زووم، عەرەبی جەدید:
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکوک تەنها چەکی سوکیان لەبەردەستدایە، کە سەرجەمیان کۆنن و ساڵانێکە بەکاردەهێنرێن “بۆیە لەئێستادا توانای روبەڕبوونەوەیان نەماوە و تەنها لەڕێی هێرشی لەناکاو ودانانی بۆسە-ەوە هێرش و پەلامارەکانیان ئەنجامدەدان”.
“هێرش و پەلامارەکانی داعش لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لەپێناو بەدەستهێنانی سەرچاوەی داراییدا بووە، بۆیە لەئێستادا کاریگەرییەکی ئەتۆیان نەماوە و لەزۆربەی ناوچەکانیشدا لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە گەمارۆ دراون و جموجوڵەکانیان سنورداکراون” رۆژنامەکە وای نووسیوە.
دوایین جموجوڵی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکوک، هێرشە لەناکاوەکەی چەند رابردوو بوو، کە چوار سەربازیی عێراقیان لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیر کوشت.
دەستپێکردنەوەی جموجوڵەکانی داعش لە سنوورەکە لایەنە کوردستانییەکانی سوورترکردووە لەسەر گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە، بەتایبەت بۆ نێو کەرکوک.
هێزی پێشمەرگە ئەزمونێکی زۆری هەیە بۆ راوەدوونان و شەڕکردن لەگەڵ داعش
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، دۆخەکە پێویستی بە گەڕانەوەی هێزەکانی پیشمەرگەیە بۆ کەرکوک “دەبێت پێداچوونەوە بە پلان و نەخشە سەربازیی و ئەمنیەکاندا بکرێت”.
هاوکات، عیماد باجەلان ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بەڕۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ باشترین رێگە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش، گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانە “هێزی پێشمەرگە ئەزمونێکی زۆری هەیە بۆ راوەدوونان و شەڕکردن لەگەڵ داعش و تێکشاندنیان”.
لە ئێستادا حەشارگەکانی داعش بەدرێژایی سنورەکانی شار و ناوچە ئازادکراوەکان تاوەکو دەگاتە سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی وردی هێزەکانی سوپای عێراقدان. تەحسین خەفاجی گوتەبێژی هێزەکانی عێراق، بەرۆژنامەکەی گوتووە، سوپا بەردەوامە لەهەڵمەتەکانی لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و دەستگیرکردنی ئەندامانی رێکخراوەکە.
خەفاجی دەڵێت، لەدوای هێرشەکەی داعشەوە رێوشوێنی توند گیراونەتەبەر بۆ رێگرتن لەدووبارەبوونەوەی رووداوێکی لەو شێوەیە.
داعش لەئێستادا هێز و تواناکانی لەدەستداوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان
گوتەبێژی هێزەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشداوە، هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی سوپا و پێشمەرگەدا هەیە بەتایبەت لەناوچەکانی بۆشایی ئەمنی، لەو رێگەیەشەوە دەیان چەکداری داعش کوژراون و ژمارەیەکیشیان دەستیگرکران.
فازیڵ ئەبو رەغیف، شارەزای ئەمنی لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید، رایگەیاندوە، داعش لەئێستادا هێز و تواناکانی لەدەستداوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان و گەورە، بەتایبەت هێرش بۆ ئەنجامدانی تاوانی بەکۆمەڵ و بۆمبڕێژکرن و داگیرکردنی ناوچەکان، “جموجوڵەکانیان تەواو لاواز بوون و لەئێستادا لەهەوڵی ئەوەدایە بوونی خۆی بسەلمێنێت لەڕێی ئەو هێرش و پەلامارە لەناکاوانەوە، لەلایەک ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە تاڵان بکات لەلایەکی دیکەشەوە بڕێک چەک و تەقەمەنی بەدەست بهێنێت”.