زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە لایەن حوسییەکانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر 10 هەزار ژنى یەمەنى
رێکخراوێکى ناوخۆیی یەمەن بڵاویکردەوە، حوسییەکان دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر زیاتر لە 10 هەزار ژن و کچى یەمەنى.
چالاکێکیش هەڵمەتێکى ئەلیکترۆنییان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە، بۆ دروستکردنى ناڕەزایەتى گشتى، ئەم هەڵمەتەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژى رابردوودا کیژۆڵەیەکى یەمەنى لە لایەن چەکدارێکی حوسییەوە رفێندرا و دەستدرێژى کرایە سەر.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوى تۆڕی یەمەنى بۆ ماف و ئازادییەکان تائێستا سکاڵاى 10 هەزار و 156 کەس لایان تۆمارکراوە، کە لە لایەن حوسییەکانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، لەو کاتەوەى دەسەڵاتى ئەو وڵاتەیان گرتووەتە دەست.
سەباح
پزشکیان دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران وەڵامى زۆر توندمان دەبێت
مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەى لوتکەى بریکس رایگەیاند، میدیاکانى ئیسرائیل باس لەوەدەکەن ئامادەکارییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەواوکردووە، ئەگەر ئیسرائیل ئەو هێرشە ئەنجامبدات وەڵامی توندى وامان دەبێت کەس باوەڕنەکات.
ئەو دەڵێت، ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە وڵاتانى ناوچەکە لەو جەنگەوە بگلێنێت، ئەو کارانەى ئیسرائیل لە لوبنان و فەلەستین ئەنجامیان دەدات هی ئەوەیە ئێران بێدەنگ نەبێت و هیچ بژاردەیەک لە بەردەم ئێراندا ناهێڵێتەوە وەڵامدانەوە نەبێت.
لە لایەکى دیکەوە محەمەدی ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوى وزەى ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان ئەوا وەڵاممان وێرانکارانە دەبێت.
ئەو رایگەیاند، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ بەرگریی لە خۆیان.
عەرەب
کوردستان لەبەردەم ئەزمونێکى ئاڵۆزدایە بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ
رۆژنامەى عەرەب لە مانشێتى دووەمى راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە ترس لەبەرەى ئێران هەیە، هەرێمى کوردستان بکاتەوە بە دوو ئیدارە لەبەرئەوەى هاوپەیمانەکەى سەرنەکەوتووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى دواى هەڵبژادنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمان هەرێمى کوردستان لەبەردەم تێپەڕاندنى لەمپەرێکى گەورەدایە ئەویش پێکهێنانى کابینەى دەیەم و حکومەتى نوێیە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، هەرچەندە سەرکەوتنى پارتى بەسەر یەکێتى نیشتمانى کوردستاندا نەگەشتووەتە ئەوەى بەتەنها حکومەت پێبهێنێت هێندەى دیکە دۆخەکەى ئاڵۆزکردووە، ئەوە لەکاتێکدا بەبێ یەکێتیش ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، لەبەرئەوەى یەکێتى خاوەنى هێزە و پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و دوو ئیدارەى سەربەخۆی بەدەستەوەیە، لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش مەترسی ئەوەیان خستووەتە روو لەئەگەرى پێکنەهاتندا پێدەچێت حزبەکەى تاڵەبانى پەنا بۆ جیاکردنەوەى سنوورى ژێردەسەڵاتى خۆی ببات یان ئەوە بکاتە هەڕەشەیەک و مەرجێک کە تواناى جێبەجێکردنى نەبێت.
دەستور
خزمەتگوزاریی تەندورستى لە عێراق لە ئاستێکى نزمدایە
پێگەى نۆمبیوى نێودەوڵەتى، کە گرنگی بە بابەتە تەندورستییەکانى جیهان دەدات لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئاستى چاودێریی تەندروستى لە عێراق زۆر نزمە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى ئەو پێگەیە لە ساڵی 2024 دا عێراق لە ریزبەندى 100 وڵاتی جیهانیدا لە خواری 50 هەمینەوەیە و نمرەى 45.9 ـی وەرگرتووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە شەش پێوەر دانراوە بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە کە بریتین لە لێهاتویی کارمەندانى تەندروستى، خێرایی لە نووسینى راپۆرتى پزیشکى، ئامێر و پێداویستییە پزیشکییە نوێیەکان، متمانەى هاووڵاتى بە راپۆرت و دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکان، دڵسۆزیی و خەمخۆریی و دەربڕینى هەستى خۆشویستنى نەخۆش لە لایەن تیمەکانى تەندورستى .
لە راپۆرتەکەدا هاتووە پێوەرەکان بەم شێوەیە تۆمارکراون:
لێهاتویی کارمەندانى تەندروستى43.18%، خێرایی لە نووسینى راپۆرتى پزیشکى42.82%، ئامێر و پێداویستییە پزیشکییە نوێیەکان43.2%، متمانەى هاووڵاتى بە راپۆرت و دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکان 40.8%، دڵسۆزیی و خەمخۆریی بۆ بەدەمەوەچوونى نەخۆش 48.85%، دەربڕینى هەستى خۆشویستنى نەخۆش لە لایەن تیمەکانى تەندورستى 38.22%.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ئێران خۆی بۆ هێرش دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ئامادەکردووە
محەممەد ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، ئامادەکاری بۆ بەرگری و ئەمنیەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئاستێکدایە دەتوانێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکدا بکات و دامەزراوە ئەتۆمییەکان پارێزراون.
ئەو هۆشداریشیدا لەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێکی دوژمن بۆ سەر ئەو دامەزراوانە، وەڵامێکی وێرانکەر چاوەڕێیان دەکات.
مەردوم سالاری
مانگانە نزیکەی یەک ملیۆن مۆبایل بۆ ئێران هاوردە دەکرێت
بەگوێرەی ئاماری گومرگی ئێران لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا شەش ملیۆن و 720 هەزار مۆبایل بە دوو شێوەی بازرگانی و گەشتیاری هاتوونەتە نێو وڵاتەوە.
بەهای ئەم بڕە مۆبایلە نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمساڵ کۆی گشتی هاوردەکردنی مۆبایل بە رێژەی 16% کەمی کردووە.
ئەبرار
حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە ئێران زیادی کردووە
بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانکردنی 303 حاڵەتی تای خوێنبەربوونی لە حەوت مانگی رابردوودا راگەیاند.
فاتمە نیکپوور، پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەکان دەڵێت، 141 لەو نەخۆشانە پێشینەی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات نەبووە و لە ناوچەکانی نزیک کەنداو وەک گواستنەوەی ناوخۆیی دەستنیشانکراون.
هەروەها مێشوولەی ئائێدێس لە سنوورەکانی کەنداو و هەندێک لە پارێزگاکانی باکووری ئێران بینراوە و پێشگرتن لە زیادبوونی حاڵەتەکان پێویستی بە رێوشوێنی تەندروستی بەپەلە هەیە.
ئەفکار
ساڵانە غازگرتوویی لە ئێران گیانی سەدان هاووڵاتی دەستێنێت
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، مەترسی رووداوەکانیش بەهۆی رەچاونەکردنی رێنماییە سەلامەتییەکان زیاد دەکات.
ئامارەکان دەریدەخەن ساڵانە سەدان هاووڵاتی بەهۆی بەکارهێنانی نادروستی ئەو ئامێرانە گیان لەدەستدەدەن.
کۆمپانیای غازی نیشتمانیی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی پابەندبوون بە رێوشوێنی خۆپارێزی سەلامەتی بۆ پێشگرتن لە رووداوەکان پێویستە.
ئەم کۆمپانیایە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئامێری غازی ستاندارد بەکاربهێنرێت و دانانی لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە ئەنجام بدرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
ستامەر دەڵێت، قەرەبووی بەکۆیلەکراوان بکەینەوە، هێندە خەڵک سەرەدەگرێت ئەوسەری دیارنابێت
کێیە ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا پێش دەستپێکردنی دیداری سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمنوێڵس هۆشداریی پێداون، گوتویەتی ئەگەر ئێمە بیر لەوە بکەینەوە قەرەبووی ئەو کەسانە بکەینەوە، کە رۆژگارێک کراون بە کۆیلە، ئەوا لەنێو بەریتانیادا هێندە خەڵک سەرەدەگرێت بۆ قەرەبووکردنەوە، کە ئەوسەری ریزەکەیان دیارنەبێت. بۆیە لەمڕووەوە رایگەیاند نایەوێت گوێ بە ئەو بانگەوازانە بدات. چونکە هەر بەڵێیەک بۆ ئەو داخوازییە بکرێت، هێندە خەڵک و نەتەوە دێن داوای قەرەبووکردنەوە لە بەریتانیا دەکەن، بە ملیاران پاوەند بەشیان ناکات. سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمنوێڵس دەیانەوێت بۆ دیداری داهاتوویان دوو بابەت بخەنە بەر باس یەکیان، قەرەبووکردنەوەی ئەوانەیە کە لە رۆژگارێکدا وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئەوی دیکەیان بریتییە لە تەرخانکردنی بودجە بۆ پاراستنی ژینگە.
تایمز
تیۆرێکی نوێ، بەڵام ناخۆش دەڵێت، ماچکردن لەسەرتاوە بۆ لابردنی کێچ دروستبووە
تیۆرییەکی نوێ بڵاوکرایەوە، کە کاری لەسەر زانینی سەرەتاکانی دەرکەوتنی ماچکردن کردووە، بەڵام ئەو ئەنجامانەی پێی گەشتووە، تامە رۆمانسییەکەی ماچکردنی نەهێشتوە. ئەم تیۆرییە دەڵێت، چەند ملیۆن ساڵێک پێش ئێستا پێشینانی مرۆڤ یەکتریان بۆئەوە ماچکردووە، کە کێچ و ئەسپێ لەنێو موی لەشی یەکتریدا دەربهێنن.
ئەدریانۆ لامێرا توێژەری بواری دەروونناسیی گەشە لە زانکۆی وارویک بەدوای رەچەڵەکەکانی ماچکردن لەلای مرۆڤدا گەڕاوە، چونکە توێژینەوەیەکی بینیوە باسی لەوەکردووە، کە یەکەمین شوێنەواری تۆمارکراوی ماچکردن لەنێو چەند نووسینێکدا دۆزراوەتەوە، کە مێژووی نوسینەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و 500 ساڵ پێش زایین.
ئەدریانۆ دەڵێت، سەرەتای هەموو ماچە رۆمانسی و رێزداری و ئیرۆتیکییەکان یەک رەگی هاوبەشیان هەبووە، کە بریتییە لە بەکارهێنانی لێووەکان بۆ سڕینەوە و خاوێنکردنەوەی شوێنێک. ئەم نەریتە تا ئێستا لەلای جۆرە پێشکەوتووەکانی مەیمونەکان ماون، کە بە لێووەکانیان یەکتری لە بوونی کێچ و مێرووەکانی دیکە پاکدەکەنەوە.
عەرەب نیوز
بلینکن لە ریازە، بۆ گفتوگۆکردن چووە
شا محەمەد بن سەلمان پاشای سعودیە لە ریازی پایتەخت پێشوازیی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
بلینکن رۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە ئەو وڵاتە و دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسە سعودییەکاندا قسەوباس لەبارەی ئەگەرەکانی شیانی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەزە و لوبنانیشدا بکات.
لە 7ـى ئۆکتۆبەری پارەوە، کە شەڕی غەزە دەستیپێکردوە، ئەمە یازدەهەمین جارە بلینکن بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو شەڕە سەردانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ بە بلینکنی گوتووە، ئەوان هەوڵی کوشتنی خۆمیان دا، چۆن دەتوانم ئەمە فەرامۆش بکەم؟
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوت ئێران و حزبوڵا هەوڵی کوشتنی خۆمیان داوە، چۆن بتوانم ئەمە فەرامۆش بکەم. ئەم مەسەلەیە هێندە ئاسان نییە، کە منیش بتوانم هەروا بە ئاسانی فەرامۆشی بکەم. ئەم بابەتە یەکێک بووە لە باسانەی کە لە دیدارەکەی نێوانی بلینکن و نەتانیاهۆدا قسەوباسی لەبارەوە کراوە. گفتوگۆکەیان ماوەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوریەت
کەمینەیەکى ناپاکانە دژ بە ئاشتی
ئەو رۆژەی هەنگاو نرا بۆ ئاشتی، دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر بیلبیلەی پیشەسازی بەرگری ناسراو بە ”توساش” و پێنج کەس کوژران 22 برینداریش هەیە، بڕواکان بەو ئاراستەیەن پەکەکە ئەنجامی دابێت.
رۆژی رابردوو دوو چەکدار، کە یەکێکیان ژنە، لە دوانیوەڕۆوە شۆفێرێکی تەکسی دەکوژن و ئۆتۆمبێلەکەی دەڕفێنن، پاشان دەچنە شارۆچکەی کاهرەمانکازانی ئەنقەرە و لە دەرگای سەرەکی بەردەم توساش (کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمان و بۆشایی تورکیا). لەوێ بە چەکی ئۆتۆماتیکی سەرەتا هێرشیان کردە سەر ئەوانەی لەو کۆمپانیایەوە دێنە دەر، دواتر تەقەیان لە خاڵی پشکنینەکان کرد، کە پۆلیسی لێ بووە. هەردەوای رووداوەکە سەرجەم کارمەندانی کۆمپانیاکە برانە پەناگەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە.
دوای ئەوەی چەکدارە ژنەکە لەگەڵ کارمەندانی ئاسایشدا پێکدادانی چەکداری دروست دەبێت لەنێوانیان، خۆی دەتەقێنێتەوە. چەکداری دووهەم دەست بە تەقە کردنێکی بەردەوام دەکات، دواتر تیمی تایبەت دەچنە شوێنی رووداوەکە.
سەباح
ئەو دەستە چەپەڵانەی هێرش دەکەنە سەر تورکیا دەیانشکێنن
ئەردۆغان کە بۆ بەشداری لە لوتکەی بریکس لەتەرستانە لەبارەی هێرشەکەى سەر توساش رایگەیاند، ئەم هێرشە ناپاکانە مانەوەی تورکیای کردووەتە ئامانج، هەوڵدان بۆ تورکیایەکی سەربەخۆ لە رووی سیستمی ژێرخانی بەرگریەوە کردووەتە ئامانج، میللەتەکەمان با بزانن ئەو دەستە چەپەڵانە دەشکێنین. هیچ گروپێکی شەڕ ناگاتە ئامانج کە خوازیارە ئاسایشمان تێک بدات، هەموو خەباتێکمان دژ بە هەرەشەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.
تورکیا
بۆچی توساش کرایە ئامانج
ئەو کۆمپانیایە شوێنی بەرهەمهێنانی نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی جەنگی کان، هورژێت و هەلیکۆپتەری هێرشبەری ئانکا و ئاتاک بووە. ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی دیکەشی هەیە، تۆ بڵێیی هێرشکردنە سەر ئەم کۆمپانیایە پەیامێک بێت.
جیهان هەمووی ئیدانەی هێرشەکە دەکەن
ئەمریکا: بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەکەین.
نەتەوەیەکگرتووەکان: بەتوندی ئیدانەی دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا بۆ بەرەنگاری.
بەریتانیا: کەوتینە نیگەرانیەکی قوڵەوە بەرامبەر ئەو کارە تیرۆریستیە قێزەونانە.
یەکێتیی ئەوروپا: بەتوندی ئیدانەی هەرجۆرە کردنەوەیەکی تیرۆری دەکەین، ئەوروپا لەگەڵ تورکیا لە پاڵپشتیی بەردەوامدا دەبێت.
ئەندازیارێکی کۆمپانیاکە: هەر لە داخی هەموو لایەک زیاتر فڕۆکە بەرهەمدەهینین.
ئاکشام
رادارێکی بومەلەرزە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات
لە تورکیا سیستەمێک بەناوی ئەدیس دروست کراوە، کە 40 چرکە پێش بومەلەرزەکەی ماڵاتیا خەبەری داوە. سیستمەکە پێش 40 چرکە هەست بە شەپۆلەکان دەکات و لە رێگەی سیستمێکەوە ئاگاداری دەبەخشێتەوە، کە لە 11 شاردا ئەمانە جێگیر کراون و ئێستا چالاکن.