زووم…
رۆژنامەی تایمزی لە بابەتێکیدا باس لە تیۆرییەکی نوێ دەکات کە کاری لەسەر زانینی سەرەتاکانی دەرکەوتنی ماچکردن کردووە، بەڵام ئەو ئەنجامانەی پێی گەشتووە، تامە رۆمانسییەکەی ماچکردنی نەهێشتووە.
بەگوێرەی تیۆرییەکە، چەند ملیۆن ساڵێک پێش ئێستا پێشینانی مرۆڤ یەکتریان بۆ ئەوە ماچکردووە، کە کێچ و ئەسپێ لەنێو مووی لەشی یەکتریدا دەربهێنن.
ئەدریانۆ لامێرا توێژەری بواری دەروونناسیی گەشە لە زانکۆی وارویک بەدوای رەچەڵەکەکانی ماچکردن لەلای مرۆڤدا گەڕاوە، چونکە توێژینەوەیەکی بینیوە باسی لەوەکردووە، کە یەکەمین شوێنەواری تۆمارکراوی ماچکردن لەنێو چەند نووسینێکدا دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و 500 ساڵ پێش زایین.
ئەدریانۆ دەڵێت، سەرەتای هەموو ماچە رۆمانسی و رێزداری و ئیرۆتیکییەکان یەک رەگی هاوبەشیان هەبووە، کە بریتییە لە بەکارهێنانی لێووەکان بۆ سڕینەوە و خاوێنکردنەوەی شوێنێک. ئەم نەریتە تا ئێستا لەلای جۆرە پێشکەوتووەکانی مەیمونەکان ماون، کە بە لێووەکانیان یەکتری لە بوونی کێچ و مێرووەکانی دیکە پاکدەکەنەوە.