زووم..
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کودستان دەڵێت، پێدەچێت هەڵبژاردنى ئەمجارە نەخشەى سیاسی و حزبی لە کوردستان بگۆڕێت.
دەشڵێت، تائێستا پارتى و یەکێتى بەشێوەیەکى نەریتى و شێوازی کۆن دەستیان گرتووە بەسەر کارى سیاسی و حزبیدا، بەڵام پێدەچێت سبەینێ، کە هەڵبژاردنى گشتى بەڕێوەدەچێت، نەخشەى سیاسی و حزبی لە کوردستان بگۆڕێت، لەبەرئەوەى یەکەمجارە کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکانى کوردستان دەکات و بڕیارە بەیەکچاو سەیری هەمووان بکات و وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
رۆژنامەکە دەشڵێت، هەرێمى کوردستان لە ساڵی 1992ـەوەوە، کە یەکەم هەڵبژاردن کراوە، هاوسەنگى بە هەموو رووەکانەوە لەنێوان یەکێتى و پارتیدا پەیڕەو کراوە، بەڵام بەهۆی دەرکەوتنى هێزی دیکە لەدەرەوەى ئەو دوو حزبە، پێدەچێت گۆڕانکاریی بێتە ئاراوە.
لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە، هۆکارى سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنەکانى کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى کوردستان متمانەى خۆى لەدەستدابوو، بتوانێت لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا بێلایەنى خۆی بپارێزێت.