زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات جەنگی ئیسرائیل بە هەمیشەیی کۆتایی بێت
ئاموس هوکستین نوێنەرى تایبەتى سەرۆکی ئەمریکا بۆ لوبنان رایگەیاند وڵاتەکەى کار بۆ ئەوە دەکات بەشێوەیەکى هەمیشەیی کۆتایی بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بهێنێت، ئەوەش لە رێگەى رێککەوتنێکى هەمەلایەنەوە کە هەمووان کۆک بن لەسەری
بەگوێرەى گوتەکانى ئاموس وڵاتەکەى کار بۆ هەموارکردنەوەى بڕیاری 1701 دەکات کە لە ساڵی 2006 دا دەرکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاى لوبنان. یەکەم هەنگاویش بە دانوستانى راستەوخۆی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەست پێدەکات
سەباح
عێراق بەشداری لە پێشانگاى ساها ئیکسبۆى تایبەت بە پیشەسازیی بەرگری دەکات
زوحا جبوری گوتەبێژی وەزارەتى پیشەسازیی عێراق رایگەیاند وەزارەتەکەیان کار بۆ ئەوەدەکات لە پێشنگا نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە پیشەسازیدا بەشداریی بکات.
بۆ ئەمساڵیش لە پێشانگاى ساها ئیکسبۆی 2024 بەشدار دەبێت کە لە ئەستانبوڵ دەکرێتەوە.
بەگوێرەى لێدوانەکەى گوتەبێژى وەزارەتى پیشەسازیی، دەیەوێت لەو رێگەیەوە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانى بەشداردا دروست بکات بەتایبەتى ئەوانەیان کە لە بوارى پیشەسازیی بەرگرییدا پێشکەوتوون و دواتر لە نێو عێراقدا کارگەناوخۆییەکان پەرە پێبدەن.
دەستوور
عێراق قەبارەى بازرگانى لەگەڵ میسر زیاتر دەکات
ئەسیر غورەیریی وەزیرى بازرگانى عێراق لە کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لە عێراق جەختى لەسەر پەرەپێدانى بازرگانى کردەوە.
بەگوێرەى بەیاننامەیەکى وەزارەتى بازرگانى عێراق پەرەپێدانى بازرگانى لەنێوان میسر و عێراق هەمەلایەنە و گشتگیر دەبێت، ئەوەش لە سەر بنەماى مێژوو نەتەوەو بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد دەنرێت.
باڵیۆزی میسریش جەختى کردووەتەوە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان هەردوو وڵات لەم هەلومەرجەى ئێستادا ناوچەکەى پێدا تێدەپەڕێت زۆر گرنگە بۆ هەردوو وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش لێکتێگەشتنێکیان واژۆکردووە.
عەرەب
هەڵبژاردن کۆتاییهات و هیچ لە رێڕەوى فەمانڕەوایی ناگۆڕێت
رۆژنامەى عەرەب لە مانشێتى دووەمیدا نووسیویەتى ، پارتەکەى بارزانى پێگەى خۆی پاراست و دەرگا بۆ گفتوگۆی لێکتێگەیشتن دەکاتەوە بەمەبەتى پێکهێنانى حکومەتى نوێ.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە هەرچەندە لایەنەکان ململانێیان لەسەر ئەوە دەکرد کە رێڕەوى دەسەڵات و فەرمانڕەوایی لە کوردستان بگۆڕن بەڵام ئەنجامەکان وایدەردەخەن گۆڕانکاری روونادات و بۆ چوار سالی داهاتوو وەک خۆی دەمێنێتەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى ئەوەى گۆانکاریی بەسەردا هاتووە پێشکەوتنى لستى نەوەى نوێیە، کە لە لایەن بازرگانێکەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
رۆژنامەی عەرەب دەڵێت، هەرچەندە دەنگەکانى هیچ لایەک ناکاتە ئەوەى بەتەنها کابینەى دەیەمى حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام پارتەکەى بارزانى زۆرینەى کورسیەکانى بردووەتەوە و لە بیری ئەوەدایە لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە و گفتوگۆبکات بۆ ئەوەى بەزوترین کات حکومەت پێکبهێنن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
زیاتر لە 30% بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران بەفیڕۆدەدرێت
غوڵامڕەزا نوری، وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە بەفیڕۆ دەدرێن.
بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی چاکسازی لە فەرهەنگی بەکاربردن بەتایبەتی لە بواری کەرەستەی هاوردەکراوی وەک شەکر و نەوت، ئەو جەختی کردەوە، ئەم رەوتە جگە لە تێچووی قورس، فشار دەخاتە سەر ئابووری بنەماڵەکان و هەروەها نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.
دەڵێت، پێویستە گرنگی بە سیستەمی ئەخلاقی بدرێت لە کشتوکاڵدا و ئەخلاق رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت و کێشەکانی ژینگەیی و گۆڕانی کەشوهەوا، دەرەنجامی نەبوونی ئەخلاقن.
کەیهان
دەستە شاراوەکانی ئێران لە ئیسرائیل 600 چالاکییان ئەنجامداوە
رۆژنامەی ئیسرائیلی (جرۆسەلام پۆست) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە حەوت هاووڵاتی ئیسرائیلی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران و پێدانی زانیاری لەبارەی بنکە سەربازییەکان دەستبەسەرکراون.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، تۆمەتباران نزیکەی 600 ئەرکیان بۆ ئێران ئەنجامداوە، لەوانە کۆکردنەوەی زانیاری لە شوێنە هەستیارەکانی سەربازی و دەستنیشانکردنی ئامانجە مرۆییەکان.
وادیارە پاڵنەری تۆمەتباران قازانجی داراییە و پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە. پارەدان بە تۆمەتبارەکان لەڕێی نێوەندگیری روسیاوە بووە و دەسەڵاتداران دەیان بەڵگەنامەیان دۆزیوەتەوە.
مەردوم سالاری
پووکانەوەی ئێسک لە نیوەی دانیشتوانی ئێراندا باوە
دکتور فاتمە وەلیزادە، بەرپرسی بەشی نەخۆشییەکانی ماسولکە و ئێسک لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئێران تووشی پووکانەوەی ئێسک یان کەمی کانزاکانی ئێسک بوون.
ئەم نەخۆشییە میتابۆلیکییە پەیوەندی بە پیربوونەوە هەیە، وردە وردە هێز و بەرگەگرتنی ئێسکەکان کەمدەکاتەوە و ئەگەری ناسکییان زیاد دەکات بەشێوەیەک تەنانەت بە لێدانی بچووکیش دەشکێن.
ناوبراو پووکانەوەی ئێسک بە نەخۆشییەکی بێدەنگ وەسف کرد و جەختی کردەوە، هۆشیاری و کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە پێویستیەکی گرنگی ئێستای خەڵکی ئێرانە.
روزگار
زۆرینەی تەلەفۆنەکانی خەڵک بۆ فریاکەوتن، هەراسانکردنە
بابەک مەحمودی، سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاری و مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 540 هەزار پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی مانگی سوورەوە کراوە و 51%ـى ئەو پەیوەندیانە هەراسانکردن بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها 4%ـى پەیوەندییەکان بوونەتە هۆی ئۆپراسیۆنی رزگارکردن و نزیکەی 12%ـى بۆ رێنمایی بووە و پەیوەندییەکانی دیکە لەسەر ئەو بابەتانە بووە کە پەیوەندییان بە مانگی سوورەوە نییە.
مەحمودی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو ژمارەیە بۆ وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی خەڵکە و داواشی لە هاووڵاتیان کرد خۆیان لە پەیوەندی ناپێویست بەم ژمارەیە بەدوور بگرن بۆ ئەوەی لێقەوماوان خێراتر یارمەتی وەربگرن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لە بەریتانیا تاوانباران دەتوانن کاتی سزاکانیان لەنێو ماڵەکانیان تەواوبکەن
لە ئێستادا حکومەتی بەریتانیا کار لەسەر رێکخستنەوە و گەڵاڵەکردنی سیستمی سزاکانی نێو داداگاکانی دەکات. بۆیە بڕیاردراوە تائەوکاتەی ئەو کارکردنانە تەواودەبن سزادراوان بتوانن ماوەی سزا و بەندییەکانیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا بەسەربەرن.
شەبانە مەحمود، وەزیری دادی بەریتانیایە، لەم کاتەدا سەرقاڵی پێداچونەیەوە بە سیستمی سزاکاندا، دەیەوێت بڕیار لەوەبدات داخۆ گەورەترین و قورسترین سزای یاسایی چی بێت، کە بتوانرێت لەبریی زیندانیکردن لە بەندیخانەدا لەپێشچاو بگیردرێت، بۆیە دادوەرەکان بیر لەوەدەکەنەوە تەکنەلۆژیای نوێ لە سزادانی تاوانباراندا بەکاربهێنن.
تایمز
کارگە بچووکەکان گەورەترین زیانیان لە یاسا نوێیەکەی مافی کرێکارانەوە بەردەکەوێت
دەگوترێت لەوانەیە ئەو بەستە یاسا نوێیەی بۆ مافی کرێکاران دانراوە، ساڵانە زیانی چوار ملیار و 500 ملیۆن پاوەند لە ئەو خاوەنکارانە بدات، کە کارگەی بچووکیان هەیە.
هەروەها وا لە نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاریش بکات، کە لەکاتی نەخۆشکەوتنیاندا کەمترین داهاتیان بۆ بگەڕێتەوە. شیکارییەکی ورد لەم بارەیەوە کراوە و دەڵێت، یاسا نوێیەکە زیان لە هەردوو توێژەکە دەدات. کاریگەریەکەی زیاتر بە کارگە و شوێنکارە بچووکەکانەوە دیاردەبێت، ئەوەشی لێ چاوەڕواندەکرێت بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە خاوەنی کۆمپانیاکان نرخی کاڵا و بەرهەمەکانی خۆیان بەرزبکەنەوە.
عەرەب نیوز
عەرەبە ئەمریکییەکان چۆن دەنگ دەدەن؟
رۆژنامەی عەرەب راپرسییەکی لەنێو ئەمریکادا ئەنجامداوە، دەیەوێت بزانێت عەرەبەکانی ئەمریکا دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن. تێیدا بۆی دەرکەوتووە، کە پشتگیریکردن لەمەسەلەی فەلەستین دەبێت بە خاڵی یەکلاکەرەوە لەبڕیاردان لە دەنگەکانی ئەواندا، ئەوانیش دیدگایان وایە ترەمپ بەڕوونی پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات، بەڵام دیموکراتەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەی غەزەدا کاری خراپتریان کردووە.
45%ـى ئەوانەی پرسیاری رایان کراوە دەیانەوێت دەنگ بە ترەمپ بدەن. 39%ـیان وادەزانن ترەمپ دەتوانێت کێشەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکات. 43%ـیان دەیانەوێت دەنگ بە هاریس بدەن، بەڵام 33%ـیان وادەزانن هاریس دەتوانێت کۆتایی بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.
ناوەندی توێژینەوەی ئەو رۆژنامەیە دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبەکان چاوەڕوانی پرۆسەی دەنگدانەکەی مانگی داهاتووی ئەمریکا دەکەن، 87%ـیان دەیانەوێت دەنگ بدەن و مەسەلەی کێشەی فەلەستینیش خاڵی بڕیاردانە لە دەنگەکانیان.
فاینەنشیەڵ تایمز
نرخی زێڕ بەرزە و نائارامییەکانی جیهانیش نرخەکان بەرزتردەکەنەوە
شەڕی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نادڵنیایی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی ئەمریکاوە، پێشبینیکردنی بەرزبوونەوەی رێژەی سوود لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا. هەموو ئەمانە پێکەوە وایانکردوە ئەو ناجێگیرییە لە نرخی زێڕدا دروست ببێت، کە تادێت بەرزتردەبێتەوە. دوێنێ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە بازاڕی لەندەندا گەیشت بە 2740 دۆلار، کە رەنگە ئەم نرخە ببێت بە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەرزبونەوەیەکی زیاتر لە ماوەی ئەمساڵدا، هەندێک پێشبینی باس لەوە دەکەن ئەو نرخە بەرزببێتەوە بۆ 3000 دۆلار.
رۆژنامە تورکییەکان
حوریەت
ئیبلیس مرد، شەڕی دەسەڵات و پارە لە نێو رێکخراوەکە دەستیپێکرد
گولەن، کە رێکخراوێکی دروست کردبوو لەنێو تورکیا و لەڕێی تۆڕەکەیەوە زیانی بە تورکیا دەگەیاند، سەرۆکەکەی لە تەمەنی 83 ساڵیدا گیانیلەدەستدا. هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەسەرەتای رووداوەکەدا گووتی، زانیاریە هەواڵگریەکانمان هەواڵی مردنەکە پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەو (گولەن) کە نەخۆشی شەکرە و کێشەی گورچیلەی هەبوو، لە نەخۆشخانە کە بەشێوەیەکی تەسادوف لە ژووری ژمارە 251 دەمایەوە گیانی لەدەستدا.
لەبارەی مردنەکەیەوە فیدانیش رایگەیاندبوو راستە زانیارییە هەواڵگرییەکان مردنەکەی پشتراست دەکەنەوە، بەڵام ئەمە وامان لێناکات بکەوینە داوی دڵخۆشییەوە و نەرمی بنوێنین لە بەرەنگاری ئەو رێکخراوەدا.
سۆزجو
سەرۆکی جەهەپە گڵۆپی سەوزی بۆ کرانەوەیەکی نوێ هەڵکرد
ئەو دەستەی باخچەلی درێژی کرد بۆ تەوقە، راستە بەڵام ئیحتیاتی خۆشمان دەخەین.
لەمڕۆوە ئۆزگور ئۆزە سەردانی دیاربەکر دەکات و لە شەش رۆژدا شەش پارێزگا لە باکوور دەگەڕێت.
ئۆزگور ئۆزەل لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی دەمیرتاشی کرد. لە کاتی هاتنە دەرەوە قسەی کرد و گوتی،” ئەگەر لەپێناو بەرژەوەندی تورکیا هەنگاوێکی دروست بنرێت، جەهەپە رێگر نابێت. ئەگەر باس لە ئاشتی دەکرێت، ئەوا دەبێت بە هێڵێکی ئەستوور ناوی دەمریتاشی دیاری بکرێت وەک ئەکگەرێکی سەرەکی. هەرچی دەمیرتاشە ئاماژەی بە سەروەریی یاسا کردووە.
بەم گوتانەشی پشتگیری لە کرانەوە کرد .
تورکیا
سکاڵا و بانگەشەکە ئامادەیە
دایکی لەگەڵ مامی و براگەورەکەی کوشتوویانە
نارینی هەشت ساڵ کە لە دیاربەکر کوژرا، لێپێچینەوە لە دۆسیەکە کۆتایی هات، داواکاری گشتی سکاڵایەکەی ئامادە کردووەو داوا دەکات کە دایک و مام و براگەورەکەی زیندانی هەتا هەتایی بکرێن.
قەرار
ئەوە رۆشنبیران نین بڕیار دەدەن لەسەر کاندید بوونی بەڵکو میللەتە
یوسف زیا جۆمەرت نووسەر لە ئەنقەرە هەڤپەیڤینی لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ ئەنجام داوە.
لەبارەی دۆسیەی ”ئەحمەق” کە لەسەری بەرز کراوەتەوە، پرسیار دەکرێت کە ئایا بۆ ئەوەی لەو دۆسیەیەدا سزا نەدرێت دەشێت خۆی بکاتە سەرۆکی جەهەپە، لەبەرامبەردا ئەو دەڵێت،” من ئەوەندە هەلپەرست نیم نابمە رۆژەڤی ئەم پرسە، پارتەکەم سەرۆکی خۆی هەیە. لەو بڕوایەدام من دەستدرێژی دادوەرییم کراوەتە سەر. دەمەوێت ئەو بڕوایەم بپارێزم کە هەمە بە دادگای پێداچوونەوە.
لەبارەی کاندید بوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیمامئۆغڵو دەڵێت، ئەوە بەشێک لە رۆشنبیران و چەند کەسێک نین کە بڕیار دەدەن من کاندید بم یان نا، بەڵکو میللەت بریار دەدات. رەهەندی ئەوەی کە ئایا کاندیدی یان نا لەکەدار بووە، ئەمە ئێمە هیلاک دەکات.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەریی ئیمامئۆغڵو دەڵێت ئەمە ئەگەر ستراتیژیەیەکی هەڵبژاردن بێت و وەک مامەڵە سەیری بکرێت وەڵا با هیچ نەیهێننە سەر مێز، زیان دەگەیەنن بە هەوڵێکی باش تر کردنی سبەینێ . ئەمە پرسی راستی و دروستیییە نەک مامەڵە.