رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
100 فڕۆکەى ئیسرائیلى هێرشیان کردە سەر دامەزراوە سەربازییەکانى ئێران
میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە بەرەبەیانى ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییەکانیان سێ هێرشىیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانى ئێران ئەنجامداوە و 20 پێگەیان بە ئامانج گرتووە.
دەڵێن، شوێنە بە ئامانجگیراوەکانیان بەتەواوى و 100% پێکاوە و لە هەمانکاتیشدا لە زارى گەورە بەرپرسانی وڵاتەکەشیانەوە رایانگەیاندووە، کە هەموو ئامادەکارییەکیان تەواوکردووە بۆ ئەگەرى هێرش و کاردانەوەى ئێران، چى لە لایەن لایەنە هاوپەیمانەکانیانەوە بکرێتە سەریان یان لە رێگەى مووشەکى دوور هاوێژەوە لەنێو خاکی ئێرانەوە بکرێتە سەریان.
رۆژنامەى مەعاریف بڵاویکردوەتەوە، لە هێرشەکەدا 100 فڕۆکە بەشدارییان کردووە، بەشێکیان هێرشبەربوون و بەشێکى دیکەیان پارێزەر و بەشێکیش دابینکەرى سووتەمەنى بوون، لە جۆرەکانی ئێف 15 و 16 و 35 بوون. بەگوێرەى راپۆرتى ئێن بی سی و ئەى بی سی کە لە زارى بەرپرسانى ئیسرائیلییەوە بڵاویانکردووەتەوە هیچ دامەزراوەیەکى ئەتۆمی و نەوتى نەکراوەتە ئامانج، میدیاکانى ئێرانیش بڵاویانکردوەتەوە وەڵامی توندیان دەبێت بۆ ئەو هێرشانە و تائێستاش هیچ زیانێک رانەگەیەنراوە.
عەرەب
پێشهاتەکانى ئەم دواییىەى تورکیا لە باکووری عێراق ئاگادارکردنەوەیە بۆ یەکێتى
هەڵوێستى بەغداد لەبارەى پارتى کرێکارانى کوردستان وایکردووە لە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان وەک دەرچوو لە هەڵوێستى فەرمی عێراق دەربکەوێت، ئەوەش لە کاتێکدا تورکیا دەستیکردوەتەوە بە هێرشکردنە سەر ئەو پارتە لە هەرێمى کوردستان، لە هەمان کاتیشدا تورکیا سەرکردەکانى یەکێتى بەوە تاوانباردەکات کە پەیوەندى بەهێزیان لەگەڵ سەرکرادیەتى پەکەکەدا هەیە و بوون و مانەوەیان پێچەوانەیە لەگەڵ سیاسیەتى فەرمی وڵاتى عێراقدا و ئەوەش وایکردووە پارێزگاى سلێمانى ژێردەسەڵاتى یەکێتى لە لایەن تورکیاوە بکرێتە ئامانج.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، پێشتریش یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو بافڵ تاڵەبانى خەریکی یارییەکى مەترسیدارە، هێشتا نازانرێت جگە لە گەمارۆی ئاسمانى سەر سلێمانى چى هەنگاوێکى دیکە بگیرێتە بەر، بەڵام ئەنقەرە بەچڕیی چاودێریی هاوکارییەکانى یەکێتى دەکات بۆ پەکەکە.
لە هەمانکاتیشدا گولەر بەشێوەیەکى هەڕەشە ئامێزیش رایگەیاندووە سەرۆکی یەکێتى دەبێت ئەوە باش بزانێت ئەو کارانەى کە دەیکات بەسەر خۆیدا دەشکێنەوە، “لەبەرئەوەى ئەردۆغانى سەرۆکمان و هاکان فیدانى وەزیری دەرەوەمان و منیش چەند جارێک ئەم ئاگادارییانەمان پێگەیاندووە”.
قودسى عەرەبی
ئیسرائیل دەستگیرکراوەکان روتدەکاتەوە و راستڕەوەکانیش وێنەکانیان بڵاودەکەنەوە
سوپاى ئیسرائیل دەیان کەسى لە ئاوارە فەلەستینییەکانى لەنێو نەخۆشخانەى کەمال عەدوانى غەزەدا دەستبەسەر کردووە و جلوبەرگى لەبەرداکەندوون و لە یەکێک لە گۆڕەپانەکاندا و لەبەردەم سەرمادا کۆیکردونەتەوە، راستڕەوە ئیسرائیلییەکانیش وێنەیان لێگرتوون لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویاندەکەنەوە.
بانون میغاڵ، بێژەری بەناوبانگی کەناڵ 14ـى ئیسرائیلى کە یەکێکە لە راستڕەوەکان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی تەلەگرام نوسیویەتى – تەسلیمبوون یان مردن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم کارەى بێژەکەى کەناڵ 14 یەکێکە لەو دەیان نموونانەى رۆژانە راستڕەوەکان بڵاوی دەکەنەوە، ئاماژەى بەوەشکرووە سوپاى ئیسرائیل هیچ بایەخێکى بە تەمەن و رەگەزی دەستگیرکراوەکان نەداوە، ژنانى تێدایە بەڕووتى کە جانتاکانیان گرتووە بەدەستیانەوە خەڵکی بەتەمەنیان تێدایە تواناى راستکردنەوەى پشتیان نییە.
جەریدە
سوپاى بەریتانیا و کوەیت پێکەوە راهێنانێکى سێ هەفتەیی ئەنجامدەدەن
فەیسەڵ جەبر، بەڕێوەبەرى راهێنانە هاوبەشەکانى نێوان بەریتانیا و کوەیت رایگەیاند، بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ هەر گۆڕانکارییەک لەناوچەکەدا کوەیت و بەریتانیا مانۆڕ و راهێنانێکی هاوبەش ئەنجامدەدەن.
بە گوێرەى گوتەکانى فەیسەڵ لە دوێنێوە هێزە سەربازییە هاوبەشەکانیان پێکەوە راهێنان دەکەن و بریاریشە سێ هەفتە بخایەنێت و چەند بوارێک دەگرێتەوە لەوانەش بەکارهێنانى چەکی سوک و مام ماوەند، بەکارهێنانى چەکى نیشانشکێن، ئامێرەکانى گواستنەوەى سەربازیی، درۆن و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و بەکارهێنانى لەنێو شار و شوێنە قەرەباڵغەکاندا.
هەروەها راشیگەیاند، یەکێکى دیکە لە راهێنانەکان روبەڕووبونەوەى تیرۆر و هەڵکوتانە سەر ئەو شوێنانەیە، کە گومانى کۆبوونەوەى تیرۆریستانى تێدایە.
نیل ماریوت، بەرپرسی پاشکۆی سەربازیی لە باڵیۆزخانەى بەریتانیا لە کوەیت و سەرپەرشتیاری راهێنانەکە رایگەیاند، ئەم راهێنانانە پشتیوانى وڵاتى کوەیت دەکات بۆ هەر ئەگەرێکى لەناکاوو پشتڕاستکردنەوەى پەیوەندى لەمێژینە و 125 ساڵەى نێوان هەردوو وڵاتە.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
ئەردۆغان دەڵێت، سەرچاوەکانی تیرۆر بنبڕ دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێی شەری تیرۆرەوە و فرە جەمسەرییانە رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە و سەرچاوە داراییەکانى تیرۆر بنبڕ دەکەین.
ئەردۆغان لەکاتى بەشداریکردنی پێشانگای درۆن لە تورکیا گوتی، لەمڕۆدا زیاتر لە 230 جۆر کەرەستەى بەرگری و درۆنی تورکی بە 185 وڵات دەفرۆشرین. لەمڕۆدا پشت بە کەرەستەکانی خۆمان دەبەستین و هاوکات لەڕێى فرۆشتنى کەرەستەى بەرگرییەوە پارێزگاری لە وڵاتانی هاوپەیمانەکانمان دەکەین.
تورکیا
یەرلیکایا دەڵێت، رێگرییمان لە رووداوی بارمتە گرتن کرد
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی هێرشە چەکدارییەکەى ئەنقەرە بۆ سەر دامەزراوەى هاوبەشی پیشەسازی بۆشایی ئاسمانی و فڕۆکەوانی تورکیا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان و جەندرمە لەپاش 10 خولەک گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و 730 کەس لە هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی رووبەڕووبونەوەى هێرشە چەکدارییەکە کردووە.
یەرلیکایا گوتی، لە ئەگەری دواکەوتنى هێزە ئەمنییەکاندا رووبەڕووی کارەساتی گەورەتر دەبوینەوە بەوەى ئەگەری حاڵەتی بە بارمتە گرتن لەئارادا هەبووە.
ئەو دەڵێت، یەک لە چەکدارەکان لەنێو توالێتدا خۆی حەشارداوە و کاتێک زانیوێتی گەمارۆ دراوە خۆی تەقاندووەتەوە.
میللییەت
جەهەپە لە دژى تیرۆر میتینگ سازدەکات
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەیان وەک هەڵوێست وەرگرتن لەسەر هێرشە چەکدارییەکەی ئەنقەرە و تیرۆر، لە ئیستەنبوڵ میتینگی جەماوەریی لەژێر ناوی مافی ژیان رێکدەخات.
بڕیار بوو ئۆزگور ئۆزال، سەردانی شەش پارێزگای باکووری کوردستان بکات و میتینگی جەماوەری ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی هێرشە چەکدارییەکەى ئەنقەرەوە لە ئامەدی باکووری کوردستان کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا و گەڕایەوە بۆ ئەنقەرە.
یەنیچاخ
سفرەى هەژاران لە تورکیا زیاتر بچوکتر دەبێتەوە
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا پێشبینی دەکرێت رێژەى بەرهەمهێنانى میوەو و سەوزە لە تورکیا 32% کەمتر بێتەوە بەمەش نرخەکات زیاتر بەرزدەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر سفرەى هاوڵاتیان دەبێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە بەرهەمەکانی دیکەش کەمتر دەبنەوە بەروبومە جۆ و دانەوێڵییەکان بە رێژەى 7.1% تاوەکو 18% کەمتر دەبنەوە.
هۆکاری کەمبوونەوەى بەروبومی کشتوکاڵی و رووەکی بۆ قەیرانی ئابووری و دارایی دەگەڕێتەوە، کە گورزێکی کوشندەى لە کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران داوە. لەبارەى بەرهەمە میوەکانیش پێشبینی دەکرێت بەشێوەیەکی گشتیی تاوەکو 30% بەرهەمەکان کەمتر ببنەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ئێران ئامادەیە بۆ جاری سێهەم هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل
ئەحمەد خاتەمی، لە گوتاری نوێژی هەینی لە تاران هۆشداریدا لە ئەگەری هەر چالاکیەکی دوژمنکارانەی ئیسرائیلدا ئێران بۆ جاری سێهەم هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی.
خاتەمی باسی لەو بانگەشانە کرد، کە سەبارەت بە سێ دوورگەی ئێران وروژێنراون و بە بەشێکی دانەبڕاوی ئێرانی زانین کە وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی پشتیوانی لە ئیسرائیل داکۆکی لەم بانگەشانە دەکەن.
ناوبراو داوای لە خەڵک کرد پشتیوانی بەرەی موقاومەت بکەن و پارە و زێڕەکانیان بۆ خەڵکی لوبنان بنێرن.
مەردوم سالاری
تەقینەوەی پیکنیک لە تاران حەوت کەسی بریندارکرد
تەقینەوەی گازی پیکنیک لە فرۆشگایەک لە تاران حەوت کەسی رەوانەی نەخۆشخانە کرد.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی فریاکەوتنی پارێزگای تاران، بریندارەکان چەندین کارمەند و کڕیاری ئەو فرۆشگایەیان لەخۆگرتووە، کە بەهۆی سەختی تەقینەوەکە برینداربوون و دوای رێوشوێنە سەرەتاییەکان لەلایەن پسپۆڕانی فریاکەوتنەوە، ئەو کەسانە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە و باس لەوە دەکرێت کە بارودۆخی بەشێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیان ناجێگیرە.
ئەم رووداوە جەخت لەسەر گرنگی رەچاوکردنی رێوشوێنە سەلامەتییەکان دەکاتەوە لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە لە وەرزی سەرمادا.
ئەفکار
بەکارهێنانی کارەبا سێ هێندە گەشەی کردووە
هۆمایون حائێری بریکاری وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، بەکارهێنانی کارەبا بۆ سێ هێندەی ساڵانی رابردوو زیادیکردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ناهاوسەنگی لە بەکارهێنانی کارەبا و پچڕانی کارەبا پێوەندی بە بڕی بەکارهێنانی سیستەمی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە هەیە.
ناوبراو پلانەکانی بۆ بنیاتنانی توانای نوێ و پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە راگەیاند و هیوای دەربڕی کەرتی تایبەت یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی وزەی خۆر.
ئەسکەناس
ئێران پێشبینی پاییز و زستانێکی گەرم و کەم بارین دەکات
ئەحمەد وەزیفە، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانی کەشوهەوا و وشکەساڵی سەبارەت بە دۆخی بارانبارین و پلەی گەرمی یەکەم مانگی پاییز گوتی، تائێستا بارانبارین سنووردار بووە بە ناوچە و پارێزگا کوێستانییەکان و تێکڕای بارانبارین نزیکەی 38% لە خوارەوەی رێژەی ئاسایی بووە و پلەی گەرماش لەم مانگەدا لە تێکڕای ئاسایی گەرمتر بوو.
وەزیفە ئاماژەی بەوەشکرد، باری بارانبارین و پلەی گەرما بەهۆی بارودۆخی زەریای هێمنه و پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتووشدا بارانبارین کەمتر بێت لە رێژەی ئاسایی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
دوای هاندانی کچێک بۆ خۆکوشتن لەبارەی سەلامەتی سۆشیاڵ میدیاوە هۆشداریی دەدرێت
دوای ئەوەی دەرکەوت کەسایەتییەکی بەریتانی زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسی لە سەرانسەری جیهاندا کردەئامانج لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هۆشداریی دەدرێتە دایک و باوکان لە سەلامەتی بەکارهێنانی ئەو تۆڕانە لەلایەن منداڵەکانیانەوە.
ئەو کەسە نەناسراوە بەناوێکی خوازراوەوە داوای لە رێگەی سناپچاتەوە داوای لە منداڵان کردووە وێنەی تایبەتیی بۆ بنێرن. لە یەکێک لە حاڵەتەکانیشدا دوای خۆ کوشتنی کچێکی تەمەن 12 ساڵان، دەرکەوتووە، کە بەهۆی هەمان کەسەوە خۆی کوشتووە.
گاردیەن
بوودجەی بەریتانیا ژیانی یەک ملیۆن خێزانی هەژاری ئەو وڵاتە بەرەو باشتر دەبات
زیاتر لە ملیۆنێک لە هەژارترین خێزانی بەریتانیا دۆخی ژیانیان باشتر دەبێت و بە تێکڕا ساڵانە بڕی 420 پاوەن لە ساڵانی پێشوو زیاتری بەردەکەوێت، ئەمەش بڕیارە لە یاسای بوودجەی ئەو وڵاتە لە هەفتەی داهاتوودا رابگەیەندرێت.
یاساکە بۆ ئەوە دانراوە سوود بە هەژاترین خێزانەکانی وڵاتەکە بگەیەنێت و کۆتایی بەو رەخنانە دەهێنێت کە لە وەزیرەکان دەگیرێت لەبارەی بڕینی هاوکاریی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ خانەنشینان هاوکاریی ئەو ماڵانەی کە دوو منداڵ یان زیاتریان هەیە.
عەرەب نیوز
خەڵکی غەزە رووبەڕووی تاریکترین کاتژمێری ژیانیان دەبنەوە
فەڵەستینییەکانی غەزە لە ئێستادا بەهۆی توندوتیژییەکانی ئیسرائیلەوە لە تاریکترین کاتژمێرەکانی ژیانیاندا دەژین و ڤۆلکەر تورک، سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات هێرشەکانی ئیسرائیل بگەنە ئەوپەڕی تاوانی دڕندەیی لە ناوچەکەدا.
هاوکات هۆشداریشیدا لە رۆژی هەینیدا 72 هاوڵاتی دیکەی فەلەستینی کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە 150 هەزار کەس کوژراون، بریندار یان بێسەروشوێن بوون.
تایمز
بودجەی بەریتانیا باجی زیاتر دەخاتە سەر شانی خاوەنکارەکان
راشێڵ رییڤس، وەزیری دارایی بەریتانیا، بوودجەیەکی ئامادەکردووە کە تێیدا بیمەی نیشتیمانی سەر خاوەنکارەکان بەڕێژەی 2% زیاتر دەکات کە ئامانج لێی زیادکردنی پاڵپشتییە بۆ کەرتی تەندروستی وڵاتەکەی. بودجەکە بەشێوەیەک دانراوە ئەو باجەی سەر ئەو خاوەنکارانە دانراوە 20 ملیار زیاتر دەبێت بەراورد بە ساڵی رابردوو، باجەکەش تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە لە کەرتی تایبەتدان.