زووم..
راپۆرتی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت، ملیارێک و 100 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نیوەیان منداڵن.
ئەم راگەیاندنەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەیامێكیاندا هاتووە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئۆکسفۆرد و دەستپێشخەریی پەرەپێدانی مرۆییدا بڵاویان کردووەتەوە. تێیدا تیشکیان خسۆتە سەر رەوشی ژیانی دارایی دانیشتووانی جیهان و گوتویانە ئەو ناوچانەی شەڕ و کوشتاریان تێدایە، تێکڕای هەژارییان سێ هێندەی تێکڕای ناوچەکانی دیکە بەرزە. نیگەرانیی خۆشیان پیشانداوە تەنها لە ساڵی 2023ـدا هێندە شەڕ لە جیهاندا زۆربووە، کە لە مێژووی پاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە بێوێنە بووە.
ئەم رێکخراوانە لە ساڵی 2010ـوە راپۆرتی ساڵانە لەبارەی ئاستی هەژارییەوە ئامادەدەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو جارێک زانیاری لە 112 وڵاتەوە کۆدەکەنەوە، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان سەیری ئاستی دابینبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، خزمەتگوزاریی تەندروستی، کارەبا، کەرەستەی چێشتلێنان، خۆراک، خوێندنی منداڵان دەکەن.
یانچوون ژانگ، بەرپرسی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەرەپێدان دەڵێت، لە ئامارەکەی ساڵی 2024ـدا ئەوە دەبینین، کە وێنەکە هەندێک تەڵخە، چونکە لە ملیارێک زیاتر خەڵک لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، سێبەری شەڕیش کەوتووەتە سەر 455 ملیۆن کەس.