەمنی، پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ناوچانە بەهێزتر بکرێت بۆ ئەوەی کۆڵبەران بتوانن بەدیلێکی شایستە وەک کارێکی هەمیشەیی بدۆزنەوە.
جەوان
ئێران وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە ئێران بە پشت بەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی داکۆکی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی بەکار دەهێنێت.
ناوبراو هێرشی ئیسرائیلی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری ئێران ناوبرد و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی شیاوی ئەم دەستدرێژییە دەداتەوە.
ئەو دەڵێت، پێش هێرشەکە ئاماژەکانی ئەم چالاکییەیان پێگەیشتووە و زانیارییان لەگەڵ بەشی سەربازی ئاڵوگۆڕ کردووە و کاریگەرییەکانی ئەم هێرشە سنووردار بوون.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئێران لە کاتی گونجاو و بە ئیرادە و بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم دەستدرێژییە دەداتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران چاودێری جموجۆڵەکانی ئیسرائیل دەکەن.
ئاسیا
پشکی ئێران لە هەناردەی غاز لە جیهاندا زۆر کەمە
بەڕێوەبەری گرووپی وزەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە ئێران 17%ـى یەدەگی غازی جیهانی هەیە، بەڵام تەنها 1%ـی هەناردەی غازی جیهانی هەیە.
ئێران ساڵانە 18 ملیار مەتر سێجا غاز هەناردەی وڵاتانی عێراق و تورکیا دەکات کە بەراورد لەگەڵ بەکارهێنانی ساڵانەی ئێران کە 250 ملیار مەتر سێجایه ژمارەیەکی کەمە.
بەگوێرەی پلانەکانی پێشوو، بڕیار بوو ئێران تاوەکو ئەمساڵ پشکی 10% لە هەناردەی غازدا بەدەستبهێنێت، بەڵام هێشتا زۆر دوورە لە گەیشتن بەو ئامانجە.
ئاگاه
نرخی گۆشتی مریشک لە ئێران 10% زیاد کرا
لەماوەی هەفتەی رابردوودا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک 10% بەرزبووەتەوە.
نرخی مریشک لە پارێزگا جیاوازەکاندا بەرزی و نزمی زۆر بەرچاوی هەیه و لە هەندێک پارێزگا ئەو نرخە هەرزانتر و لە بەشێکیشیان گرانتر دەفرۆشرێت.
بۆ رێگری لەم جیاوازی نرخە وەزارەتی کشتوکاڵ کورتەنامەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گران فرۆشی خستووەتە کار و داوای لە خەڵک کردووە حاڵەتەکانی سەرپێچی تۆمار بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
رێژەی منداڵبوون لە بەریتانیا کەمترین ئاستی تۆمارکردووە
رێژەی منداڵبوون لە ئینگلاند و وێڵز دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست. ئەگەر ژمارەی منداڵە لەدایکبووەکان بەراورد بکەیت بە ژمارەی دایکەکان، ئەوا لە ساڵی 2023ـدا هەر دایکێک 1.44 منداڵی بەردەکەوێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە 1.49 بووە.
لە ساڵی 1938ـەوە، کە ئاماری بەراوردی لەدایکبوونی منداڵ تۆمار دەکرێت، ئەمە نزمترین ئاستی تۆمارکراوە.
چەند بەرپرسێک لە دەستەی ئاماری نیشتمانی دەڵێن، ئەگەر لە رووی ژمارەی دایکەکانیشەوە سەیر بکەیت لە ساڵی 1977 بە دواوە هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ منداڵ بەکەمی لەدایک نەبووە، کەمترین ژن بڕیاریداوە ببێت بە دایک و منداڵ بەخێو بکات.
گاردیەن
ئیسرائیل گوێی بە هەڵوێستی ئەمریکا نەدا و کارکردنی ئونروای قەدەغەکرد
پەرلەمانی ئیسرائیل بڕیاریدا لە ماوەی 90 رۆژی داهاتوودا کارکردنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بووژانەوە و هاریکاریکردنی ئاوارەکانی فەڵەستین قەدەغە بکات.
ئەم بڕیارەی ئیسرائیل بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە دێت، چونکە ئەوان دەڵێن ئونروا گەورەترین دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی و خزمەتگوزاری بە خەڵکی فەڵەستین.
دوێنێ لەنێو کنێستدا بە کۆی 92 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 10 دەنگی نەخێر کارکردنی ئەو دامەزراوەیە قەدەغەکرا، کە لە ساڵی 1967ـەوە بەبەردەوامی لەنێو فەلەستیندا کاری خێرخوازی و فریاگوزاری ئەنجام دەدات.
فاینانشیەڵ تایمز
ڤۆکس واگن لەنێو ئەڵمانیادا سێ کارگەی خۆی دادەخات
کۆمپانیای ڤۆکس واگنی ئەڵمانی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بەرنامەی هەیە لانیکەم سێ لە کارگەکانی لەنێو ئەڵمانیادا دابخات، بەمەش مەترسی بۆ کارکردنی هەزاران کرێکاران دروست دەبێت و ئەگەریشی هەیە بەهای پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە بە رێژەی لەسەدا 10 کەم بکاتەوە.
ئەمە گەورەترین کەمکردنەوەی ژمارەی کارگەکانی ئەو کۆمپانیایەیە لە ماوەی 87 ساڵی کارکردنیدا.
ڤۆکس واگن لەنێو ئەڵمانیادا 300 هەزار کرێکاری هەیە، بۆیە ئەگەری هەیە داخستنی ئەو کارگانەی، تووشی شەڕێکی توندی یەکێتییەکانی کرێکارانی بکات.
عەرەب نیوز
لە سنووری تونس تەرمی 16 کۆچبەر دۆزرانەوە
رۆژی دووشەممە لەنێو ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست و لە نزیکی سنووری تونس، پاسەوانانی سنوورە ئاوییەکان تەرمی 16 کۆچبەریان دۆزییەوە، کە ویستبوویان بپەڕنەوە بەرەو سنوورەکانی باشووری ئەوروپا.
حوسامەدین جەبابلی، گوتەبێژی فەرمیی پۆلیسی نیشتمانیی تونس رایگەیاندووە، لەبەرئەوەی تەرمەکان زۆر تێکچوون، تائێستا نەتوانراوە ناسنامەکانیان دەستنیشان بکرێت.
دەشڵێت، تەرمەکان لە چەند شوێنێکی نزیک لە دوورگەی مەهدییە دۆزراونەتەوە، ئەو دوورگەیە، یەکێکە لەو خاڵ و ناوەندانەی پەنابەران بۆ پەڕینەوەی نایاسایی بەرەو ئەوروپا رووی تێدەکەن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کۆبوونەوەی لوتکە بۆ گفتوگۆ لەبارەى چارەسەریی دوو-دەوڵەت لە سعودیە بەڕێوەدەچێت
وا بڕیارە چوارشەممە و پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک لە ئاستى باڵادا بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەى چارەسەریی دوو-دەوڵەت، کە مەبەست ئیسرائیل و فەلەستینە.
پرۆژەیەکە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پێشنیاز کراوە بۆ کۆتاییهێنانى یەکجارەکی بەو کێشە مێژووییەى لەنێوانیاندا هەیە و گەڕانەوەى هەردووکیانە بۆ شوێنەکانى سەرەتا کە بەدەستیانەوە بووە.
بڕیارە دیپلۆماتکاران، نوێنەری وڵاتان، رێکخراوە جیهانى و هەرێمییەکان بەشداریی تێدا بکەن.
کۆبوونەوەکە بە گوتەى فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە دەستپێدەکات، دواتر فیلیپ لازارینى، نوێنەرى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروبارى بەهاناوەچوون و پەنابەران گوتارێک دەدات، پاشان بەشداربووانی لوتکەکە را و بۆچوونى خۆیان لەبارەی پرسەکەوە دەخەنە روو.
بەڵام رۆژنامەکە هیچ ئاماژەیەکى بە بەشداریکردنى لایەنەکانى ئیسرائیل و فەلەستین نەکردووە.
سەباح
تەل ئەبیب لە مووشەکەکانی ئێران دەترسێت و تارانیش هەڕەشەى توند دەکات
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، ئێران بە مافى خۆی دەزانێت وەڵامی دەستدرێژییەکانى ئیسرائیل بداتەوە.
بەقائی لە کۆنفراسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، وەڵامی ئێران یەکلاییکەرەوە و توند دەبێت و بڕیاری کۆتاییش لای بەرپرسانى باڵای وڵاتەکەیە، وەڵامەکەمان بە رێگاى جیاواز دەبێت.
جەختیشیکردەوە، هەوڵی دیپلۆماسى و هێرش و جەنگ دوو باڵی سەرەکیی بارودۆخەکەن، هەروەها هەڵوێستى ئێران لەبارەى بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمەوە لەسەر ئاستى ئاینى و کۆمەڵایەتى و رێبەری ئێرانیش، روون و ئاشکرایە، کە رێگاپێنەدراو و حەرامە.
عەرەب
لە سەرژمێریی ئەمساڵدا کەرکوک ناکۆکییە نەتەوەییەکانى عێراق قووڵدەکاتەوە
بڕیارە رۆژانی 20 و 21ـى مانگی داهاتوو لە سەرانسەرى عێراق پرۆسەى سەرژمێری دەستپێبکات، بەڵام تائێستاش لایەنە کوردییەکان و بەشێکى زۆر لە کوردانى شاری کەرکوک دڵنیا نین لە سەلامەتیى پرۆسەکە و پێیانوایە هێشتا کەرکوک ئامادە نییە سەرژمێریی تێدا بکرێت، ئەمە بۆ سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەکانیش راستە.
کوردان لەوە دەترسن ئەم سەرژمێرییە ببێتە بنەماى کۆتاییهێنان بە کوردستانیبوونى ئەو ناوچانە، لە کاتێکدا لە دەستووردا بە ناوچەى جێناکۆک ناویان هاتووە.
هەرچەندە پرۆسەکە زۆر بەوردی و بەجدی بەڕێوە دەچێت و هیچ ئەگەرێک نییە لە دواخستنى، بەڵام فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەى ناوچە کوردییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان گومانى هەیە لە پرۆسەکە و رایگەیاندووە، وەزارەتى پلاندانان نەیتوانیوە گومانەکانیان بڕەوێنێتەوە. راشیگەیاندووە، راستە هەموومان عێراقین، بەڵام شوناس و نەتەوەمان کوردە.
دیارینەکردنى شوناس و نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێرییەکەدا گومانەکانى ناسنامەى کەرکوکى خستووەتە مەترسییەوە.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل ماڵی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا دەکاتە پێگەی سەربازی
ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا بەردەوامە، خەڵکی کەرتەکە ترسی ئەوەیان هەیە ئیسرائیل ماڵەکانیان بکاتە پێگەی سەربازی.
لەم چەند مانگەی دواییدا سوپای ئیسرائیل دوای ئەوەی کەرتی رۆژئاوای لە هاووڵاتیان چۆڵ کردووە، دەستی کردووە بە داگیرکردنی ماڵی فەڵەستینییەکان و کردوونی بە بارەگای هێزەکانی.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
لەکاتێکدا دیالۆگ لە ئارادا بوو تیرۆر دەستیپێکردەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، با بارۆنەکانی تیرۆر بزانن هەرگیز ناتوانن سیاسەتی تورکیا دیزاین بکەن، وڵاتمان لە راستەڕێی خۆی لانادات.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، کاتی هێرشکردنە سەر توساش (کۆمپانیایەکی پیشەسازیی بەرگری) رێکەوت نەبوو، رێکخراوی جوداخوازی (پەکەکە) جارێکی دیکە دەریخستەوە کار بۆ وڵاتانی دیکە دەکات، خەڵک بۆی دەرکەوتووە ئەوان ئامانجیان چییە.
کاتێک دیالۆگ زیادی کردبوو، تیرۆر خۆی کرد بەنێو پرسەکەدا.
یەنی شەفەق
تورکیا دەبێت بچێتە دۆخی ناکاو و مافی خۆپارێزی بەکاربهێنێت
تورکیا دەبێت دەستبەرداری دەستەواژەی ”بەرەنگاریی تیرۆر” بێت لە هێرشەکانی بۆسەر سوریا، ئەو پرسەی لە سوریا روودەدات هیچ پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە شەڕی نەخشەی هەرێمایەتی و وڵاتانی رۆژئاوا لەپشت ئەوەوەن.
هەر کاتێک تورکیا دەستوەردان لە سوریا دەکات، ئەوا دەبێت بیر لە نەخشە گەورەکە بکاتەوە، بەدەر لە پەکەکە و یەپەگە، ئەگەر تەنیا لەوەدا قەتیس بوو، ئەوا سەرکەوتوو نابێت لە وەلانانی هەڕەشەکان .
قەرار
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەر دەبێتە کاندید
سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل لەبارەی ئەگەرەکانی قەدەغەی سیاسی لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی سەرۆکشارەوانیی ئیستانبوڵ بەهۆی سکاڵایەک لەژێر ناوی ”ئەحمەق”، کە بەرامبەر ئەندامانی دەزگای باڵای هەڵبژاردنەکان بەکاری هێنابوو، ئاماژە بەوە دەکات ئەو سکاڵایە ناتوانێت رێگر بێت لەوەی ئیمامئۆغڵو نەتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆککۆماری.
ئۆزەل دەشڵێت، با زۆر دڵنیا نەبن، قۆناغێک دێتە پێش ئیمامئۆغڵو دەبێتە کاندید، جگە لەوە ئێستا ئەو بڕیارەی دەردەچێت بڕیاری دادگای پێداچوونەوەیە، هیچ رێگر نییە لە کاندیدبوون. لە دەسەڵاتی باڵای دادوەریی، پرۆسەی رەزامەندییەکەی بە شێوەیەک بەڕێوە دەچێت پەشیمان دەبنەوە لەو بڕیارەیان.
تورکیا
ئۆزەل بەئەنقەست هەوڵی تێکدان دەدات
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ئەمجارە لەبری کوردان پرسی عەلەوییەکان دەورووژێنێت و بۆ تێکدانی وڵات بەکاری دەهێنێت.
ماوەیەکە سەرۆکی جەهەپە، لە دوای ئەوەی باسی لە پرسی کورد دەکرد، بۆ ئەوەی بۆ خۆی بەکاری بهێنێت، دەیەوێت پرسی عەلەوییەکانیش بورووژێنێت.
ئۆزەل لە شوێنێک دەپرسێت، دەوڵەت مووچە و پارەی ئیمام دەدات، ئەی بۆچی مووچە و پارەی ”پیرە”کان نادات.