زووم..
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هەژماری من و تەوتین یەک پڕۆسەن و هەردووکیان بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانن لە کەرتی گشتی بێت یان تایبەت و لە بانکی حکومی یان تایبەتدا بێت.
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پێدانی مووچە تەنها لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت و هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم هەماهەنگی تەواو هەیە لەو بارەیەوە.
گوتیشی، بە گوێرەی دەستوری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و هیچ دامودەزگایەکی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی مەسعود حەیدەر دادگای باڵای فیدراڵی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دوورخستووەتەوە لە هەموو گرفتێک و حکومەتی فیدراڵی پەیوەست کردووە بە خەرجکردنی هاوشێوەی هەموو دامودەزگاکانی دیکەی عێراق.
بریکاری وەزارەتی دارایی دەشڵێت، رێکارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەبانکیکردنی مووچە کارێکە لە خزمەت مووچەخۆراندا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیە و زۆرێک لە فەرمانبەرانی عێراقیش مووچەکانیان لە بانکە ناحکومییەکاندا وەردەگرن.