زووم..
وەلید عومەر
نزیکەى سەدەیەکە قسە لەسەر پەیوەندیی دەسەڵات و تەکنیک دەکرێت لەنێوان بیرمەندان و فەیلەسوفاندا. لە ئەدۆرنۆ و فۆکۆوە تا بۆ دریار و ژیژەک باسى ئەوە کراوە کە تەکنۆلۆژیا ئامرازێکى بێلایەن نیە. شتێک نیە هەروا بەسادەیی ناوى بنێین ئامرازێکى بێلایەن یان “پێشکەوتن”, بەڵکو دیاردەیەکە بەناو دەسەڵاتدا چووە و جیاناکرێتەوە.
راستە ئێمە تەکنۆلۆژیا درووستدەکەین, بەڵام دواتر ئەو ئێمە هەڵدەسوڕێنێت
هەرجارەشى دەبێتە ئامرازێکى نوێ بەدەستى دەسەڵاتەکانەوە, ئیدى لە دەوڵەتانەوە بیگرە تا حیزب و گرووپە بچووکەکان. زۆرینەى ئەو بیرمەندانەش لەسەر ئەوە کۆکن کە «کە راستە ئێمە تەکنۆلۆژیا درووستدەکەین, بەڵام دواتر ئەو ئێمە هەڵدەسوڕێنێت.» تەکنۆلۆژیا ئامێر نیە بتوانین سادە و ئازادانە بەکاریبێنین, بەڵکو لە کۆتا سنورى خۆیدا دەبێتە تۆڕ (Net). مادام دەسەڵاتیش بەسرووشتى خۆى تۆڕە, ئیدى ئەم تۆڕەش دەخاتە خزمەتى خۆیەوە بۆ زیادکردنى هەیمەنە و جڵەوکردن.
تەکنۆلۆژیا دەتوانێت بچێتە دەستى چینى باڵادەستەوە و هەژموونى ئایدۆلۆژیی خۆى پێ زیادبکات و تەنانەت مێشکى چینەکانى ترى پێ بشواتەوە
گەر بگەڕێینەوە بۆ دواتریش, تەکنۆلۆژیا لە ئاستە سادەکەشیدا هەر ئامرازێکى بێلایەن نەبووە, بەڵکو خزمەتى بە چینێکى دیاریکراو کردووە. بۆ نمونە, لە قوتابخانەى مارکسیزمدا تەکنۆلۆژیا بەشێکە لەو دۆخەى کە چینى چەوساوە و چەوسێنەر درووستدەکات و پێىدەوترێت “هۆیەکانى بەرهەمهێنان”. واتە تەکنۆلۆژیا دەتوانێت بچێتە دەستى چینى باڵادەستەوە و هەژموونى ئایدۆلۆژیی خۆى پێ زیادبکات و تەنانەت مێشکى چینەکانى ترى پێ بشواتەوە. گەر لە چاوترووکانێکیشدا بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى خۆمان کە تەکنیک بەخێرایی گەشەدەکات, دەتوانین بڵێین: هۆیەکانى کۆنترۆڵ, یەکڕاست کەوتووەتە دەستى دەسەڵات.
هەتا ئامرازێکى وەک “کامێراى چاودێرى”, هەر زوو لەوە دەرچوو بەتەنیا ئامرازێکى چاودێرى بێت و کێشە و گرفتى کۆمەڵایەتى کەم بکاتەوە. بەڵکو گۆڕا بۆ دیاردەیەکى کۆنترۆڵکردن, دیاردەیەک کە بەنەرمى خەڵکى گۆڕى بۆ کۆمەڵێک بوونەوەر کە دەشێت هەموو چرکەیەک “تۆمەتبار یان لەوەش زیاتر تاوانبار” بن.
هەمیشە ئەو هەستەیان هەیە خەریکن دەکەونە ناو هەڵەیەکەوە. دواى دیاردەى کامێرا, یاسا بەشوێنى هەموو کەسەوەیە, بەڵام دەمێکیشە دەزانین یاسا خۆى پاک و بێگوناه نیە و ئەویش دەسەڵات بەرهەمدەهێنێتەوە و کۆمەڵایەتى خەڵک کۆنترۆڵدەکات. کامێراى چاودێرى, جۆرە تەکنۆلۆژیایەکە دەیەوێت لادان و تاوان کەمبکاتەوە, بەڵام هاوشان بەوەش هەژموونى دەسەڵاتى سیاسى بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت.
لەناوەوە و بەهێواشى, جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ و تەنانەت “پارانۆیا”ش دەخوڵقێنێت. پارانۆیا, ئەو نەخۆشییە دەروونییەیە کە مرۆڤ ئاسایشى نامێنێت و هەستدەکات چاوێکى گوماناوى بەدواوەیەتى. لێرەدا باسەکە ئەوە نیە کامێراى چاودێرى وەک دیاردەیەکى نوێ رەتبکرێتەوە, بەڵکو باس لەو ئەگەرانەى ناو تەکنۆلۆژیایە کە چۆن دەسەڵاتى سیاسیى بەرهەمدەهێنێتەوە و دەیخزێنێتە ناو دەروون و زەینى خەڵکەوە. ئەمە بەجیا لەو ئامێرانەى کە داتا کۆدەکەنەوە, ئیدى لە پلاتفۆرمە مەجازى و کۆمەڵایەتییەکان بگەڕێین کە دیسان رێگایەکى ترى کۆنترۆڵکردنى خەڵکن.
ئەمڕۆ دەنگدان, سپێردراوەتە دەستى تەکنۆلۆژیا
ئەمڕۆ دەنگدان, سپێردراوەتە دەستى تەکنۆلۆژیا. لە راپرسییەکى سادەوە بیگرە تا دەنگدانى سیاسى, ئامرازى جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت. لە نیگاى یەکەمدا وا هەستدەکەین مادام تەکنۆلۆژیا دەقیقتر, ئیتر بوارى غەلوغەشیش کەمە. بەڵام خودى ئەو دەقیقى و وردبینییە, دەتوانێت فڕوفێڵى ئاسان و وردتر دابهێنێت. هۆکارەکەش دیسان بەکارهێنەرى تەکنۆلۆژیا, واتە مرۆڤ خۆیەتى. هیچ داهێنراوێکى مرۆڤ نیە, لە ویست و خولیا و تەماعى مرۆڤ دەربچێت. بە مانایەکى تر, ئامرازى تەواو بێلایەن بوونى نیە
ئامرازەکان هەمیشە تێکەڵ بە سرووشتى مرۆڤ و دونیاى مرۆڤ دەبن. نەخوازەڵا, دەسەڵاتى سیاسى کە ئەویش هەر دیاردەیەکى مرۆییە و ململانێى هێز, چاودێرى, کۆنترۆڵکردن دەگاتە ترۆپکى خۆى تێیدا. جاران ئامرازەکانى دەستى دەسەڵات سادەتر بوون, بەڵام ئێستا لەگەڵ ئاڵۆزبوونیاندا ئەگەرى ساختەکارى و تەزویر و هەزار گەمەى تر دێتەئاراوە: بۆ نمونە, هاککردن یەک لەو گەمانەیە کە لەڕێى دووریشەوە ئەنجامدەدرێت.
دواى هاککردن, تێدەگەین رووبەرى دەسەڵات لە واقیعەوە بەرەو مەجاز فراوانتر بووە
واتە دەسەڵات لە شوێنێکى زۆر دیاریکراو نیە, بەڵکو لە هەموو شوێنێکە. ئەو قەوارەیەشى زیاتر شارەزاى بەکارهێنانى تەکنۆلۆژیا بێت, زیاتر دەسەڵاتى بۆ خۆى پێ بەرهەمدەهێنێت. لە وردەکارییە تەکنیکییەکاندا, کۆمەڵانى خەڵک کەمتر ئاگادارن.
ئەوان تەنیا بەکارهێنەرێکى سادەى ئامرازەکانن
ئەمەش گوناهى ئەوانى تیا نیە, چونکە ئاستەکانى قووڵبوونەوە لە تەکنیک زیاتر لاى دەوڵەت و دەزگا گەورەکانە. ئەوانن پسپۆڕى و شارەزاییەکان بۆ خۆیان دەقۆزنەوە و بەکاریدەهێنن؛ تەنانەت کەسانى شارەزا پەروەردە دەکەن و لێرەولەوێش کەسى شارەزاى تر دەخەنە خزمەتى خۆیانەوە.
لە کوردستان کە پرۆسەى سیاسى لەوپەڕى پشێویی خۆیدایە, تەکنۆلۆژیا دۆخەکە پەشێوتر دەکات
وێڕاى ئەمانەش, پرسى تەکنۆلۆژیا لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى تریش دەگۆڕێت. لانیکەم لەو ڕووەوە کە زیانى کەمتر بەجێبهێڵێت. بۆ نمونە, لە کۆمەڵگایەکدا کە مافى تاک و هاوڵاتیبوون و کۆمەڵێک ئازادیی تر مسۆگەربووبێت, ئەوا زیانەکان کەمترن. بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا کە هیچ هەنگاوێکى بنەڕەتیی نەبڕیبێت و پرۆسەى سیاسى گەشەى سرووشتیی خۆى نەبڕیبێت, ئەوا زیانەکان گەورەتر و کوشندەن. بۆ نمونە, لە کوردستان کە پرۆسەى سیاسى لەوپەڕى پشێویی خۆیدایە, تەکنۆلۆژیا دۆخەکە پەشێوتر دەکات.
ئەم پشێوییە, لەلایەکەوە بەرهەمى ناوەوەى کۆمەڵگاکە و کێشەکانێتى. لەلایەکى تریشەوە, بەرهەمى پەیوەندیی دونیاى کوردە بەوانیترەوە. نەیارەکانى کورد, بە یارمەتیی کورد خۆى, ناهێڵن ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکى کەمتازۆر دیموکراسییانە بکەوێتە سەرپێ. هاوکات ئاشکرایە هەڵبژاردن پرۆسەیەکى ئەوەندە کاریگەر نیە دونیا بگۆڕێت, بەڵام هەر لێرەدا یەک دوو راستیى مرۆیی هەیە ناتوانین سەرنجى نەدەینێ:
١) ئەو خەڵکەى دەچێتە دەنگدان, سەرەتا وەک مرۆڤ خاوەنى دەنگێکن
٢) دەستکاریی دەنگى بەشداران بەو شێوە ناڕەوایە, هیچ متمانەیەک بۆ پرۆسەى سیاسى ناهێڵێتەوە.
هێشتا دەنگى دەنگدەرێک مایەى داکۆکى و بەرگرییە
پرۆسەى هەڵبژاردن و تەنانەت دیموکراسى خۆى پێشوەخت کۆمەڵێک رەخنەى لەسەرە, بەڵام بەو رەخنانەشەوە هێشتا دەنگى دەنگدەرێک مایەى داکۆکى و بەرگرییە. ئەو دەنگە گوزارشت لە ساتەوەختێکى سیاسى دەکات کە ئەو کەسە لە ژیانیدا چەند جارێکى کەم بۆى هەڵدەکەوێت. سڕینەوەى دەنگەکە, سڕینەوەى کەسەکەشە.
لەم هەڵبژاردنەدا, تادێت گومان لەسەر ئەنجامەکان زیاتر دەبێت
لەم هەڵبژاردنەدا, تادێت گومان لەسەر ئەنجامەکان زیاتر دەبێت. بەجۆرێک کە باسى “تەزویر”ێکى دیزاینکراو دەکرێت. کە وێنەى رووداوەکانى ئەو ماوەیەش پێکەوە دەلکێنین, تەزویر و ساختەکارییەکە روونتردەبێتەوە. وردەکاریی تەزویرەکە ئیشى ئێمە نیە, ئەوەى گرنگە لێرەدا ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەى کە تەکنیک بۆ کۆمەڵگاکانى وەک ئێمە هەڵگرى مەترسییەکى گەورەترە لە چاو هەندێک کۆمەڵگاى تردا. ئەو چیرۆکانەشى چەند شارەزایەکى تەکنۆلۆژیاى نوێ دەیگێڕنەوە, تێماندەگەیەنێت فێڵ و ساختەکارى لاى ئێمە ئاسانتر بەڕێوەدەچێت. لەوە گەڕێ وڵاتانى نەیارى کوردیش دیسان هەر ئاسانتر دەتوانن مەرامى حیزبە هاوپەیمانەکەى خۆیان بەدیبهێنن.
ئەوەى لەم نێوانەدا زەرەر دەکات مرۆڤى کوردە
ئەوەى لەم نێوانەدا زەرەر دەکات مرۆڤى کوردە, با بڵێین متمانەى کورد. متمانەى کورد و کورد, خۆى زۆر تۆکمە نەبووە و نیە, بەڵام دواى ئەم «تەزویرە تەمومژاوییانە», لەرزۆکتر دەبێت.
مرۆڤەکان هەمیشە بەسەر تەکنیکدا زاڵن, چونکە دوگمەى “کوژانەوە”یان نیە
ئاخۆ ئەمە مایەى نائومێدییە؟ دیارە بەتەواوى نەخێر. تەکنۆلۆژیا چەندە لە خزمەتى دەسەڵاتدایە, بڕێکى زۆریشى دەچێتە خزمەتى کۆمەڵانى خەڵکەوە. خەڵک دەتوانن لەناو رووبەرە تازە تەکنۆلۆژییەکانەوە, بەرەنگارى بەرهەمبێنن. تەنانەت هۆشیاریی تەکنیکیی خۆیان بەرزبکەنەوە و لە ئەگەرەکانى فێڵ و کۆنترۆڵ باشتر تێبگەن. سەرەنجام, مرۆڤ خۆى لە تەکنیک سەرکێشتر و لادەرترە. نوکتەیەک هەیە دەڵێت: مرۆڤەکان هەمیشە بەسەر تەکنیکدا زاڵن, چونکە دوگمەى “کوژانەوە”یان نیە.