زووم..
سەرچاوەیەک بۆ سکای نیوز عەرەبی ئاشکرای کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیاتر ناوچەکانی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی کردووەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئێران، کە هێرشەکان زیاتر تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمی ئێران، ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا “ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تاران”ی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەندێک لە دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی تەقەی بەرگری ئاسمانییەوە بووە”.
لەلایەکی ترەوە، تۆڕی هەواڵی ئەمریکی ئێن بی سی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە “دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ئێرانی نەداوە”.
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، کە ئیسرائیل “سەرنجی لەسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران بووە، نەک دامەزراوەی دیکە”.
هەروەها تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران باسی لەوە کردووە، کە دۆخی فڕۆکەخانەکانی تاران “ئاساییە”.
جگە لە تاران بە گوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری تارانی پایتەخت و شاری کەرەجی بیستراوە.
لای خۆیشییەوە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کە قۆناغی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتووە، کە هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا”.