زووم..
بەهۆی بارینی بەفر لە چیای کێلەشین لە سنوری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار شاخەوان بێسەروشوێن بوون.
فەخرەدین مام عەلی، بەرپرسی مانگی سووری شنۆ رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە هەواڵی دیارنەمانی ئەو شاخەوانانە بە مانگی سوور راگەیەندرا و هەوڵی دۆزینەوە و رزگارکردنیان دەستی پێکردووە.
تیمەکانی فریاگوزاری و شاخەوانی رەوانەی ناوچەکە کراون، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا پێشکەوتنەکان خاوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەو شاخەوانانە دەستنەکەوتووە.
فەخرەدین مام عەلی جەختی لەوە کردەوە، کە تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا نەگەیشتوونەتە شوێنی شاخەوانە ونبووەکان و ئەگەر بدۆزرێنەوە، زانیاری زیاتر لە رێگەی میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە شنۆ نزیکەی نیو مەتر بەفر باریوە و رێگای هاتووچۆی چەند گوندێکی گرتووە.