زووم..
وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا رایگەیاند، پیاز سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بەکتریای “ئی كولای”ە، کە لە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و ٤٩ کەسی دیکە ژەهراوی بوون.
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، ئەو جۆرەی بەکتریا، کە باسی لێوە دەکرێت دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشییەکی سەخت، کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ ساڵی ١٩٩٣ دەگەڕێتەوە و ئەوکات بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار منداڵ، کە ساندویچی خراپیان خواردبوو.
لەسەر بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانیش، ماکدۆناڵدز لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی ئەو جۆرە ساندویچەیان لە لقەکانی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان لابردووە.
هاوکات ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، لە نێوان 27ـی ئەیلول تا 11ـی ئۆکتۆبەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، ئایۆوا، کانزاس، میزۆری، مۆنتانا، نێبراسکا، ئۆریگۆن، یوتا، ویسکۆنسێن و وایۆمینگ، تووشبوون بەو بەکتریایە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 23 حاڵەت لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ تۆمار کراون، لە دوای ئەویش ویلایەتی نەبراسکا بە 9 حاڵەت وەک دووەم زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە بەکتریاکە لە سەرانسەری وڵاتدا.
نیشانەکانی ئی. کۆلای بریتین لە گرژبوونی توندی گەدە و سکچوون و رشانەوە.