زووم
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سبەینێ کۆبوونەوەى لوتکەى کەنداو و ئەوروپا بۆ تاوتوێی بابەتە سیاسی و ئەمنییەکان بەڕێوەدەچێت
جاسم بدێوى ئەمینداری گشتى ئەنجومەنى هاریکاریی وڵاتانى کەنداو رایگەیاند، لوتکەى کەنداو- ئەروپا وێستگەیەکى گرنگی مێژووییە بۆ داڕشتنى شەراکەتێکى ستراتیژیی هاوبەش لەنێو وڵاتانی یەکێتى ئەوروپادا سەرەڕای ئاڵنگارییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان.
راشیگەیاند، وابریارە سبەینێ یەکەمین کۆبوونەوەى لوتکەى نێوان وڵاتانى کەنداو و ئەورپا لە برۆکسل بە سەرۆکایەتى هاوبەش بەڕێوەبچێت لە لایەن وڵاتانى کەنداوەوە شێخ تەمیم بن حەمد ئال سانى و وڵاتانى ئەوروپیش لە شارڵ میشێل سەرۆکی ئەنجومەنى ئەوروپى کاروبارەکان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکە دەکەن.
رونیشیکردەوە، کۆبونەوەکە تیشک دەهاتە سەر بابەتە سیاسی و ئەمنى و ئابوورییەکان و چۆنیەتى گەڕاندنەوەى ئاسایش و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕست و هەمووان دید و تێڕوانینى خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو، بابەتى جەنگی فەلەستین و نەهامەتییەکانى لەپێشى هەموو بابەتەکانەوە دەبێت، هەروەها باسی لەوەشکردووە کە کێشەکانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، پەیوەندییە بازرگانییەکان، وەبەرهێنان و هاوکاریکردنى یەکدى لە بوارى وزەدا دەخرێنە بەرباس.
جاسم بدێوى باسی لەوەشکردووە، تیشک دەخێرتە سەر پرۆژەی پێدانى ڤیزاى شنگن بۆ دانیشتوانى وڵاتانى کەنداو، کە بڕیارە لە چەند ساڵى داهاتوودا بەشێوەی ئەلیکترۆنى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
عەرەب
کۆگاکردنى چەکەکانى حزبوڵا لەنێو گەڕەک و ماڵەکاندا خەڵکی بەیروتى توڕە و نیگەرانکردووە
هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر باشوورى لوبنان و سەرەڕاى کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی مەدەنى نیگەرانى و توڕەیی خەڵکی لوبنانى لێکەوتووەتەوە و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەشێوازی جۆراوجۆر کاردانەوەى هەبووە و هەمووشیان کۆکن لەسەر ئەوەى بوونى بارەگا و کۆگاى چەک و تەقەمەنییەکانى حزبوڵا بووەتە هۆکارى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکەکانى لوبنان. لەبەرامبەردا ئەوانەى لایەنگریی لە حزبوڵان کاردانەوەى توندیان هەبووە و لەنێوتۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا و گوتویانە هەرکەسێک لەو بارەیەوە شتێک بڵاوبکاتەوە خائین و خۆفرۆشە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رۆژنامەکانى نیۆرک تایمزی ئەمریکی و تایمزى بەریتانى لە دواى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان نیگەرانى خەڵک لە حزبوڵا زیادیکردووە و بەشێک لە هاووڵاتییانى لوبنانى پێیان وایە ئەو جەنگەى ئێستا بووە بە توشیانەوە جەنگی ئەوان نییە و حزبوڵا هۆکاری هەڵگیرسانەکەیەتى.
قودسی عەرەبی
روانگەیەکى مافی مرۆڤ دەڵێت، ئەوەى لە باکووری کەرتى غەزە لە بۆردومان رزگاری دەبێت لەبرسان دەمرێت
روانگەى ئۆرۆی ناوەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، زیاتر لە 400 هەزار فەلەستینى لە باکووری دۆڵی غەزە لەژێر هەڕەشەى برسییەتى و تینوییەتیدان، ئەمەش دوای ئەو بڕیارەى ئیسرائیل داوییەتى بۆ رێگرییکردن لە گەیشتنى هەر خۆراک و کەلوپەل و پێداویستییەک پێیان.
سوپای ئیسرائیل 10 رۆژی تەواوە هێرشێکی زۆر چڕوپری بۆ سەر باکووری کەرتە ئەنجامدەدات و بەنیازە بە تەواوەتى ئەو بەشەى کەرتەکە چۆڵبکرێت.
راگەیەنراوەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات 10 رۆژی تەواوە نزیکەى 200 هەزار فەلەستینى گەمارۆدراون و هیچ خۆراک و کەلوپەلێکی پیداویستیی سەرەتایی ژیانیان پێنەگەیشتووە.
جەریدە
حزبوڵا هێرشە مووشەکییەکانى چڕکردووەتەوە و ئێرانیش ئاگربەست دەکاتە پێشمەرجی دانوستان
جیهان چاوەڕێی هێرش و وەڵامەکانى ئیسرائیلە بۆسەر ئێران، حزبوڵای لوبنانیش لەم کاتژمێرانەى دواییدا ئیسرائیلی بە مووشەکى بالیستى و درۆنى خۆکوژ بۆردومان دەکات.
ئێرانیش لەسەر زارى وەزیرى دەرەوە عەباس عێراقچی سووربوون و پێداگریی خۆی لە وەستانی هێرش و هەڕەشەکانى ئیسرائیل بۆسەر کەرتى غەزە دووپات دەکاتەوە و دەیکاتە پێشمەرجی هەر دانوستان و گفتوگۆیەک لەگەڵ واشنتن.
رایگەیاندووە، لە ئیستادا هیچ زەمینەیەکى لەبار لە ئارادا نییە بۆ گفتوگۆکردن، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، ئێران لەڕێى وڵاتى سێیەمەوە پەیامى خۆی لەبارەى هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى ئیسرائیلەوە بۆ سەر وڵاتەکەى گەیاندووەتە ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاواش لەگەڵ ئەوەدا نین لەم قۆناغەدا جەنگەکە فراوانتر بکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل هەبێت دنیا رەنگی ئاشتی نابینێت
ئەمیرحوسێن سابتی، نوێنەری خەڵکی تاران لە پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەرلەمانەکان لە جنێڤ گوتى، بوونی ئیسرائیل کە بە ئاپارتاید و فاشیست وەسفی کرد، ئاسایشی جیهانی گۆڕیوە و ئاشتی کردووە بە چەمکێکی خەیاڵی و دەستنەکەوتوو.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە تاوانەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهاکانی وەک ئازادی و مافی مرۆڤ بەهۆی ئەم کردەوانەوە مانای خۆیان لەدەستداوە و گوتی، ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئیسرائیل بوونی هەبێت جیهان ئارام نابێت.
باختەر
200 ملیۆن دۆلار بۆ هێڵی ئاسنیی کرماشان تەرخانکرا
نادر نوورایی، بەرپرسی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، 200 ملیۆن دۆلار لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی بۆ پڕۆژەی هێڵی ئاسنیی کرماشان تەرخانکراوا کراوە.
نورایی گوتی، ئەم پڕۆژەیە جگە لە رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ژێرخانی گواستنەوە، دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لە گەشەپێدانی ئابووری و کشتوکاڵی ناوچەکەدا بگێڕێت و هەلومەرجی باشتر بۆ خەڵکی کرماشان دابین بکات.
ئارمانی ئیمروز
هەناردەی نەوت و غازی ئێران بە رێژەی 50% گەشەی کردووە
لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە هەناردەی نەوت و غاز له ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەم زیادبوونە بەرزترین ئاستی هەناردەی ئێرانە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی.
لە مانگی رابردوودا رۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و 152 هەزار بەرمیل غاز هەناردە کراوە.
ئەمە دەکرێت لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بێت لەسەر کەمکردنەوەی گەمارۆکان بۆ دابەزاندنی نرخی جیهانیی نەوت.

ئەبرار
گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێران کەم بووەتەوە
بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی گەشتە دەرەکییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێران، بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری دەرەکی گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بانگەشەی بۆ زیادکرردنی پرۆژەی گەشتیاری راگەیاند.
موسلیم شوجاعی گوتی، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زۆرترین گەشتیار لە وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، تورکیا و پاکستانەوە هاتوونەتە ئێران و گەشتەکان 25%ـى لەم چوار وڵاتە زیادیان کردووە.
شوجاعی جەختی لەوە کردەوە کێشەکانی ئێستا بابەتی ئەمنین و چاوەڕوانی ئەوەیدەکات ئەم قۆناغە کاتی بێت و بەمزووانە کۆتایی پێبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
هەژاران زانکۆ دەبەنەوە، بەڵام ناتوانن خۆیان تۆمار بکەن
ئەم ساڵ 2.9 ملیۆن خوێندکار چوونە نێو تاقیکردنەوەی بەدەستهێنانی زانکۆوە، لەمانە 1.7 ملیۆنیان هەڵبژاردنی خۆیان کرد، بەڵام 638 هەزاریان خەون و خەیاڵەکانیان دواخست.
ئەو خوێندکارانەی ساڵی رابردوو توانییان پلەکانی زانکۆ بەدەستبهێنن، 26%ـیان ناوی خۆیان تۆمارنەکردووە، رێژەکە 39% زیادی کردووە، 83%ـیان ئەوانەن لە کۆلێژی ئیمام و خەتیبەوە هاتوون.
پسپۆڕان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێرنەوە نرخ و تێچووی خوێندن و خواردن زیادی کردووە و خێزانەکان ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن.
جمهوریەت
جەهەپە راسپاردەی هەبووە لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکى گشتیی جەهەپە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەرکردایەتی حیزبەکەی، ئاماژەی بە ئەگەری هەڵبژاردن کردووەو دەڵێت، کار بکەن لەسەر هاوپەیمانییەکانی تورکیا، هاوکات داوای کردووە لەگەڵ دەنگدەراندا پەیوەندیەکی پتەو ببەستن.
ئەم قسانەش تەنها لە کاتێکی نزیک لە هەڵبژاردنەکان دەکرێت لەلایەن سەرکردەکانەوە.

یەنیشەفەق
پەکەکە چەک فرێدەدات؟
لەئێستا پەکەکە ئابڵوقە دراوە، لەم قۆناغەدا ئەنقەرە بەکەس ناڵێت چەک فرێبدە، هەروەک چۆن رێگری لەو کەسانەش ناکات کە بەنیازن چەک فڕێ بدەن.
باشە ئەی ئەم پرسی چاوپێککەوتنی ئۆجالان و قەندیل چیە؟
چەند ئەگەرێک هەیە، یەکێکیان ئەوەیە پەکەکە هەوڵ دەدات ئەو پەیامەی ئەردۆغان تێکبدات کە باسی لە یەکڕیزی نێوماڵی تورکیا کردبوو.
دەم پارتی هەوڵ دەدات بە ئەنقەرە بڵێت، منیش وەک موخاتیب وەرگرن، یان ئەوەتا گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی جەنگ لە سورییا دەکرێت.
بەڕای ئێوە کام لەم ئەگەرانەیە ؟
ئاکشام
ئەوانەی هەوڵی پێکەوەژیان تێک دەدەن لێیان نابوورین
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا دەڵێت، لەکاتێکدا لە سەر سنوورەکانمان هەر رۆژەی جەنگێک هەڵدەگیرسێت، ناکرێت سیاسەت وەک پێشووتر بەڕێوەبەریت، دەبێت دیالۆگمان لەنێو کایەی سیاسیی زیاتر بکەین. کەشوهەوای نەرمبوونەوەشمان بەمانای ئەوە نایەت چاو دابخەین لەبەرامبەر هەوڵ تێکدەرانەکان. رێگە نادەین هەوڵی تێکدانی ئەو دەستانە بدرێت کە بۆ ئاشتی دەدرێن. هەرگیز رێگە بە تیرۆر نادەین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
هاریس لە نووسینی کتێبەکەیدا نووسینەکانی مارتن لۆسەر کینگی وەک هیی خۆی داناوە
کەمالا هاریس کتێبێکی لەبارەی تاوانەوە نووسیوە. ئەو کتێبەی وەک سەرەتای چوونە نێو کایەی کاری سیاسی بەکارهێناوە. ئێستا تۆمەتی ئەوەی دەدرێتەپاڵ، کە نووسینەکانی مارتن لۆسەر کینگی لە کتێبەکەیدا بەکارهێناوە و وەک نووسینی خۆی دایناون بەبێ ئەوەی باسی لۆسەر کینگ بکات.
دەگوترێت هاریس زیاد لە 12 بەشی کتێبەکەی کینگی لە کتێبەکەی خۆیدا داناوەتەوە.
چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی سەردەمی منداڵیی کینگی بەکارهێناوەتەوە و گوتویەتی ئەمە لە خۆم روویداوە.
ناوەڕۆکی چیرۆکەکە پەیوەندیی بە مافە مەدەنییەکانەوە هەیە. ناونیشانی کتێبەکەی هاریس بریتیە (زیرەکی لە دەستنیشانکردنی تاواندا: رێبەری داواکاری گشتی بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی ئارامتر). سەیر لەوەدایە هاریس چیرۆکێکی دیکەى هاوشێوەی ئەوەی کینگی نووسیوەتەوە و لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستیشدا بڵاویکردووەتەوە.
تایمز
گۆڕانکارییەکی بچووک رێژەی مردن بە نەخۆشیی شێرپەنجەی ملی رەحم بە 40% کەم دەکاتەوە
لە گۆڕانکارییەکی گەورەدا، کە لە کایەی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەی ملی رەحمدا روویداوە، رێژەی مردن بە ئەو نەخۆشییە لەنێو ژناندا دادەبەزێت بۆ 40%.
ئەو توێژینەوە زانستییەی ئەم ئەنجامەی لێ کەوتۆتەوە لە ونیڤێرستی کۆلیج لە لەندەن ئەنجامدراوە. چارەسەرە نوێیەکەش ئاسانە، هەر بریتییە لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی بچووک لە شێوازی پێدانی چارەسەرەکان بە ژنانی تووشبوو بەم نەخۆشییە.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری لانسێتدا بڵاوکراوەتەوە، تێیداهاتوە، کە بۆ ماوەی دەساڵ کار لەسەر 500 نەخۆشی تۆمارکراوی نێو نەخۆشخانەکانی بەریتانیا و چەند وڵاتێک کراوە.
چارەسەری کیمیایی و تیشکی پێکەوە بە نیوەی نەخۆشەکان دراوە، نیوەکەی دیکەشیان شێوازە نوێیەکەی چارەسەرەکەیان پێدراوە. لە ئەمەی دووەمیاندا رێژەی 40%ـى نەخۆشەکان لە مەترسیی مردن رزگارکراون، 30%ـى لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە دەربازبوون.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل رێوشوێنى بۆ ئاگربەستی لوبنان داناوە، بەڵام جارێ بە تەواوی ئامادەنەبووە
ئۆرشەلیم ئاماژە و داواکارییەکانی حزبوڵای بۆ ئاگربەست پێگەشتووە، بەڵام جارێ دەیەوێت چەکدارەکانی ئەو حزبوڵا لاوازبکات. ئیسرائیل لە ئێستادا ئامادەنییە ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵادا رابگەیەنێت، ئەگەرچی سوپای ئەو وڵاتە توانیویانە ئەو هەلومەرجە بڕەخسێنن کە بۆ هاتنەئارای ئاگربەست پێویستن. شەوی دووشەممە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران دیدار و گفتوگۆیەکی ئەمنیی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیاندا ئەنجامداوە، بۆ تاوتوێکردنی وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی حزبوڵا، بەڵام گوتویانە جارێ سوپا بیر لە تۆڵەسەندنەوە لە ئێران دەکاتەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
لەسەر دۆسیەى مردنی کەسێکی چالاکى سیخ، کەنەدا و هیندستان دیپلۆماتەکانی یەکدى دەردەکەن
پۆلیسی کەنەدا دەڵێت، بەرپرسێکی دیپلۆماسیی گەورەی هیندستان لەنێو کەنەدا لە کوشتنی کەسێکی چالاکی سیخییەوە گلاوە. ئەم راگەیاندنە پەیوەندیی نێوانی ئەو دوو وڵاتەی ئاڵۆزکردوە و کاریان گەشتوە بە دەرکردنی باڵوێز و دیپلۆماتەکانی یەکدى.
کاربەدەستێکی باڵای حکومەتی کەنەدی دەڵێت، سانجای کومار ڤێرنا، نێردەی باڵای هیندستان و پێنج کەسی دیکەش لە تیمى کارکردنەکەی پێیانگوتراوە (ئێمە حەزمان لە مانەوەی ئێوە نییە لە کەنەدا). لە وەڵامی ئەمەدا هیندستانیش ستێوارت ویلەری کۆمسیۆنی باڵای کەنەدی و شەش کارمەندی ستافەکەیی لە هیندستان دەرکردوە، کە یەکیان نوێنەری باڵای هەرێمی ئۆتاوایە لە هیندستان.