تۆماس توخێل بوو بە راهێنەرى ئینگلتەرا و شانازیش بە وەرگرتنى ئەو پۆستەوە دەکات.
یەکێتى تۆپى پێى ئینگلتەرا رایگەیاند، تۆماس توخێلى ئەڵمانى خاوەنى نازناوى چامپیۆنز لیگ دەبێتە ڕاهێنەرى نوێى هەڵبژاردەى یەکەمى وڵاتەکەى و ئەنتۆنى بارى ئینگلیزیش یاریدەدەرى دەبێت.
یەکێتییەکە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەنجومەنى کارگێڕى هەفتەى ڕابردوو بە بڕیارى گواستنەوەى توخێل و بارى ڕازیبووە و لە هەشتى ئەم مانگەدا گرێبەستەکە لەگەڵ توخێل واژۆکراوە، بەڵام بەهۆى یارییەکانى ئینگلتەرا لە هەفتەى فیفادا ڕاگەیاندنەکەیان دواخستووە.
باسى لەوەشکردووە، لە یەکى کانونى دووەمى 2025دا هەردوو راهێنەرەکە دەستبەکارەکەیان دەکەن، پێش کارەکانى سەرکەوتن بۆ جامى جیهانى 2026 لە ساڵى دواتردا، کە بە هاوبەشى لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشى ئاشکراکرد، لى کارسلى ڕاهێنەرى کاتى هەڵبژاردەى ئینگلتەرا لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت تا کۆتایى هاتنى قۆناغى کۆمەڵەکانى نەیشنز لیگ لە مانگى داهاتوودا، کە دوو یارى یەکلاکەرەوە بەرامبەر یۆنان و کۆمارى ئیرلەندا ئەنجام دەدات، دواتر کارسلى دەبێتەوە بە ڕاهێنەرى تیپى خوار ٢١ ساڵانى ئینگلتەرا.
لە لێدوانێکدا دواى وەرگرتنى پۆستە نوێکەى توخێل ڕایگەیاند، زۆر شانازى بە وەرگرتنى پۆستى راهێنەرایەتى ئینگلتەرا دەکات و پێیوایە وەرگرتنى ئەم پۆستە دەستکەوتێکى گەورەیە و کارکردن لەگەڵ ئەو کۆمەڵە یاریزانە بەهرەمەندە زۆر کاریگەرە.
توخێل گوتى “لە کارەکەماندا لەگەڵ ئەنتۆنى یاریدەدەرم هەموو تواناى خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ سەرکەوتنى ئینگلتەرا و شانازى هاندەرەکانى”.