زووم..
عەبدول ئیلاهـ نائلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق رایگەیاند، هەمواری نوێی یاسای دەزگای شەهیدان ماف و ئیمتیازاتەکانی هەموو ئەو پێشمەرگانەش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
عەبدول ئیلاهـ نائلی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، هەمواری نوێی یاسای شەهیدان ئەو پێشمەرگانە بە مەرجێک دەگرێتەوە کە ناویان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان تۆمار نەکرابێت.
دەشڵێت، ئەم بڕیارە ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لە کاتی ئەرک و رووبەڕووبوونەوەی داعش لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین و پارێزگاکانی دیکە شەهیدبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا مامەڵەیان بۆ نەکراوە.
عەبدول ئیلاهـ نائلی باسی لەوەش کردووە، لەمڕۆوە کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەتوانن مامەڵەکانیان لای ئەوان تەواو بکەن و جەختیشی کردوەتەوە کە لەنێوان دەزگاکەیان و وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستاندا هەماهەنگی هەیە بۆ ئەو مەبەستە، راشیگەیاندووە لە سەدا ٩٠ـی ئەوانەی کە بە شەهید ناویان تۆمارکراوە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی هەڵوەشاوەدا شەهید بوون.