رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سودانی: بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەست حکومەتی عێراقیدایە
حکومەتی عێراقی پێداگریی دەکات، بڕیاری جەنگ و ئاشتی بڕیارێکە لەدەست حکومەتی عێراقی و دەسەڵاتە فەرمییەکانی عێراقدایە و هۆشداریی دەداتە لایەنەکانیش لە چوارچێوەی دەستوور دەرنەچن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوزیرانی عێراق، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ هەندێک لە سەرۆک هۆزەکان و کەسایەتییەکانیان، گوتی، دامەزراوە دەستووری و دەسەڵاتە فەرمییەکانی عێرق بڕیار لە جەنگ و ئاشتی دەدەن و ئەوەی لەو چوارچێوەیە دەربچێت، وەک ئەوە وایە رووبەڕووی دەوڵەت بوبێتەوە، کە پشتی بە هێز و دەستوور و یاساکان بەستووە بۆ جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانی سەرشانی.
ئەم لێدوانانەی سودانی دوای کاتژمێرێک لە ئۆپراسیۆنێکی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی هات، کە رایانگەیاندبوو هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئیسرائیل.
قودسی عەرەبی
تورکیا قوربانییەکانی دەنێژێت و هێرش دەکاتە سەر رۆژاڤای کوردستان و ئۆجالانیش ئامادەی چەکدانانە.
تورکیا درەنگانی دوێنێ قوربانیانی ئەو هێرشەی بەخاکسپارد، کە لە هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەیەکی پیشەسازیی ئاسمانی ئەو وڵاتە، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس.
بەگوێرەی لێکۆڵەرەوە تورکەکان، ناسنامەی هێرشبەرەکان ئاشکراکراون و سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن.
بەر لە چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکە، عەبدوڵا ئۆجالان، رابەری پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە لە زیندانە، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چەکدانان.
دوای هێرشەکەی سەر تورکیا، سوپای تورکیا بە چڕی رۆژاڤای کوردستانی بۆردومان کرد و چەندین کەس بوونە قوربانی.
عەرەبی جەدید
هێرشەکانی ئیسرائیل پێدەخاتە دووەمین مانگییەوە و بەڵێنی هاوکاریش بە لوبنان دەدرێت.
کۆنگرەی پاریس بۆ پاڵشتیکردنی لوبنان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بووە بەڵگەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی بۆ گرەوکردن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری 1701ی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست و لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان.
کۆنگرەکە جەختی لە پشتیوانیی لوبنان کردەوە لە نەکەوتنی دامەزراوە و ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە، پشتیوانییەکەش خۆی لە هاوکاریی گوژمەیەکی دارایی دەبینێتەوە، کە بڕەکەی 800 ملیۆن دۆلارە بۆ هاوکاریی مرۆیی و 200ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ هاوکاریی سوپای لوبنان.
عەرەب
یەکێتی هەوڵدەدات بە شەڕی “هەژماری من” ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا نەیتوانی بە فشار بەدەستی بهێنێت
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا سەرجەم لقەکانی پڕۆژەی هەژماری من لە پارێزگای سلێمانی دابخات، ئەمەش وەک هەنگاوێک هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر لایەنی بەرامبەر کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەری لەدەستیدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی راگەیاندنەکانی سەر بە یەکێتی بڵاویانکردووەتەوە، سەرجەم لقەکانی هەژماری من لە بانکەکانی سلێمانی داخران و لەبری ئەو گرنگی بە پڕۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدەن لەبری بەشداریکردن لەو ئەژمارەی خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی سەرۆکی حکومەتی ئێستا کە مەسرور بارزانییە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەڵێت سوپاکەیان ئامادەیی شەڕکردنی تێدا نییە
جۆن هیڵی وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، هێزەکانیان هیچ ئامادەییەکی شەڕکردنیان تێدانییە. ناوبراو گوتی هێزەکانیان (کەموکووڕییان هەیە و بودجەیان بۆ خەرج ناکرێت).
هۆکاری ئەم کەمتواناییەی سوپا فەرامۆشکردنیەتی لەلایەن حکومەتی پێشووەوە، کەواتە ئەگەر سبەینێ شەڕ بگاتە سەر سنورەکەشی، ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. بۆیە بەریتانیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێ و هاوپەیمانەکانیدا باشتر بکات، لەبەر ئەوەی ئەوان زۆر پێشکەوتوون و کارامەیی و چەکی سەربازیی باشیان هەیە، دەتوانن بەرگری بکەن.
تایمز
پادشای بەریتانیا لەبارەی کلتوری بەکۆیلەکردنی دێرینەوە قسە دەکات
وا چاوەڕوان دەکرێت، پادشای بەریتانیا لە یەکەمین گوتاریدا، کە وەک سەرۆکی رێکخراوی وڵاتانی کۆمنوێڵس قسەبکات، بە کرانەوە و رێزەوە باس لە کێشەیەکی دێرین و کاریگەر بکات، کە ئەویش کێشەی بەکۆیلەکردنە. ئێستا چەندان دەنگ بەرزبوونەتەوە داوادەکەن هەموو زیانمەندەکانی بەکۆیلەکردن قەرەبوو بکرێنەوە. بۆیە چارڵسی سێیەمی پادشای بەریتانیش، کە بڕیارە لەبەردەم نوێنەرانی هەر 56 وڵاتەکەدا گوتارێکی هەبێت، دەبێت لەئاستی ئەو کارەساتە مێژووییەدا رابوەستێت. قسەی لەبارەوە بکات و داوابکات رێگری بکرێت لەوەی جارێکی تر لە سەردەمی نوێدا بەکۆیلەکردنی مرۆڤەکان سەر هەڵبداتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ بە ئەمادەبوونی کێیە ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا، لە ساموا دیدارێکی دیکەی وڵاتانی کۆمنوێڵس بەڕێوەبچێت و تیایدا پادشای بەریتانیاش گوتاری هەبێت.
گەڵف نیوز
ئەو کۆمەکەی لە پاریس بۆ لوبنان کۆکراوەتەوە نزیکبووەتەوە لە ملیارێک دۆلار
جان نوئێل بارۆت وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت لە کۆنفرانسەکەی دوێنێی پاریسدا، کە بۆ کۆمەککردن بە لوبنان رێکخرابوو توانرا 800 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی لوبنان وەک وڵاتەکە کۆبکرێتەوە.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، جیاواز لەو یارمەتییە 200 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ یارمەتیدانی سوپای ئەو وڵاتە تەرخان کراوە. بارۆت لە کۆنفرانسەکەدا قسەی بۆ بەشداران کرد و گوتی ئەمە هەلێکی باشە بەیەکگەشتووین، دەبێت بڕیارێکی باش بدەین، ناکرێت تەنها لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆیی و ئەمنییەکاندا رابوەستین، بەڵکو دەبێت کار لەسەر ئەوەش بکەین چارەسەرێکی دیپلۆماسییانە بۆ کێشەکە بدۆزینەوە، چونکە وەک دەبینن کارەساتەکانی شەڕ لەنێوانی حزبوڵا و ئیسرائیلدا هەر درێژەیان هەیە.
ئۆرشەلیم پۆست
پوتین دەڵێت ئیسرائیل و ئێران رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو لێواری شەڕ دەبەن
نەتانیاهۆش دەڵێت هەموو کەس ئەو مافە بە ئێمە رەوا دەبینێت وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بدەینەوە.
لە دیداری وڵاتانی بریکسدا، کە لە شاری قازانی رووسیا رێکخرا، پوتین بە وڵاتە بەشدارەکانی گوت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووە بە لێواری روودانی شەڕێکی بەرفراوان. هۆکارەکەشی هەڵکشانی توندی ئاڵۆزییەکانی نێوانی ئیسرائیل و ئێرانە. رووبەڕووبونەوەی نێوانی ئەم دوو وڵاتە، گەیشتوە بە قۆناغێکی خراپ، کەوتونەتە وەڵامدانەوەی سەربازییانە بە یەکتری، ئەم جموجوڵانەش ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو لێواری ڕوودانی شەڕێکی فراوان دەبات. پوتین لەکاتێکدا بەمشێوەیە باسی شەڕەکەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد، لە تەنیشتی شی جینپینگی سەرۆکی رووسیاوە دانیشتبوو.
رۆژنامە تورکییەکان
یەینچاخ
نرخی دەرمان گران کرا
لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی دەرمان لەسەر هاووڵاتیان گران کرا. زۆربەى ئەو دەرمانانەى لە تورکیا دەفرۆشرێت لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت بۆیە بەگوێرەى نرخی یۆرۆ نرخەکانیان بەرزدەبێتەوە.
بەرزبوونەوەى بەهای یۆرۆر کاریگەری لەسەر نرخی دەرمان دروست کردووە و لە ئێستادا دەرمان بە رێژەى %23.5 گران بووە.
ئەکشام
دوو هێرشبەرەکەی ئەنقەرە هەدەپە و پەکەکە بوون
لە هێرشە چەکدارییەکەى 23ـی ئەم مانگە بۆ سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە، یەکێک لە هێرشبەرەکان ناوی مینە سەڤجین بووە کە پێشتر لە 2015 بەرپرسی ناوەندی هەدەپە بووە لە جۆلەمێرگ. لە ساڵى 2015 ماوەیەک چووەتە هەرێمی کوردستان و سوریا پاشان گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا. هێرشبەرەکەى دیکەشیان ناوی عەلی ئۆرەک بووە و لەنێو پەکەکەدا راهێنانی هێزی تایبەتی پێکراوە.
ئاکیت
فەتحوڵا گولەن لە ئەمریکا نێژرا
فەتحوڵا گولەن رابەری بزووتنەوەى گولەن لە کێڵگەکەی خۆیدا لە ویلایەتی پەلسیڤانیا نێژرا. شوێنی ناشتنى گولەن ساڵانێکە کۆشکەکەی گولەن و بە ناوەندی بزووتنەوەکە دادەنرێت.
پێشتر گولەن وەسێتی کردبوو تەرمەکەی نەبرێتەوە بۆ تورکیا و لە ئەمریکا بنێژرێت.
ئەڤرەنسەل
کەمترین موچە بە بڕی سەدا 17 بۆ 25 زیاد دەکرێت
گفتوگۆکان لەسەر پەسەندکردنی بودجەى تورکیا بۆ ساڵى 2025 پێش کۆتایی ساڵ یەکلادەکرێتەوە وابڕیارە کەمترین بڕە مووچە لە تورکیا بە رێژەى سەدا 17 بۆ 25 زیادبکرێت. هاوکات هیچ دەنگۆیەک لەسەر زیادکردنی مووچەی خانەنیشینانی تورکیا لەئارادا نییە.