زووم
لاهور شێخ جەنگی گوتارێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی:
لە تانوپۆى ململانێ هەرێمییەکان و ئەو پێشهاتە خێرایانەی بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، لەگەڵ ئەگەری بەرفراوانبوونی بازنەی جەنگی فرەلایەنی بەرەکان، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 چوون بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی پەرلەمانی نوێ.
“دامەزراوە حکومییەکان و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمی کوردستان شەرعیەتیان نەماوە”
هەمووان دەزانن دامەزراوە حکومییەکان و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمی کوردستان شەرعیەتیان نەماوە، لە نەبوونی دامەزراوەیەکی یاسادانانی هاوشێوەی پەرلەمان، ئەمەش واتە پڕۆسەی دیموکراسی کە سیمای بنەڕەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بوو، تا رادەیەکی زۆر پەکی کەوتووە، بۆیە هەڵبژاردن پێویستییەکی حەتمی بوو تاوەکو هەرێمی کوردستان شەرعیەت بگەڕێنێتەوە بۆ تەواوی دامەزراوەکانی و ئەو سیستمە حوکمڕانییەی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ساڵانێکی دوورودرێژە فیفتى بە فیفتییە.
هەڵبژاردن لە ناوجەرگەی ئەو قەیرانانەدا هات کە وەک سێبەرێک باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشا
هەڵبژاردن لە ناوجەرگەی ئەو قەیرانانەدا هات کە وەک سێبەرێک باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشا، لە کاتێکدا رووبەڕووی زۆرێک لە ئاڵنگاریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری دەبێتەوە، دەنگدەر چاوی لە باشتربوونی دۆخی ئابووری و رووبەڕوبوونەوەی ئەو دەستوەردانە دەرەکییانەیە بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان کە رەوتی حوکمڕانی و یەکڕیزی و دامەزراوەییان لە هەرێمی کوردستان خستە مەترسییەوە، هاوکات هەڵبژاردن و چوارچێوەکەی، گرنگییەکی گەورەی هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئاستی بەدیهێنانی پێوەرە سەرەکییەکانی دیموکراسی، لەنێویاندا دەستپاکی و بێگەردییەکەى، داننانی حزبەکان بە ئەنجامەکان، بەتایبەت گۆڕانکاری لەڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە بابەتێکی حەتمییە.
“هەمیشە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن جێی گومان بوون و لە رووی پێوەرەکانی دەستپاکی و بێگەردییەوە لاوازبوون”
هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی قەوارەیەکى دەستوورییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵی و خاوەنی دەسەڵاتێکی خۆجێییە، بەهۆی پەککەوتنی دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێری و ئیفلیجبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە لە لاوازترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت، ئەوە جگە لەو گومانانەی لە دەوری رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکاندا دەسووڕێنەوە، هەرێمی کوردستان، کە بێسەرپەرشتێکی هەمیشەییە، گەلەکەی بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکەدا دابەشکراوە؛عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا. پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمان دامەزراوە ناوخۆییەکانی سەر بە لایەنە سیاسییەکان سەرپەرشتییان کردووە، بۆیە هەمیشە ئەنجامەکان جێی گومان بوون و لە رووی پێوەرەکانی دەستپاکی و بێگەردییەوە لاوازبوون.
“ئەو ئیفلیجییەی بەرۆکی دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێرییان گرتووە بووەتە هۆی پاشەکشەی پرۆسەی دیموکراسی و لەدەستدانی متمانەی زۆرێک لە هاووڵاتیان”
سەرباری هەموو گومانەکان، هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ دەیەیە خاوەنی ئەزموونی دیموکراسییە لە رووی فرەچەشنیی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و فیکرییەوە، ئەمەش تایبەتمەندییەکی سەرەکی و بگرە دەگمەنە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام ئەو ئیفلیجییەی بەرۆکی دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێرییان گرتووە لەم چەند ساڵەی دواییدا بووە هۆی پاشەکشەی پرۆسەی دیموکراسی و لەدەستدانی متمانەی زۆرێک لە هاووڵاتیان بە ئەزموونی سیاسی.
“هەڵبژاردن دەرفەتێکی نایاب بوو بۆ رۆیشتن بەرەو رێگای دیموکراسی و بەردەوامیی سیاسی”
هەربۆیە هەڵبژاردن دەرفەتێکی نایاب بوو بۆ رۆیشتن بەرەو رێگای دیموکراسی و بەردەوامیی سیاسی، ئەوەش لەڕێی گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتی و بەشداریکردنی لە مافی دیموکراسی خۆی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری دڵخوازی، بەتایبەت کە ئەم بۆنە دیموکراسییە لە ئەنجامی دابەشبوون و ناکۆکیی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ دواکەوت، کە بەهۆی دروشم و گوتاری پۆپۆلیستییانەوە وایان کرد بە چەندین بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر پڕۆسەی هەڵبژاردن پەکبخەن.
ئەم فاکتەرانە کۆمەڵێک دەرگایان بە رووی دەستوەردانی دادگای باڵای فیدراڵیدا کردەوە، کە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی لە دوو حزبەکە سەندەوە و رادەستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی کرد، پرۆسەی هەڵبژاردنیش، کە ئەنجامدرا، تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ پچڕاندنی رێگاکان لە بەردەم هەموو پێشێلکاری و ساختەکارییەک.
“هاوپەیمانان هەڵبژاردن بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دەزانن”
لە کاتی شەڕی دژی تیرۆر و کۆمەڵە توندڕەوەکان، هەرێمی کوردستان دۆستایەتیی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکای بەدەستهێنا، کە بەردەوام جەختی لە بەڕێوەبردنی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی گشتی و هەماهەنگیی بنیادنەرانەی نێوان بەغداد و هەولێر کردووەتەوە، تا دەگاتە بەدیهێنانی یەکگرتوویی ناوخۆیی گەورەتر، ئەمە سەرباری هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسیی وڵاتانی هاوپەیمان و هاوڕێ، کە هەڵبژاردن بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دەزانن، هەمیشە گەڕانەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و شەرعیەت و نوێکردنەوەی دەسەڵات و پارێزگاریکردن لە قەوارە دەستوورییەکەی بۆ ئەمریکا گرنگ بووە.
شەرعیەتی راستەقینە تەنها لە دەسەڵاتی گەلەوە سەرچاوە دەگرێت، مێژوو پێمان دەڵێت، هەموو سیستم و فەرمانڕەوایەک جێگرەوەی هەیە، بەڵام گەل جێگرەوەی نییە.
فەرهەنگە سیاسییەکان هەڵبژاردن بە پایەیەکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی بناغەکانی دیموکراسی دادەنێن، تەنانەت لەگەڵ بارودۆخی لەرزۆکی هەرێمی کوردستان و قۆرخکاریی دەسەڵات، هیوادارین هێزە کاریگەر و کاراکان ئەرکی گۆڕینی دیموکراسیی نیمچەچەکداری بەرەو دیموکراسیی مەدەنیی راستەقینە بگرنە ئەستۆ، ئەوەش لەڕێی میکانیزمە بەردەستەکان و هەوڵەکانیان بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، وەک لە بڕگەی 120ـى دەستووری هەمیشەیی عێراقدا دیاریکراوە بۆ رێکخستنی شێوازی ئیداری و حوکمڕانی و رێکخستنی دەسەڵاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
پێویستە کاری لەپێشینەی قۆناغی داهاتووى پەرلەمان، پرۆژەی نووسینەوەی دەستوور بێت، چونکە پڕۆسەی سیاسی ساڕێژ نابێت لەو کەموکورتی و بەربەستە درێژخایەنانەی هەیەتی لە غیابی دەستوورێک، کە رۆڵی دامەزراوە و دەسەڵاتەکان رێکبخات و تێیدا سەروەریی تەواوەتی بۆ یاسا بێت و هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەست بە ئاسایش بکەن، ئامانج لە نووسینەوەی دەستوور پاراستنی هاووڵاتییە، کە گرنگترین ئامانجی پرۆسەی سیاسیی هاوچەرخە، ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی تواناکانی بەشداری و پشتڕاستکردنەوەی بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیان.
بەرپرسیارێتیی هەرەگەورەی سەر شانی پەرلەمانی داهاتوو، دامەزراندنی هیزێکی سەربازیی یەکگرتووە، کە لەجیاتیی بەرژەوەندییە حزبییەکان، پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت، هەمان مەودای لەگەڵ لایەنە سیاسییە کاراکاندا هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا چڕکردنەوەی هەوڵی دامەزراوەکانی یاسادانان بۆ سڕینەوەی کاریگەرییەکانی دوو ئیدارەیی و ئەو دابەشبوونەی لە ئەنجامی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵانی نەوەدەکانی رابردووەوە تائێستاش هەرێمی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت، کە ناسرابوو بە شەڕی براکوژی.
* لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل