رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
بەر لە هێرشەکەى ئیسرائیل نێوەندگیرێکى عێراقى نامەی ئەمریکاى گەیاندوەتە تاران
سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوى رۆژنامەى شەرقئەوسەت بە رۆژنامەکەى گوتووە بەرلە ئەنجامدانى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەرئێران ناوەندگیرێکى عێراقى پەیامى ئەمریکییەکانى گەیاندوەتە تاران.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە نامەکە لە بەرپرسانى باڵیۆزخانەى ئەمریکاوە لە بەغداد دراوە بە کەسێکى عێراقى و تیایدا ئەو شوێنانە دیاریکراوە کە هێرش ناکرێتە سەریان لە لایەن ئیسرائیلەوە، بە گوێرەى سەرچاوەکە تاران لە پەیامەکە و ئاستى هەوڵەکانى ئەمریکا تێگەیشتووە کە نایانەوێت جەنگەکە فراوانتربکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت چی دیکە ئێران وەڵام بداتەوە تا لانى کەم کێشەکان لەو ئاستەدا بمێنێتەوە، سەرچاوەکە رایگەیاندووە ئەمریکییەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەردوولا واز لە وەڵام و وەڵامکاریی بێنن، جەختى کردووەتەوە کە قەبارە و ئاستى وەڵامەکەى ئیسرائیل بۆ ئێران هەلێکى گەورەى داوە بە ئێران تا لەو مەترسییانە دووربکەوێتەوە کە لە دەستدەربچێت و نەتوانێت کۆنترۆڵێ بکات.

عەرەب
پارتە کوردییەکان فشار لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێ دروستدەکەن
تادێت شەپۆلى نیگەرانییەکانى خەڵک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان زیاتر دەبن و پارتى دیموکراتى کوردستانیش وەک براوەى یەکەم دەیەوێت دەستبکات بە ئەنجامدانى گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەم، لە بەیاننامەیەکدا داواى لە لیستە براوەکان کردووە پێکەوە کاربکەن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ، بەڵام تا ئێستا بەشێکى زۆریان رەتی چوونە نێو کابینەى نوێ دەکەن، رۆژنامەکە نوسیویەتى چاودێران باوەڕیان وایە پارتى ئەزمونێکى دورودرێژى هەیە لە شێوازی دانوستان و پەرتکردنى لایەنەکانى نەیارى خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەیەکى نەرمتر لەگەڵ لایەنە بچووکەکان دەکات و بە زمانێکى جیاواز گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات، ئەو پارتە کات بەفیرۆ دەدات بۆ ئەوەى نەیارەکانى ماندوو بکات و ناچاریان بکات بە قبوڵکردنى ئەو مەرجانەى کە لە بەرژەوەندیی خۆیەتى و کار لەسەر ململانێ نهێنى و شاراوەکانى نێو پارتەکانى تر دەکات.

سەباح
ئەمڕۆ چوار یاساى گرنگ دەخرێنە سەر مێزى پەرلەمانى عێراق
ئێوارەى دوێنێ لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە سەرۆکایەتى موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت کۆبوەتەوە، سەرەڕای لیژنەى یاسایی، سەرۆکی ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانیش ئامادەى دانیشتنەکە بوون، بەمەبەستى خستنەڕووى بۆچوونەکانیان سەبارەت بە چوار یاساى گرنگ کە وابڕیارە ئەمڕۆ بخرێـتە سەر مێزى گفتوگۆی گشتى لە پەرلەمان کە چەند مانگێکە ناکۆکی و بۆچوونى جیاوازی لەنێوخەڵک و شارەزایانى بوارەکەدا دروستکردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ دەنگبدرێت بە هەموارى بڕگەکانى 2 و 10 لە پرۆژە یاسای بارى کەسێتى ژمارە 188ـى ساڵی 1959، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای لێبوردنى گشتى ژمارە 27ـى ساڵی 2016، پرۆژەى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان کە بەشێکى زۆریان پەیوەستن بە سەرکردەکانى حزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە، لەگەڵ پرۆژە یاساى خزمەت و خانەنشینى هێزەکانى حەشدى شەعبی.
چاودێران پێیانوایە دانیشتنى ئەمڕۆی پەرلەمان قورسە و چاوەڕێ دەکرێت بە ئاسانى تێنەپەڕێت و گرژى تێبەکەوێت، لەبەرئەوەى هەر چوار یاساکە لە لایەن بەشێک لە فراکسیۆنەکان و ئەندامانى پەرلەمانەوە گرفتى گەورەیان هەیە و چەند مانگێکیشە نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.

دەستور
سەرژمێریی نەخوێندەواریی و ئاستى خوێندەواریی لە عێراق دیاریدەکات
وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڵاویکردەوە کە فۆرمی سەرژمێریی داهاتووى عێراق ژمارەیەک زانیاریی تێدایە کە دەریدەخات هاووڵاتییان ئاستى خویندەوارییان چۆنە و ئاست و بڕوانامەکانیان دیاریدەکرێت و ئەو پرسیارانەش ئاڕاستەى هەموو کەسێک دەکرێت و ئەم کارەش لە عێراقدا یەکەمجارە بە وردی پرسیارى لەبارەوە بکرێت.
بەگوێرەى بەیاننامەى وەزارەتى پلاندانان 96%ـى ژمارەپێدان و گەمارۆی عێراق تەواو بووە و وابڕیارە لە رۆژانى 20 و 21ـى مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
رۆژنامە تورکییەکان

یەنیچاخ
سەرۆکی ئیی پارتی: نابێت پێگەیەکی یاسایی بە پەکەکە بدرێت
موسەڤات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند: بانگەوازەکەى دەوڵەت باخچەلی بۆ ئۆجالان بانگەوازێکە بۆئەوەى پێگەیەکی یاسایی و فەرمی بە پەکەکە بدرێت و هەوڵێکیشە بۆ ئازادکردنى ئۆجالان لە داهاتوودا. ئەوە هەرگیز جێگەى قبوڵکردن نییە لەلاى میللەتی تورک.
سەرۆکی ئیی پارتی گوتیشی: هەرگیز شتێکی رێگەتێچوو نابێت ئۆجالان بهێنرێتە پەرلەمان.
تورکیا
تورکیا بە بەهاى 4.3 ملیار دۆلار هەناردەى کەرەستەی بەرگری هەبووە
لە پێشانگای کەرەستەى بەرگریی لە ئیستەنبوڵ هەزار و 474 کۆمپانیا بەشدارییان کرد بۆ نمایشکردنى کەرەستە و دروستکراوەکانیان لە بواری بەرگریدا، 100 هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەیان کردووە و بە بەهای 6.1 ملیار دۆلار 133 رێککەوتن ئیمزا کرا.
لەو بڕە پارەیەش بڕی 4.3 ملیار دۆلار تورکیا هەناردەى کەرەستە بەرگرییەکانی دەکات بۆ وڵاتی دەرەوە.

ئەکشام
تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانى بۆ سەر پەکەکە و یەپەگە چڕدەکاتەوە
درۆنەکانی تورکیا لە تۆڵەى هێرشەکەی ئەنقەرە ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانى بۆ سەر پەکەکە-یەپەگە چڕتردەکاتەوە، بە گوێرەى ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ماوەى سێ رۆژى رابردوودا ٥٨ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج و سەدان جبەخانە و حەشارگەى پەکەکەش کراونەتە ئامانج.

ئاکیت
1.2 ملیار کەس بە هێڵی مەڕمەڕای هاتوچۆیان کردووە
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو وەزیری گواستەوەى تورکیا رایگەیاندووە لە 11 ساڵدا، ملیارێک و 200 ملیۆن کەس بە هێڵی میترۆری مەڕمەڕای هاتوچۆیان کردووە و سودمەند بوون لەو پڕۆژەیە.
پڕۆژەى میترۆری مەڕمەڕای لە 2013 کرایەوە، لەماوەى 11 ساڵدا یەک ملیار و 205 ملیۆن کەس هاتوچۆیان بەو هێڵە کردووە.
مەرمەڕای بە گەورەترین هێڵی میترۆ لە ئیستەنبوڵ دادەنرێت کە لەنێوان بەرەی ئاسیا و ئەوروپای شارەکە بە کەمترین کات بە ژێر ئاودا دەپەڕێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
بودجە بۆ یەک ملیۆن خێزانی هەژاری بەریتانی تەرخان دەکرێت
هەفتەی داهاتوو بودجەی ساڵانەی بەریتانیا رادەگەیەنرێت، تیایدا ٤٢٠ پاوەند بۆ داهاتی ساڵانەی خێزانەکان زیاد دەکرێت، بۆئەوەی بە شێوەیەکی باشتر بژین. بڕی ئەو پارە زیادکراوە بەپێی سەیرکردنی بارودۆخی خێزانە هەرە هەژارەکان دانراوە. رەنگە ئەمە وەڵامێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا بێت بۆ ئەو رەخنانەی کە دەگوترا بڕینی بودجەی دابینکردنی گاز لە خەڵک، هاوڵاتیانی هەژارتر کردووە.

سەندەی تایمز
نەتانیاهۆ دەڵێت ئێمە بە فەرمانی ئەمریکا کارناکەین
ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاری ئیسرائیل بۆ هەڵبژاردنی ئەو ئامانجانە نەبووە، کە لەناو ئێراندا بۆردومانیان کردووە. سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت حکومەتەکەیان بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی خۆی بڕیاری لە هەڵبژاردنی شوێنەکان داوە و ئەمریکا ئاراستەی نەکردوون.
کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ناوخۆی ئیسرائیل گوتویەتی ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون بە فەرمانی ئەمریکا هەڵبژێردراون. بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت ئەو لێدوانە هەڵەیە، ئەوە بڕیاری تەلئەبیب خۆی بووە، کە ناوەندە نەوتییەکان بۆردومان نەکات.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئیلۆن مەسک لە کۆتایی ساڵی 2022ـەوە چەند دیدارێکی نهێنیی لەگەڵ پوتیندا ئەنجامداوە
ئیلۆن مەسک گەورە سەرمایەداری بواری وەبەرهێنان لە فەزادا، کە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانیشە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە چەند جارێک دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیادا هەبووە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ئەوروپی و روسی گوتویانە لە ئەنجامدانی ئەو دیدارانەی نێوانی ماسک و پوتین ئاگادارن، دەڵێن لە گفتوگۆکانیاندا زیاتر لەسەر کاروباری کەسێتیی نێوانی خۆیان و کار و بارگرژییەکانی سەرزەوییەوە قسەیان کردووە.
دەگوترێت لە یەکێک لە دیدارە نهێنییەکانیاندا پوتین لەسەر خواستی چین داوای لە مەسک کردوە، ئینتەرنێتە خۆڕاییەکەی خۆی لەسەر تایوان نەکاتەوە. دەگوترێت پشتگیریکردنی دۆنەڵد ترامپ لەلایەن مەسکەوە بە کاریگەریی پوتین بووە.

سەندەی تەلەگراف
بایدن بە ئیسرائیل و تارانیشی گوتووە، کە پێویستە ئەم بۆردومانکردنانەی تاران کۆتایی ململانەکان بێت
ئەمریکا بڕوای وایە، کە پێویستە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران کۆتایی بە ئەگەرەکانی رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی نێوانی ئێران و ئیسرائیل بهێنێت. لەپاش ئەنجامدانی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کۆشکی سپی هۆشداریی داوە بە تاران، کە ئەگەر بیر لە تۆڵەسەندنەوەیەکی دیکە بکەنەوە، ئەوا هەنگاوەکەیان ئەنجامی خراپتریان لێدەکەوێتەوە. لە کاتژمێر 2.15 خولەکی بەرەبەیانی دوێنێدا ئیسرائیل بە بەکارهێنانی فڕۆکەی شەبەح و درۆن چەند هێرشێکی بۆ سەر چەند ناوەندێکی ئێرانی ئەنجامدا.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ئەگەری وەڵامدانەوەی خێرا و ماڵوێرانکەر لەلایەن ئێرانەوە هەیه
لایەنەکانی ئیسلامی لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن، عێراق و سوریا ئامادەکاری تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل.
کاربەدەستانی حکومەتی ئێران ئەم کارەیان بە نیشانەی بێدەسەڵاتی ئیسرائیل زانی و جەختیان لە هێزی خۆڕاگریی خۆیان کردەوە و دەڵێن: ئیدیعاکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئامانجگرتنی 20 خاڵ لە ئێران راست نییە و زیانەکانیش کەم بووە.
لە هەمان کاتدا ئەگەری وەڵامدانەوەی خێرا و ماڵوێرانکەر لە لایەن ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا زیاتر بووە، بە تایبەت لە رۆژانی داهاتوودا پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا.
ئەبرار
شەرمەزارکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە
وەزیری دەرەوەی میسر، تورکیا، عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی به توندی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران شەرمەزار دەکەن.
وەزیری دەرەوەی میسر به دەربڕینی نیگەرانی له بارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر جۆرە کردەوەیەکی مەترسیداری لەسەر ئاسایشی ناوچەکەی ئیدانە کرد.
هەروەها تورکیا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دژی سیاسەتەکانی نەتانیاهۆ هەنگاو بنێن.
سعودیە ئەم هێرشانەی بە پێشێلکردنی سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
وڵاتان هێرشەکانی ئیسرائیلیان بە هۆکاری زیادکردنی مەترسیی ململانێی فراوانتر لە ناوچەکە زانی و نیگەرانی جددی خۆیان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم پێشهاتانە بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەربڕی.

ئارمانی میهەن
لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بەکارهێنانی غاز 55% زیادیکردووە
سەعید تەوەکولی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی ئێران دەڵێت: بەکارهێنانی غاز لە چوار رۆژی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەر بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی ٥٥٪ زیادیکردووە.
ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی پلەی گەرما بە ڕێژەی 12 پلە و هاتنی بارستەی ساردی سکاندیناڤیا بۆ ئێران.
تەوەکولی رایگەیاند کە قەبارەی بەکارهێنانی غازی ماڵان لە 250 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا بۆ 390 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە و ئەگەری هەیە سەرمای زیاتر ببێتە هۆی کورتهێنانی غاز.
باختەر
له کرماشان 10 هەزار ئۆتۆمبێل بەهۆی دەنگی ناخۆش و نمایشی دراماتیک سزادراون
بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کرماشان رایگەیاند کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار ئۆتۆمبێل بەهۆی دەنگی ناخۆش و نمایشی دراماتیک سزا دراون.
محەمەد حەیدەری گوتی: پۆلیس جدییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیەکان و تا ئێستا 1650 ئۆتۆمبێل دەستبەسەر کراون و براونەتە پارکینگی پۆلیسی کرماشان.
ئاماژەی بەوەشکرد، غەرامەیەکی قورس بۆ سەرپێچیەکان دانراوە و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە و بەشداریکردن لە پۆلەکانی راهێنان و ناساندن بۆ دەسەڵاتی دادوەریش چاوەڕوانی سەرپێچیکارانن.