زووم…
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی وەڵامى زۆر توندیان دەبێت و کارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە هی ئەوە نییە تاران لەسەری بێدەنگ بێت.
مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەى لوتکەى بریکس رایگەیاند، میدیاکانى ئیسرائیل باس لەوەدەکەن ئامادەکارییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەواوکردووە، “ئەگەر ئیسرائیل ئەو هێرشە ئەنجامبدات وەڵامێکی توندى وامان دەبێت کەس باوەڕنەکات.”
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی، ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە وڵاتانى ناوچەکە لەو جەنگەوە بگلێنێت، ئەو کارانەى ئیسرائیل لە لوبنان و فەلەستین ئەنجامیان دەدات هی ئەوەیە ئێران بێدەنگ نەبێت و هیچ بژاردەیەک لە بەردەم ئێراندا ناهێڵێتەوە وەڵامدانەوەی نەبێت.
لە لایەکى دیکەوە محەمەدی ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوى وزەى ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان ئەوا وەڵاممان وێرانکارانە دەبێت، دەشڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ بەرگریی کردن لە خۆیان.