لە جەولەى سێیەمى قۆناغى یەکەمى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا، ئەمشەو نۆ یاریى دەکرێن، لە یارى لوتکەى شەوەکەدا، کاتژمێر ١٠ ڕیاڵ مەدریدى ئیسپانى لە یاریگاى سانتیاگۆ بێرنابیۆ میواندارى بروسیا دۆرتمۆندى ئەڵمانى دەکات.
ریاڵ مەدرید هەوڵ دەدات قەرەبووى شکستى جەولەى دووەمى خولەکە بکاتەوە، کە بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر بە لیلى فەڕەنسى دۆڕا، هاوکات دەیەوێت سەرکەوتن بۆ پلەکانى پێشەوەى خولەکە بەدەستبهێنێت، کە لە ئێستادا بە تەنیا سێ خاڵ لە پلەى ١٧یەمدایە.
کارەکەى یانە مەدریدیەکەش ئاسان نییە، لەبەرئەوەى بەرامبەر یانەى پێشەنگى ڕیزبەندى قۆناغەکە یارى دەکات، کە شەش خاڵى بە دوو بردنەوەى لەسەریەک کۆکردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا و لە یارییەکى دیکەدا، پاریس سان جێرمانى فەڕەنسى و ئایندهۆڤنى هۆڵەنداى بەرامبەر بەیەک یارى دەکەن، کە یارییەکەش لە یاریگاى باخچەى شازادەکان لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
پاریس سان جێرمان هاوشێوەى ریاڵ مەدرید لە جەولەى دووەمدا توشى شکست بوو، کە لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر بە ئارسناڵى ئینگلیزى دۆڕا.
هەر بۆیە یانە پاریسیەکە لە بەرامبەر یانە هۆڵەندیەکەدا چاوى لە سێ خاڵى یارییەکەیە، بەتایبەت کە لە یاریگاى خۆیدا و لەبەردەم هاندەرەکانیدا یارى دەکات، هەوڵیش دەدات دۆخى ئێستاى ئایندهۆڤن بقۆزێتەوە، کە هێشتا تامى بردنەوەى نەکردووە و لە دوو یارى ڕابردوودا دۆڕاندنێک و یەکسانبوونێکى تۆمارکردووە.
لە یاریگاى ئیماراتیش لە لەندەنى پایتەختى ئینگلتەرا، ئارسناڵى ئینگلیزى رووبەڕووى شاختار دۆنیتسکى ئۆکرانى دەبێتەوە.
ئارسناڵ دواى بردنەوەکەى بەرامبەر پاریس سان جێرمان، دەیەوێت لەسەر ئەو ئاستەى بەردەوام بێت و دووەم بردنەوەى لەسەریەک تۆماربکات و قەرەبووى جەولەى یەکەم بکاتەوە، کە توشى یەکسانبوون هات.
ئارسناڵ هەوڵیش دەدات بە وریاییەوە یارى لەگەڵ رکابەرەکەیدا بکات، لەبەرئەوەى هێشتا تامى بردنەوەى نەکردووە و تینووە بۆ تۆمارکردنى یەکەم بردنەوە لەم وەرزەى خولەکەدا.
لە یەکێک لە یارییەکانى دیکەى ئەمشەو و هەر لە کاتژمێر ١٠دا، یۆڤانتۆسى ئیتاڵى لە یاریگاى ئەلیانز ستادیۆم، میواندارى شتوتگارتى ئەڵمانى دەکات.
خانمە پیرەکەى ئیتاڵیا یەکێکە لەو حەوت یانەیەى خاڵى تەواویان کۆکردووەتەوە و لە دوو جەولەى ڕابردوودا دوو بردنەوەى لەسەریەکى تۆمارکردووە، هەر بۆیە ئەوەى لە توانایدایە دەیکات بۆ ئەوەى لەسەر ئەو سکەیە لانەدات، بەتایبەت لەم یارییەدا، کە لە یاریگاى خۆى و لە بەردەم هاندەرەکانیدا یارى دەکات.